توندوتیژى لە (تەوڕات) دا - لاپەڕە خوێناوییەکانى (موسا و یەشوع)

   توندوتیژیی لە (تەورات)دا.
لاپەڕە خوێناوییەکانی (موسا و یەشوع) وەک نموونە

شازین هێرش

به‌شی یه‌كه‌م:

بڕوادارانی ئاینە ئاسمانییەکان (جولەکە، مەسیحی و موسڵمان) لەو باوەڕەدان کە موسا یەکێکە لە پێغەمبەران و نێردراوانی خودا، و ڕۆڵێکی گرنگی لە چەسپاندنی شەریعەتدا ھەبووە و یەکەم شەریعەتیش کە لە خوداوەندەوە ئاڕاستەی مرۆڤایەتی کراوە لە ڕێی موسای پێغەمبەرەوە بووە، وەک چۆن بە یەکێک لە پێنج پێغەمبەری (ئولولعەزم) دادەنرێت و شەریعەتی بۆ بەنو ئیسرائیل ھێناوە تا لە تاوان و گوناە و بتپەرستی دوور بکەونەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنج و تێڕامانە، ئەم پێغەمبەر و پیاوی خودایە ـ بەپێی دەقە یەھوودیەکان ـ تاوان و کۆمەڵکوژیی ئەنجام داوە، کە ناشێت لە پێغەمبەرێکی خودا بوەشێتەوە وکوڕەکانیان بکوژێت وکچۆڵەکانیشیان بەزیندوویی بھێڵێتەوە (وەک چۆن فیرعەونی میسر ئەنجامی دا) و دەست بەسەر ماڵ و موڵکیاندا بگرێت و فەرھوودیان بکات!

لێرەدا دەخوازم ئاماژەیەک بەم کەسێتییە سادیە بکەم، کە بە چ شێوەیەک ھۆزی (مەدیان) מִדְיָן ی کۆمەڵکوژ کردووە و ژن و کچ و کوڕیانی بە سەروەت و سامانیانەوە تاڵان کردووە و نێرەکانیشانی داوەتە بەر زەبری شمشێر، کە ھەموو ئەمانەشی لە پێناوی ڕازیکردنی دڵی خواوەند "یەھواە" יְהוָה دا بووە، بۆ ئەوەی گەلی ئیسڕائیل باشتر ببنە گەلی ھەڵبژێردراوی "خودا".

لە سەرەتا لە دەقی "تەورات תורה " ە وە دەست دەکەم بە باسی کار و کردەوە دڕاندانەکەی مووسا و پاشان ئەوەی لە کتێبی "تەلمود תלמוד " و "میدراش מדרש " دا ھاتوە باسی دەکەین، ئینجا دێینە سەر ئەو ئایەتانەی "قورئان" کە ئاماژە بەم پیاوە سادی و شەڕخوازە دەکەن و بە بەندەی چاکەکاری خودا وەسفی دەکەن.

یەکێک لەو تاوانە قێزەونانەی کە موسا ئەنجامی داون، کۆمەڵکوژیی ھۆزی مەدیان מִדְיָן بوو، کە پاش ئەوەی چاکە و خزمەتیان کردووە و کچیان داوەتێ، کەچی موسا بە بیانوی داوێنپیسیی ئەو ھۆزە و زیناکردنی کوڕانی ئیسرائیل لەگەڵ کچانی (مەدیان מִדְיָן) کۆمەڵکوژی کردوون. بەپێی کتێبی تەورات، مەدیان מִדְיָן دەچنەوە سەر (مەدیان) ی کوڕی ئیبراھیم، کە لە (قەتوورە) קְטוּרָה ی ژنە جاریەکەی ئیبراھیم پێغەمبەرە:

(پاشان ئیبراھیم گەڕایەوە و ژنێکی ھێنا بە ناوی قەتورە(١). (وشەی مەدیان מִדְיָן یش بە مانای ململانێی و پشێوی دێت، کە ناوی کوڕی چوارەمی ئیبراھیمە لە قەتوورەی ژنی، پاشان کوڕەکانی قەتوورەی نارد بۆ خاکی ڕۆژھەڵات، تاکو لەگەڵ ئیسحاقی کوڕیدا لەسەر میراتی نەبێتە شەڕیان)(٢).

بەڵام نابێت ئەو فەزڵ و چاکەیەی کە ھۆزی "مەدیان מִדְיָן " لەبەرامبەر موسا نواندیان، ئاوا بە زوویی ئەم پێغەمبەری خوایە لە بیر بکردایە و ودەستی نەچوایەتە خوێنی ئەو گەلەوە؟!

