کاوه‌ گه‌رمیانی له‌ نێوان کام چه‌قۆ‌و کام فیشه‌ک، کام یاساو کام شه‌ریعه‌ت  

وا کاوه‌ گه‌رمیانیش تیرۆر کرا.! گریمان کاوه‌ نییه‌و من یان تۆ یاخود ئێمه‌ بوین، ئه‌وکات چی ده‌بوو.؟؟ دوای هه‌موومان چی‌و دوای ئێمه‌ کێ.!!

 

له‌ ڕاستیدا تیرۆرکردنی کاوه‌کان ته‌نها له‌ده‌ستدانی جه‌سته‌یه‌کی بایۆلۆژی نییه‌ به‌قه‌د ئه‌وه‌ی که‌تیرۆرکردنی فکره‌، ناکۆکیه‌، ململانێیه‌، تیرۆرکردنی ئه‌و قۆناغانه‌یه‌ که‌ بونیاتنانی ژیانی مه‌ده‌نی و دیموکراتی و پێکه‌وه‌ژیان و به‌نیشتیمانبوون و هه‌ڵکشانی بناغه‌ی شارستانیه‌ت تێیا گه‌شه‌ ده‌کات.! ئه‌م حه‌قیقه‌ته‌ش وامان لێده‌کات له‌هه‌رکاتێکدا گوێبیستی تیرۆر ببین، یه‌ک یه‌ک ئه‌و کارو کرده‌وه‌ تیرۆرستیه‌ خوێناویه‌مان دێنه‌وه‌ خه‌یاڵ که‌ له‌قۆناغه‌کانی مێژووماندا بیستوومانن‌و خوێندومانه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت زۆرجار وا هه‌ست ده‌که‌ین خۆمان یان نزیکترین که‌سێک به‌خۆمان تیرۆر کراوه‌.

 

  

تیرۆرکردنی کاوه‌ زیندووبونه‌وه‌و دووباره‌بوونه‌وه‌ی تیرۆرکردنی جه‌مال عیرفان و عه‌بدولخالق مه‌عروف‌و فه‌رهاد فه‌ره‌ج و شاپورو قابیل و عه‌بدولستار تاهیر‌و سۆرانی مامه‌ حه‌مه‌‌و سه‌رده‌شت عوسمان‌ و ئه‌وانی دیکه‌یه‌. تیرۆرکردنی هه‌موو ئه‌و ژنانه‌شه‌ که‌ وه‌ک ئه‌مان بۆ ئازادی هه‌وڵیان داوه‌و له‌جێی فیشه‌ک گڕیان تێبه‌رداون. ئه‌وه‌ی قوربانیه‌کانی ده‌ستی کوشتن و تیرۆر کۆده‌کاته‌وه‌ ته‌نهاو ته‌نها چه‌مکه‌کانی ئازادی بیڕوڕان و هیچی تر، جا ئیتر ته‌مه‌نیان هه‌رچه‌ند بوبێت‌و له‌هه‌ر ڕوقعه‌یه‌کی جوگرافی‌و له‌هه‌ر زه‌مه‌نێکدا ژیابن.! ئه‌وه‌ی له‌ مه‌به‌ست‌و ئامانجه‌کانیشدا جه‌للاده‌کان کۆده‌کاته‌وه‌ ئه‌خلاقێکه‌ پڕ له‌ ڕه‌شۆکی، جا ئیتر چاکه‌ت‌و پانتۆڵیان پۆشیبێت یان سمێڵیان قرتاوو ڕیشیان پاک تاشیبێت. جه‌للاد هه‌ر جه‌للاده‌ که‌ ته‌نها ده‌مامکیان جیاوازه‌،  قوربانیش هه‌ر قوربانیه‌ که‌ ته‌نها ده‌ربڕینیان جیاوازه‌. ئه‌وه‌ی ده‌یانگۆڕێت زه‌مه‌ن‌و شوێن‌و وه‌سیله‌و هۆکاره‌ نه‌ک بیرۆکه‌و ئه‌خلاق‌و مه‌به‌ست‌و ئامانج.