جا با بزانین تەورات תלמוד چۆن ئەم سەرگوزەشتەیەمان بۆ باس دەکات:

(کاتێ موسا گەورە بوو، چووە دەرەوە بۆ لای برا جولەکەکانی تا بڕوانێتە ئەو زوڵم و ستەمەی بەرامبەریان دەکرێت، تەماشای کرد پیاوێکی میسری لە پیاوێکی جولەکە دەدات، پاشان سەیرێکی ئەملا ولای کرد، کە زانی کەس دیار نیە ئینجا پیاوە میسرییەکەی کوشت و لە ناو لمدا شاردیەوە. بۆ ڕۆژی دواتر دوو پیاوی جولەکەی بینی شەڕ دەکەن، جا بە پیاوە گوناھبارەکەی گوت بۆ لە براکەت دەدەیت؟ پیاوەکەش گوتی: کێ تۆی کردووە بە پاشا و داوەر بەسەر ئێمەوە، ئایا دەتەوێت بمکوژی، وەک چۆن پیاوە میسرییەکەت کوشت. ئینجا موسا ترسا و گوتی: بێگومان ئەم کارە ئاشکرا بووە. کاتێک فیرعەونیش بە کێشەکەی زانی، ھەوڵی دا موسا بکوژێت، موساش لە دەست فیرعەون ھەڵھات و چووە خاکی مەدیان מִדְיָן ولەوێ لەسەر بیرێک دانیشت، کاھینی مەدیانیش حەوت کچی ھەبوو، ھاتن ئاویان برد بۆ مەڕەکانی باوکیان و لەو کاتەشدا کۆمەڵێک شوان ھاتن و دەریانکردن، موساش فریایان کەوت و مەڕەکانی کاھینی مەدیانی ئاو دا و ئەوانیش ھاتنە لای ڕەعوئیل רְעוּאֵל (یەثروون יִתְרוֹ) ی باوکیان، ئینجا پێی گوتن: ئەوە بۆچی ئەمڕۆ زوو ھاتنەوە؟ کچەکانیش گوتیان: پیاوێکی میسری لەدەست شوانەکان ڕزگاری کردین و مەڕەکانیشی ئاو دا. ئەویش بە کچەکانی گوت: ئەی ئەو پیاوە میسرییە لە کوێیە؟ بۆچی بە جێتان ھێشت؟ بچن بە دوایدا بانگی بکەن با نان بخوات. ئینجا ھاتنە لای و ڕازی بوو بەوەی لایان بمێنێتەوە. کاھینی مەدیانیش کچێکی خۆیی دایێ کە ناوی (ێیففورە) צִפֹּרָה بوو، پاشان کوڕێکی لێبوو.

دوای ئەوەی پاشای میسر مرد، گەلی ئیسرائیل لە ژێر زوڵمی فیرعەوندا دەچەوسێنرانەوە و ھاواریان بۆ خوا دەبرد)(٣).

(موسا بوو بە شوانی مەڕەکانی یەثروون יִתְרוֹ ی (( یەثروون لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا بە شوعەیب بێغەمبەر ناسراوە...نووسەر) خەزوری موسا (کاھینی مەدیان) پاشان مەڕەکانی بردە دەشت و دەر لە نزیک چیای "حۆریب"، جا فریشتەی خوداوەندی لە ئاگرێکدا بۆ دەردەکەوێت کە لە دەوەنێکەوە ھەڵدەستا)(٤).

سەرباری ئەم ھەموو چاکە و مرۆڤدۆستیەی کە ھۆزی مەدیان بەرامبەر موسا نواندیان و کچیان دابێ، کە چی موسا خیانەتی لێکردن و ھەموو نێرینەکانی ئەو خێڵەی کەموو (تووکەبەر) یان ھاتبوو دانیە بەر زەبری شمشێر و کچە گەنجانەکانیشی بەسەر ھێزە بەربەریە ھەمەجیەکەیدا وەک غەنیمەت دابەش کرد [وەک چۆن موحەممەد ھەموو نێرینەکانی ھۆزی بەنی قورەیزەی (ئەوانەی تووکەبەریان ھاتبوو) دایە بەر زەبری شمشێر، کە ژمارەیان ٧٠٠ کەس بوو، پاشان کچە جوانەکانیشیان لە خۆیان مارە کرد].

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە کاتێک لە ھۆکاری ئەو کۆمەڵکوژیەی موسا دەکۆڵیتەوە ئەوا بیانویەکی بێبنەمات بۆ دەھێننەوە کە لە (تەورات תלמוד) دا ھاتووە و دەڵێ: (ژنانی مەدیان پیاوانی جولەکەیان تووشی زینا و داوێنپیسی کرد و ئەمەش بووە ھۆی داوێنپیسی لە ناو جولەکەدا)!

(( لە کتێبی ژمارەکان (سفر العدد במדבר ) دا ھاتووە: (خوداوەند لەگەڵ موسا دوا و گوتی: تۆڵەی بەنو ئیسرائیل لە مەدیانییەکان بکەرەوە و ئینجا دەچیتە پاڵ گەلەکەت (واتە پاش ئەوەش دەمریت). موساش بەھۆزەکەی گوت: لە نێو خۆتاندا کۆمەڵێک پیاو چەکدار بکەن بۆ ئەوەی بچنە سەر مەدیانییەکان و تۆڵەی خوداوەندیان لێ بکەنەوە، لە ھەر ھۆزێک ھەزار کەس لە ھۆزەکانی بەنو ئیسرائیل بۆ جەنگ دەنێرن، کە دوانزە ھەزار کەسە و چەکدار کراون. ئینجا موسا ناردنی بۆ جەنگ لەگەڵ "فێنحاسی کوڕی ئەلیعازەر"ی کاھین. جا شەڕ دژ بە مەدیانییەکان دەستی پێکرد وەک خوداوەند فەرمانی پێکردبوون. گشت نێرینەکانی قەومی مەدیانییەکانیان کوشت، لەگەڵ پاشاکانیان: ئێوی و ڕاقەم و ێورو و حور و ڕیبەع، و بەلعامی کوڕی باعوریشیان بە شمشێر کوشت. جا نەوەی ئیسرائیلیش ژن و منداڵی مەدیانییەکانیان ڕاپێچ کرد و ھەموو ئاژەڵ و و مەڕ و مانگا و ھەموو موڵکەکانیانی تاڵان کردن. ھەموو شار و قەڵاکانیشیان بە ئاگر سوتاند. دەستکەوت و تاڵانیەکەشیان کە پێکھاتبوو لە مرۆڤ و ئاژەڵ، بۆ خۆیان برد. دواتر بە دەستکەوتەکانیانەوە گەڕانەوە لای موسا و ئەلیعازەری کاھین و ڕۆڵەکانی بەنو ئیسرائیل. پاشان موسا لە فەرماندە سەربازییەکان تووڕە بوو. پێی گوتن: ئایا ھەموو کچ و ژنەکانتان ھێشتۆتەوە؟ ئەوان بوون بە قسەی بەلعامیان کرد و بوونە ھۆی ناپاکی بەنوئیسرائیل لەگەڵ خودادا، لەگەڵ باعور، پاشان دەرد و بەڵا لە نێو بەنو ئیسرائیلدا بڵاو بوەوە. ئینجا موسا گوتی: ئێستا ھەموو منداڵە نێرینەکان بکوژن، لەگەڵ ئەو ژنانەی لەگەڵ نێرینەیەکدا جوتبوون و فەسادیان کردووە، بەڵام ھەموو ئەو ژنانەی لەگەڵ پیاوەکاندا جووت نەبوون، بۆ خۆتان بە زیندوویی بیانھێڵنەوە، ئێوەش بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ لە دەرەوەی ئۆردوگاکەدا بن و خۆتان لە گڵاوی پاک بکەنەوە. ھەر کەسێکیش یەکێکی کوشتووە یان دەستی بەر کوژراوێک کەوتووە با لە ڕۆژی سێیەم و حەوتەمدا خۆی پاک بکاتەوە.

دووبارە خوداوەند لەگەڵ موسا دوا و گوتی: تۆ و ئەلیعازەری کاھین و سەرۆکەکانی باوکانی کۆمەڵ، تاڵانییەکان لە خەڵک و ئاژەڵ بژمێرن، تاڵانییەکەش لە نێو ئەو جەنگاوەرانەی بەشداریی جەنگیان کرد بە نیوەیی بەشی بکەن. باجی خوداوەندیش دەربھێنەوە لە بەشی ئەو کەسانەی بەشداریی شەڕیان کردووە، یەک لە پێنج (خمس חומָשים) لە خەڵک و مانگاو گوێدرێژ و مەڕ، لە نیوەی دەستکەوتەکانی ئەوان وەریدەگرن و دەیدەنە ئەلیعازەری کاھین، کە ئەمەش ئەو پیتاکەیە بۆ خوداوەند بەرز دەکرێتەوە، لە نیوەکەی نەوەی ئیسرائیلیش یەک لە پەنجا لە خەڵک و مانگا و گوێدرێژ و مەڕ، لە ھەموو ئاژەڵەکان دەیدەیتە لاوییەکان، کە ڕێوڕەسمی نشینگەی خوداوەند دەپارێزن. کۆی ئەو تاڵانیانەش لەلایەن شەڕکەرەکانی بەنو ئیسڕائیلەوە دەستی بەسەردا گیرا، شەش سەد و حەفتا و پێنج ھەزار مەڕ و حەفتاو دوو ھەزار مانگا و شەش سەد و یەک ھەزار گوێدرێژ بوو، لە مرۆڤیش و لەو ئافرەتانەی لەگەڵ پیاودا جووت نەبوون، سی و دوو ھەزار کەس بوون. جا نیوەکەشی بەشی ئەوانە بوو لە شەڕەکەدا بەشدارییان کردبوو، سێ سەد و سی و حەوت ھەزار و پێنج سەد مەڕ بوو. باجیش بۆ خوداوەند لە مەڕەکان شەش سەد و حەفتا و پێنج بوو، مانگاکانیش سی و شەش ھەزار. باجی خوداوەند حەفتا و دوو بوو، گوێدرێژیش کە سێ ھەزار و پێنج سەد بوو، بەشە باجەکەی خوداوەند شەست و یەک بوو. مرۆڤیش شانزە ھەزار بوو، باجەکەی خوداوەندیش سی و دوو بوو. جا موسا ئەو باجەی کە پیتاکی بەرز کراوە بوو بۆ خوداوەند، دایە ئەلیعازەری کاھین، بەو شێوەیەی خوداوەند فەرمانی بە موسا کردبوو، بەڵام نیوەکەی ئیسرائیل کە موسا بەسەر پیاوانی ئیسرائیلدا بەشی کردبوو سێ سەد و سی و حەوت ھەزار و پێنج سەدسەر مەڕ بوو. مانگاش سی و شەش ھەزار بوو، گوێدرێژیش سێ ھەزار و پێنج سەد بوو. مرۆڤیش شازدە ھەزار بوو. جا موساش لە نیوەکەی نەوەی ئیسرائیل یەک لە پەنجای خەڵک و ئاژەڵی برد و دایە لاوییەکان (ھۆزەکەی موسا) کە ڕێوڕەسمی نشینگەی خوایان دەپاراست، بەو شێوەیەی کە خوداوەند فەرمانی بە موسا کردبوو. ئینجا لێپرسراوانی سوپاکە ھاتن بۆ لای موسا، فەرماندەی ھەزاران و فەرماندەی سەدان بە موسایان گوت: ئێمەی خزمەتکارانت کە بەشداری شەڕمان کرد و لە ژێر دەستماندا بوو، کەسمان لەدەست نەداوە، ئەوەتا قوربانی خوداوەندمان پێشکەش کرد، ھەموو یەکێکیشمان ھەر کەلوپەل و زێڕێکی دەستکەوتووە لە خرخاڵ و ئەنگوستیلە و گوارە و ملوانکە، بۆ کەفارەت کردنمان لەبەردەمی خوداوەند. جا موسا و ئەلیعازەری کاھین زێڕەکەیان لـآ وەرگرتن. ھەمو کەلوپەلێکی دروستکراو، ھەموو زێرێکی پیتاک کراو، کە لە لایەن فەرماندەی سەد و ھەزارەکان بۆ خوداوەند بەرز کرایەوە، شانزە ھەزار و حەوت سەد و پەنجا شاقڵ بوو. بەڵام پیاوانی سوپاکە ئەوەی دەستیان کەوتبوو بووە موڵکی خۆیان. جا موسا و ئەلیعازەری کاھین زێڕەکەیان لە فەرماندەیی ھەزاران و سەدەکان وەرگرت و ھێنایانە ناو چادری ژوانەوە وەک یادگارییەک بۆ نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم خوداوەندا))(٥).