  

 

تیرۆرکردن له‌ نشتیمانه‌که‌ی ئێمه‌دا خه‌ریکه‌ ده‌بێته‌ پرۆسه‌یه‌ک که‌هیچی له‌ جینۆساید که‌متر نه‌بێت. ئه‌و چیرۆکانه‌ی که‌ باس له‌چۆنێتی تیرۆرکردنه‌که‌ی کاوه‌ ده‌که‌ن، به‌ ئێمه‌ نامۆ نین.! بۆ نموونه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئێمه‌ ده‌یانناسین هه‌ر له‌ عه‌بدولخالقه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ کاوه‌، هه‌مان سیناریۆیان هه‌بووه‌، به‌ تاریکی ده‌رکه‌وتوون‌و به‌ بانگکردنێک کۆبوونه‌ته‌وه‌و به‌ ده‌ستڕێژێک کۆتایی هاتووه‌.

 

 

 

با درۆ له‌گه‌ڵ خۆمان نه‌که‌ین.! هه‌موومان ده‌زانین کێ تیرۆر ده‌کاو کێ تیرۆری کردووه‌ به‌ ئه‌خلاق، له‌م نیشتیمانه‌ی ئێمه‌دا هیچ شتێک هێنده‌ی تیرۆرستان ده‌موچاویان که‌شف نییه‌. به‌شوێن هه‌ر شتێکدا بگه‌ڕێیت وێڵ وسه‌رگه‌ردان ده‌بین و تاکه‌ شتێک پیویستی به‌ زه‌حمه‌ت‌و گه‌ڕان نه‌بێت ناسینه‌وه‌ی جه‌للاده‌کانه‌، چونکه‌ زۆر ده‌مێکه‌ وێنه‌‌ ترسناکه‌کانی تیرۆر به‌ڕوونی لای ئێمه‌ نه‌خشه‌کێشن.! ئه‌وه‌ چه‌ند ده‌یه‌یه‌که‌ هه‌ر کێشه‌یه‌ک له‌ڕاگه‌یاندنه‌کاندا هه‌ڵکشانی به‌خۆوه‌ دیبێت به‌شه‌ڕو کوشتن‌و تیرۆر کۆتایی هاتووه‌. ئێمه‌ی ڕه‌خنه‌گر، ئێمه‌ی نوسه‌رو ئێمه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پێناسه‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئایین‌و ئایدۆلۆژیا، به‌هه‌میشه‌یی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆرو تۆقینمان له‌سه‌ر بووه‌. ئێمه‌ ئه‌و که‌سانه‌ین که‌ له‌گه‌ڵ بیستنی ده‌نگی هه‌ر ته‌قه‌مه‌نیه‌کدا ڕاده‌چڵه‌کین‌و وا هه‌ست ده‌که‌ین له‌به‌رامبه‌ر ده‌ربڕینی کۆمه‌ڵێک وشه‌دا مه‌خزه‌نێک فیشه‌ک به‌ڕووی ئێمه‌دا ته‌قێنراوه‌.! کاتێکیش گوێبیستی له‌یه‌کسوینی دوو شت ده‌بین وا هه‌ست ده‌که‌ین ئه‌وه‌ تیژکردنه‌وه‌ی چه‌قۆو هه‌سانه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ر بینینی گه‌نده‌ڵیه‌کدا بۆ دووکه‌رتبوونی سه‌رو گه‌ردنمان له‌یه‌کیان ده‌سوێنن.! ئێمه‌ هه‌ر له‌ دووره‌وه‌ درک به‌ نه‌فه‌سی بکوژ ده‌که‌ین، جه‌للاده‌کان بۆنێکی تایبه‌تیان هه‌یه‌و پێش ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ لامان هه‌ستیان پێ ده‌که‌ین‌، له‌یه‌ک چاوتروکاندا هه‌م جه‌للادو هه‌م قوربانی ده‌بینین. ئه‌و کاتانه‌ی جه‌للاده‌کان له‌سه‌ر شاشه‌ی تیڤیه‌وه‌، یا له‌ مانیشێتی ڕۆژنامه‌کانه‌وه‌، یان له‌ کوچه‌و کۆڵان‌و شه‌قامه‌کانه‌وه‌، یان له‌ماڵ‌و باره‌گاو لانکه‌ موقه‌دده‌سه‌کانه‌وه‌ ده‌رده‌که‌ون، ئیتر به‌م چاوانه‌ی خۆمان چه‌ندین کورته‌ فیلمی تیرۆرکردن‌و چه‌ندین سیناریۆی کوشتن به‌ نێوچه‌وانیانه‌وه‌ ده‌بینین، ئیتر باش تێده‌گه‌ین که‌ ئێمه‌ له‌ ئاست ئه‌واندا چه‌ند بچووکین‌و له‌ چ گۆماوێکی خوێناویدا مه‌له‌ ده‌که‌ین.! ئێمه‌، پێش هه‌موو که‌س‌و پێش هه‌موو پۆلیسێک‌و پێش هه‌موو ئاسایشێک  تیرۆرستان و قوربانیه‌کانی ده‌ستی تیرۆرستان ده‌ناسینه‌وه‌.