موسای پێغەمبەر گشت کۆمەڵکوژیەکانی ڕاستەوخۆ بە فەرمانی خودا ئەنجام دا و داوای لێکردبوو دوانزە ھەزار چەکدار ئامادە بکات بۆ ئەوەی خاکی مەدیانییەکان داگیر بکات. پاشان لەشکرەکەی ناردە سەر ئەو شارە و ھەرچی نێرینەی تێدا بوو وەک بەرخ لەسەر شەریعەتی خودا سەری بڕین (الذبح على شريعة الله). ئەمە لە کاتێکدا کە ھۆزی مەدیان ھەرگیز بڕوایان نەدەکرد ڕۆژێک بێت و ئەم بێگانانە لە کاتی دەرچوونیان لە میسر و پێشوازی لێکردنیان و خزمەت کردنی موسای بەرپرسی سەربازیان، کە لە کاتی لێقەوماندا پشتیان گرت و کچیان دایێ، ئاوا بە ئاسانی ببێتە ئەو مرۆڤە دڕندە و سپڵەیە و بە خۆی و ھێزە شەڕەنگێزەکەیەوە ھێرشیان بکاتە سەر و کوڕیان بکوژێت و ناموسی کچەکانیشیان ئەتک بکات و ژن و منداڵەکانیان بداتە بەر زەبری شمشێر و ماڵ و حاڵیشیان تاڵان بکات و ھەموو ئاژەڵەکانیشیان بە تاڵان بەرآ و خانووەکانیشیان بە شێوەیەکی ھەمەجیانە و دڕندانە بسوتێنن و وێرانی بکەن.

لێرەدا ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، کە ھەموو پیاوەکانی دانیشتووی مەدیان و ئەوانەی توانای شەڕکردنیان ھەبوو لە ناویان بردن، بەڵام منداڵە نێرینەکان و بەشێک لە ژنەکانیان کە ھەندێکیان کچ بوون بەزیندوویی ھێشتەوە، کاتێکیش سوپاکەی موسا لە جیھادکردن لە پێناوی خودا بەسەرکەوتوویی و بە کۆمەڵێ دیل و دەستکەوت گەڕانەوە، موسا ڕۆیشت بۆ پێشوازی لێکردنیان، کاتێکیش دیلەکانی بینی زۆر تووڕە بوو، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی منداڵە نێرینەکانیان نەکوشتووە! ! ژنەکانیشیان نەکوشتوون! ئینجا موسای خوێنڕێژ و داماڵراو لە ھەموو ئەخلاقێکی مرۆڤایەتی و ویژدانی، بەو پەڕی ھەمەجیەتەوە فەرمانی بە لەشکرەکەیدا گشت منداڵەکان بکوژن!

پاش ئەوەی لە کوشتنی منداڵەکان بوونەوە، تینوێتی بە خوێنی ئەو منداڵە بێتاوانانە نەشکا و داواشی کرد ژنەکانیش بکوژن، بەو بیانوەی بوونەتە مایەی خیانەتکردن لە خودا و کوڕەکانی ھۆزی موسایان تووشی داوێن پیسی و زینا کردووە و خوداش لە تۆڵەی ئەو داوێنپیسییە، بیست و چوارھەزار جولەکەی بە دەرد و نەخۆشی لە ناو برد، بەڵام منداڵەبچووکە مێینەکان بە فەرمانی موسا بە زیندوویی ھێشتیاننەوە و وەک خەڵات و پیشەی باوی پێغەمبەران، بەسەر جەنگاوەرە دلێر و موجاھیدەکانی ڕێگای ھیدایەت دابەشی کردن، کە ژمارەیان سی و دوو ھەزار کەس بوو. پاشان موسا کەوتە سەرژمێریی تاڵانی و دزیەکە و بەسەر عەسابە جیھادییەکاندا دابەشی کردن، وەک پێشتر ژمارەکەیمان گوت و ئەمەش بێجگە لەو بڕە زۆرە لە زێڕ و ملوانکەو چەندین شتی گران بەھای تر، کە موسا بەسەریاندا دابەشی کرد.

جگە لەو ھەموو ئەو تاوانانەی کە مووسا دژ بەھۆزی مەدیان ئەنجامی دان، لەبەرامبەر ھۆزەکەی خۆشیدا ئەوەندە دڵرەق و ویژدان مردوو بووە لە ڕۆژێکدا سآ ھەزار کەسی لە ھۆزەکەی خۆی کوشتووە، بە بیانووی تاوانی گوێرەکەپەرستی (گوێرەکەی سامیری) (کە لە سفری ھۆشەع הושע دا بە ناوی گوێرەکەکەی سامیرە ـ عجل شۆمرۆن ـ עֵגֶל שֹׁמְרוֹן ھاتوە) کە باشتر وایە لە زمانی تەوراتەوە بۆتانی ڕابگوێزم:

((کاتێ گەل بینی موسا لەڕوو داماوە بۆ ھاتنە خوارەوە لە چیاکە، جا لەسەر ھاڕون کۆبوونەوەو پێیان وت: ھەستە، خودایەکمان بۆ دروست بکە لەپێشمانەوە بڕوات، چونکە ئەو موسایەی کە لە خاکی میسرەوە سەری خستین، نازانین چیی لێھات. ھاڕونیش پێی وتن: ئەو گوارە زێڕانەی لە گوێی ژنەکانتان و کوڕەکانتان و کچەکانتانن لێیانبکەنەوەو بۆمیان بھێنن. جا ھەموو گەل ئەو گوارانەی لە گوێیان بوون لێیانکردنەوەو بۆ ھاڕونیان ھێنا. ئەویش لەدەستیانی وەرگرت و بە قەڵەم و چەکوچ وێنەی کێشاو کردی بە گوێرەکەیەکی لەقاڵبدراو، جا بە ئاماژە بە گوێرەکەکە وتیان: ئەوە خوداکەتە ئەی ئیسرائیل، ئەوەی لە خاکی میسرەوە تۆی دەرھێنا. کاتآ ھاڕون بینی، قوربانیگەیەکی لە پێشی دروست کردو بانگەوازی داو وتی: بەیانی جەژنە بۆ خوداوەند. جا بەیانی زوو ھەستان و قوربانی سووتاویان سەرخست و قوربانی ئاشتییان پێشکەش کرد، ئینجا گەل بۆ خواردن و خواردنەوە دانیشتن و پاشان ھەستان بۆ ڕابواردن.

جا خوداوەند بە موسای وت: بڕۆ خوارەوە، چونکە گەلەکەت گەندەڵ بووە، ئەوەی لە میسرەوە سەرتخست. زوو لایاندا لەو ڕێگایەی کە فەرمانم پێکردن، گوێرەکەیەکی لەقاڵبدراویان بۆ خۆیان دروست کردووەو کڕنوشی بۆ دەبەن و قوربانیی بۆ سەردەبڕن و دەڵێن: ئەمە خوداکەتە ئەی ئیسرائیل، ئەوەی لە خاکی میسرەوە سەری خستیت. ھەروەھا خوداوەند بە موسای وت: (تەماشای ئەم گەلەم کرد و ئەوەتا گەلێکی مل ڕەقە. ئێستاش لێمگەڕێَ با تووڕەییم بەسەریاند بێتە جۆش و کۆتاییان پێ بھێنم، تۆش دەکەم بە گەلێکی مەزن. موساش لە خوداوەند خودای پاڕایەوەو وتی: (خوداوەند بۆچی تووڕەییت بەسەر گەلەکەتدا دێتە جۆش، کە لە خاکی میسرەوە بەتوانایەکی مەزن و دەستێکی بەھێزەوە دەرتھێنا؟ بۆچی میسرییەکان بڵێن، بە نیازخراپی دەریھێنان تا لە چیاکان بیانکوژێت و لەسەر ڕووی زەوی نەیانھێڵیت؟ لە جۆشی تووڕەیت بگەڕێوە و پەشیمانبەوە لەوەی خراپە بە گەلەکەت بکەیت. ئیبراھیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی خزمەتکارانت بەبیر بێتەوە کە بەخۆت سوێندت بۆیان خواردو پێیانت وت، نەوەکانتان زۆر دەکەم وەک ئەستێرەکانی ئاسمان و ھەموو ئەم خاکەش کە باسم کرد، دەیدەم بە نەوەکانتان و دەبێتە موڵکیان بۆ ھەتاھەتایە. جا خوداوەند پەشیمان بووەوە لەو خراپەیەی وتی بە گەلەکەی دەیکات.

جا موسا ڕووی وەرگێڕا و لە چیاکە ھاتە خوارەوەو ھەر دوو تەختەی شایەتیەکەش بەدەستیەوە بوو، ئەو تەختانەی لە ھەردوو ڕووەکەی نووسرابوون، لەم لا و لەو لاوە نووسرابوون. تەختەکان دەستکردی خودان و نووسینەکەش نووسینی خودایە لەسەر تەختەکان نەخش کراوە. کاتێ یەشوع گوێی لە دەنگی گەل بوو کە ھەرایان بوو، بە موسای وت: دەنگی جەنگە لە ئۆردوگاکە! ئەویش وتی: (نە دەنگی ھاواری سەرکەوتنە، نە دەنگی ھاواری دۆڕان، بەڵکو دەنگی گۆرانیە، ئەوەی دەیبیستم).

ئەوە بوو کاتێ لە ئۆردوگاکە نزیک کەوتەوە، چاوی بە گوێرەکەو سەما کەوت، تووڕەیی موسا جۆشا و ھەردوو تەختەکەی لە دەستیەوە فڕێ دا و لە خوار چیاکە شکاندنی. ئینجا ئەو گوێرەکەیەی دروستیان کردبوو بردیو سووتاندی و ھاڕی تا بوو بە تۆز و بەسەر ئاوەکەدا بەبای کردو دەرخواردی نەوەی ئیسرائیلی دا. موسا بە ھاڕونی وت: (ئەم گەلە چییان لێ کردووی تا ئەو گوناھە گەورەیەیان بەسەر بھێنی؟ )، ھاڕونیش وتی: (با تووڕەیی گەورەم نەجۆشێ، خۆت ئەم گەلە دەناسی کە لە خراپەدایە. پێیان وتم چەند خودایەکمان بۆ دروست بکە کە لە پێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی لە خاکی میسرەوە سەریخستین نازانین چی لێ ھات. منیش پێم وتن، کێ زێڕی ھەیە با لێی بکاتەوەو بمداتێ، جا فڕێمدایە ناو ئاگرەوەو ئەم گوێرەکەیە دەرچوو). موسا بینی گەل بەڕەڵا کراوە، چونکە ھاڕون بەڕەڵای کردبوون بۆ گاڵتە لەنێو بەرھەڵستکارانیان. ئینجا موسا لە دەروازەی ئۆردوگاکە وەستاو وتی: کێ بۆ خوداوەندە با بێتە لام. جا ھەموو نەوەی لاوی لێی کۆبوونەوە. ئەویش پێی وتن: خوداوەند خودای ئیسرائیل ئاوای وت: با ھەر یەکە شمشێرەکەی بکات بە لاڕانیەوە، تێپەڕنو بگەڕێنەوە دەرگا بە دەرگا لە ئۆردوگاکە، با ھەریەکەو بکوژێت جا برای بێت یان برادەر یان خزم. نەوەی لاویش وایان کرد وەک موسا وتی و ئەو ڕۆژە نزیکەی سآ ھەزار پیاو لە گەل کەوتن. موسا وتی: ئەمڕۆ دەستتان پڕ بکەن بۆ خوداوەند، کە ھەریەکەو بە کوڕەکەی یان بە براکەی، تا بەرەکەتتان بەسەردا بدات.

ئەوە بوو بۆ بەیانی موسا بە گەلی وت: ئێوە گوناھێکی گەورەتان کرد، ئێستا سەردەکەوم بۆ لای خوداوەند، بەڵکو کەفارەتی گوناھەکەتان بکەم. جا موسا گەڕایەوە لای خوداوەندو وتی: ئای کە ئەم گەلە گوناھێکی گەورەی کرد و خودای زێڕیان بۆ خۆیان دروست کرد، ئێستاش لە گوناھیان خۆش بە، ئەگەر نا بمسڕەوە لە کتێبەکەی خۆت کە نووسیووتە. خوداوەندیش بە موسای وت: (ئەوەی گوناھی سەبارەت بە من کردبێت لە کتێبی خۆم دەیسڕمەوە. ئێستاش بڕۆ ڕێبەری گەل بکە بۆ ئەو شوێنەی پێم وتیت، ئەوەتا فریشتەکەم لە پێشتەوە دەڕوات، بەڵام لە ڕۆژی بەسەرکردنەوەم گوناھەکانیان بەسەردەکەمەوە. ئیتر خوداوەند لە گەلی دا لەسەر ئەوەی ئەو گوێرەکەیەیان دروست کرد کە ھاڕون دروستی کرد)) (٦).

جگە لە ھەموو ئەمانەش پیاوێک بەتاوانی کۆکردنەوەی چیلکەو دار لەرۆژی شەممەدا بە بریاری خوداوەند و ((مووسا لەلایەن ھۆزەکەیەوە بەرد باران دەکرێت ودەکوژرێت، چونکە شەریعەتی خودای پیشێل کردووە: دەقەکە دەڵێت: (کاتێ نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانیدا بوون پاوێکیان بینی لەرۆژی شەممەدا داری کۆدەکردەوە، جا ئەو کەسانەی کە بینیان بردیانە بەردەمی موساو ھاروون و ھەموو گەل، پاشان برانە بەندیخانە چونکە ڕانەگەیەنرابوو کە چیان لێبکریت. جا خوداوەند بە مووسای فەرموو: ئەو پیاوە دەبێت بکوژرێت لەدەرەوەی ئۆردوگاگە و ھەموو گەلیش بەردبارانی بکات. جا ھەموو کۆمەل بردیانە دەرەوەو بەردبارانیان کرد تا مرد)) (٧).

پاش ئەم کۆمەڵکوژی وقەسابخانەیەی کە مووسای پەیامبەر بە فەرمانی خوداکەی ئەنجامی دا، دووبارە خودا داوا لە مووسا دەکات کە پەلاماری خاکی بەپیتی ئەو ھۆزانە بدات کە شیرو ھەنگوینی لێدەچۆرَیت و شارەکانیان وێران بکات و نێرینەکانیان و ژن و منداڵ وپیر وپەککەوتەشیان سەربڕێت، کە لێردا ھەندێکیان بەکورتی دەخەینە ڕوو:

((خوداوەند بە موسای وت: بڕۆ لێرە بەرەو ژووربەوە، خۆت و ئەو گەلەی لە خاکی میسرەوە سەرتخستن بۆ ئەو خاکەی "فەلەستین" سوێندم بۆ ئیبراھیم و ئیسحاق و یەعقوب خواردو وتم بە نەوەکەتی دەدەم. فریشتەیەکیش لە پێشتەوە دەنێرم و کەنعانییەکان و ئەمورییەکان و حیتتیەکان و فیرریزیەکان و حوییەکان و یەبوسییەکان ڕادەماڵم. بۆ خاکێک شیرو ھەنگوینی لێ دەچۆرێتەوە)(٨).

((خوداوەند پێی وتم بڕوانە، ئەوا دەستم کرد سیمۆن ‎و خاکەکەی دەدەمە دەستت، دەست بە موڵکداری خاکەکەی بکەیت، جا سیمۆن ‏و ھەموو گەلەکەی دەرچوون بۆ شەڕکردنمان بۆ یاھس، خوداوەند خودامان ھێنانیە بەردەممان‏و ئێمەش لێمان دان لەگەڵ کوڕەکانی‏و ھەموو گەلەکەیو دەستمان بەسەر ھەموو شارەکانی داگرت لەو کاتەوە لەھەموو شارەکان ژن‏ و پیاو و منداڵیشمان قرکردن، بەڵام ماڵاتەکانمان بۆ خۆمان تاڵان کردو دەسکەوتی شارەکانمان برد، لە عەروعیرەوە لەسەر لێواری دۆڵی ئەڕنونەو لەو شارەی لەدۆڵەکەیە تا جلعاد، ھیچ لادێیەک نەبوو لێمان قەدەغە بکرێت، خودامان ھەمووی ھێنایە پێشمان)) (٩).

(دواتر بەڕێکەوتین‏ و ڕێگای باشانمان گرت، ئەوە بوو عوجی میری باشان لەگەڵ ھەموو گەلەکەی بۆ شەڕکردنمان دەرچوو لە ئەزرعی. خوداوەندیش پێی وتم، لێی مەترسە، چونکە خۆی و ھەموو گەلەکەی و خاکەکەیم داوەتە دەستت، جا ئەوەی بە سیمۆنی پاشای ئەموریەکانت کرد کە لەحەشبون نیشتەجێ بوو ئاواش بەو دەکەی. خوداوەند خودامان، عوجی پاشای باشان‏ و ھەموو گەلەکەی دایە دەستمان ‏و لێمان داو یەک کەسیشیان نەمایەوە. دەستیشمان بەسەر ھەموو شارەکانی داگرت لەو کاتە، ھیچ لادێیەک نەمایەوە نەیگرین، شەست شار ھەموو ھەرێمی ئەرجوب پاشایەتی عوج لەباشان، ھەموو ئەوانە شاری بە شوورای بەرز دەور درابووو دەروازەو مەتەریزی ھەبوو، بێجگە لەلادێیەکی گەلێک زۆری بیابان. جا لەھەموو شارێک ژن‏ و پیاو و منداڵمان قڕکردن وەک ئەوەی بەسیمۆنی پاشای حەشبونمان کرد، بەڵام ھەموو ماڵاتەکا‏ن‏و دەسکەوتی شارەکانمان بۆ خۆمان تاڵان کردو، لەو کاتە خاکی پشتی ڕووباری ئوردون لەدۆڵی ئەڕنون تا چیای حەرمون لەدەستی پاشای ئەمورییەکانمان دەرھێنا )) (١٠).

لە چەندین سورەت و ئایەتی قورئانیشدا باس لەمووسای بەناو پێغەمبەر کراوە کەچۆن وەک بەندەیەکی چاکەکار و خوداپەرست باسی دەکرێت: لە (القصص: ٣-٤٤) دا بە دورودرێژی چیرۆکی موسا دەخرێتەڕوو: ھەر لە لەدایکبونیەوە ھەتا کامڵ دەبێت و دەبێتە پێغەمبەر و موعجیزەکانی بەرامبەر فیرعەون: (نَتْلُو عَلَيْكَ مِنْ نَبَإِ مُوسَى وَفِرْعَوْنَ بِالْحَقِّ لِقَوْمٍ يُؤْمِنُونَ... وَأَوْحَيْنَا إِلَى أُمِّ مُوسَى أَنْ أَرْضِعِيهِ فَإِذَا خِفْتِ عَلَيْهِ فَأَلْقِيهِ فِي الْيَمِّ وَلَا تَخَافِي وَلَا تَحْزَنِي إِنَّا رَادُّوهُ إِلَيْكِ وَجَاعِلُوهُ مِنَ الْمُرْسَلِينَ. فَالْتَقَطَهُ آَلُ فِرْعَوْنَ لِيَكُونَ لَهُمْ عَدُوًّا وَحَزَنًا إِنَّ فِرْعَوْنَ وَهَامَانَ وَجُنُودَهُمَا كَانُوا خَاطِئِينَ. وَقَالَتِ امْرَأَةُ فِرْعَوْنَ قُرَّةُ عَيْنٍ لِي وَلَكَ لَا تَقْتُلُوهُ عَسَى أَنْ يَنْفَعَنَا أَوْ نَتَّخِذَهُ وَلَدًا وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ. ...... فَأَخَذْنَاهُ وَجُنُودَهُ فَنَبَذْنَاهُمْ فِي الْيَمِّ فَانْظُرْ كَيْفَ كَانَ عَاقِبَةُ الظَّالِمِينَ... وَلَقَدْ آَتَيْنَا مُوسَى الْكِتَابَ مِنْ بَعْدِ مَا أَهْلَكْنَا الْقُرُونَ الْأُولَى بَصَائِرَ لِلنَّاسِ وَهُدًى وَرَحْمَةً لَعَلَّهُمْ يَتَذَكَّرُونَ. وَمَا كُنْتَ بِجَانِبِ الْغَرْبِيِّ إِذْ قَضَيْنَا إِلَى مُوسَى الْأَمْرَ وَمَا كُنْتَ مِنَ الشَّاهِدِينَ) (القصص: ٣-٤٤).  

ھەروەھا لەئایەتەکانی سورەتی (طە) دا ھاتووە: (إِنِّي أَنَا رَبُّكَ فَاخْلَعْ نَعْلَيْكَ إِنَّكَ بِالْوَادِ الْمُقَدَّسِ طُوًى. وَأَنَا اخْتَرْتُكَ فَاسْتَمِعْ لِمَا يُوحَى. إِنَّنِي أَنَا اللَّهُ لَا إِلَهَ إِلَّا أَنَا فَاعْبُدْنِي وَأَقِمِ الصَّلَاةَ لِذِكْرِي. إِنَّ السَّاعَةَ آَتِيَةٌ أَكَادُ أُخْفِيهَا لِتُجْزَى كُلُّ نَفْسٍ بِمَا تَسْعَى. فَلَا يَصُدَّنَّكَ عَنْهَا مَنْ لَا يُؤْمِنُ بِهَا وَاتَّبَعَ هَوَاهُ فَتَرْدَى. وَمَا تِلْكَ بِيَمِينِكَ يَا مُوسَى. قَالَ هِيَ عَصَايَ أَتَوَكَّأُ عَلَيْهَا وَأَهُشُّ بِهَا عَلَى غَنَمِي وَلِيَ فِيهَا مَآَرِبُ أُخْرَى. قَالَ أَلْقِهَا يَا مُوسَى. فَأَلْقَاهَا فَإِذَا هِيَ حَيَّةٌ تَسْعَى. قَالَ خُذْهَا وَلَا تَخَفْ سَنُعِيدُهَا سِيرَتَهَا الْأُولَى. وَاضْمُمْ يَدَكَ إِلَى جَنَاحِكَ تَخْرُجْ بَيْضَاءَ مِنْ غَيْرِ سُوءٍ آَيَةً أُخْرَى. لِنُرِيَكَ مِنْ آَيَاتِنَا الْكُبْرَى. اذْهَبْ إِلَى فِرْعَوْنَ إِنَّهُ طَغَى. قَالَ رَبِّ اشْرَحْ لِي صَدْرِي. وَيَسِّرْ لِي أَمْرِي. وَاحْلُلْ عُقْدَةً مِنْ لِسَانِي. يَفْقَهُوا قَوْلِي. وَاجْعَلْ لِي وَزِيرًا مِنْ أَهْلِي. هَارُونَ أَخِي...) (طە: ١٢-٣٠).

لە سورەتی (الشعراء) یشدا ھاتووە: (قَالَ فِرْعَوْنُ وَمَا رَبُّ الْعَالَمِينَ. قَالَ رَبُّ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ وَمَا بَيْنَهُمَا إِنْ كُنْتُمْ مُوقِنِينَ. قَالَ لِمَنْ حَوْلَهُ أَلَا تَسْتَمِعُونَ. قَالَ رَبُّكُمْ وَرَبُّ آَبَائِكُمُ الْأَوَّلِينَ. قَالَ إِنَّ رَسُولَكُمُ الَّذِي أُرْسِلَ إِلَيْكُمْ لَمَجْنُونٌ. قَالَ رَبُّ الْمَشْرِقِ وَالْمَغْرِبِ ... فَأَلْقَى عَصَاهُ فَإِذَا هِيَ ثُعْبَانٌ مُبِينٌ. وَنَزَعَ يَدَهُ فَإِذَا هِيَ بَيْضَاءُ لِلنَّاظِرِينَ...) (الشعراء: ٢٣-٣٣).

لە سورەتی (الکھف) یشدا چیرۆکی موسا لەگەڵ کەسێکدا باس کراوە کە قورئان بە بەندەیەکی چاک ناوی دەبات و بە (خضر) ناو دەبرێت: (وَإِذْ قَالَ مُوسَى لِفَتَاهُ لَا أَبْرَحُ حَتَّى أَبْلُغَ مَجْمَعَ الْبَحْرَيْنِ أَوْ أَمْضِيَ حُقُبًا...) (الکھف: ٦٠-٨٢).

ئەمە جگەلەوەی کە لەچەندین وسوورەت و ئایەتی تری قورئاندا باس لەمووساو قەومەکەی دەکات. لە تەفسیرە ئیسلامیەکانیشدا ھەمان باس دووبارە بۆتەوە، بەتایبەتی لە کتێبی (ژیاننامەی پێغەمبەران) ی ئیبن کەسیردا، کەسەرجەم گێڕانەوەکان