 

 

ئێمه‌ هه‌ڵه‌یه‌کی به‌دو زه‌به‌لاح ده‌که‌ین له‌کاتێکدا ده‌زانین کێ کێ تیرۆر ده‌کات، که‌ی‌و بۆچی تیرۆری ده‌کات، به‌ڵام ناوی جیا جیاو پاساوی جیاجیا بۆ کرده‌که‌ بدۆزینه‌وه‌و دابه‌شی پێگه‌کانی گه‌نده‌ڵی‌و سیاسی‌و ئابووری‌و بیروڕاو ده‌سه‌ڵات‌و حزب‌و که‌سایه‌تی بکه‌ین.! تیرۆر هه‌ر تیرۆره‌و جه‌للاد هه‌ر جه‌للاده‌و قوربانیش هه‌ر قوربانییه‌. بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕه‌گ‌و ڕێشه‌ی کرده‌و مه‌به‌سته‌کانی په‌یامی تیرۆر پیویسته‌ بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ بنه‌ما سه‌ره‌کیه‌کانی کرده‌که‌، پێویستیمان به‌ بینینی ئه‌و شوێنه‌یه‌ که‌ ڕه‌گه‌که‌ی لێ ڕواوه‌، پێویستیمان به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌مه‌یه‌ که‌ تیرۆر تێیدا ده‌بێته‌ ئه‌خلاق،

 

بنه‌بڕکردنی تیرۆر به‌وه‌ چاره‌سه‌ر نابێت که‌ ده‌مووچاوو هێزو ده‌سه‌ڵاتی پۆلیس‌و حکومه‌ت‌و به‌رپرسان‌و مافیاکان بگۆڕین، کارێکی له‌م چه‌شنه‌ له‌هیچ شوێنێکی جیهاندا چاره‌سه‌ری نه‌کردووه‌و چاره‌سه‌ریشی ناکات.! چونکه‌ بنه‌بڕکردنی تیرۆر له‌ کۆمه‌ڵگایه‌کدا بنه‌بر ناکرێت له‌سه‌ره‌وه‌و له‌ناو دامه‌زراوه‌  تایبه‌تیه‌کانیدا، وه‌ک په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌کان تیرۆر ڕه‌ت بکه‌نه‌وه‌ به‌ڵام له‌ناو دامه‌زراوه‌ گشتیه‌کانیدا، له‌ناو‌ خێزان‌و له‌ قوتابخانه‌و کۆڵان و شه‌قامه‌کانیشدا، کرده‌ی تیرۆر بکرێته‌ پرۆسه‌یه‌کی په‌روه‌رده‌یی موقه‌دده‌س‌و بودجه‌ی ئه‌قڵی و نه‌قڵی بۆ ته‌رخان بکرێت.!!؟؟

 

گه‌ر ئێمه‌ بمانه‌وێت بنه‌بڕی بکه‌ین ده‌بێت چه‌مکی تیرۆرستی له‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ماندا هه‌ر له‌ بناغه‌وه‌ ڕه‌گوڕیشه‌ی هه‌ڵکێشین.

  

 
ڕێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه 2013-12-08 12:17:00
به‌شی ( ڕه‌نگاوڕه‌نگ ) ئاماده‌کرد ( مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی )



له‌, ڕاستیدا, تیرۆرکردنی, کاوه‌کان, ته‌نها, له‌ده‌ستدانی, جه‌سته‌یه‌کی, بایۆلۆژی, نییه‌, به‌قه‌د, ئه‌وه‌ی, که‌تیرۆرکردنی, فکره‌, ناکۆکیه‌مه‌ریوان, هه‌ڵه‌بجه‌ییکاوه‌, گه‌رمیانی, له‌, نێوان, کام, چه‌قۆ‌و, کام, فیشه‌ک, کام, یاساو, کام, شه‌ریعه‌ت Tags





په‌خشی ده‌نگی ئازاد


مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی
زنجیره‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه.
ڕۆژی 08/17/2017
کاتژمێر 21:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
فاتیح محمود احمد چیرۆکێکی تری محمد
ڕۆژی 08/11/2017
کاتژمێر 23:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
مێژوە خوێناویەکەی قورئان و محمد
ڕۆژی 08/09/2017
کاتژمێر 22:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا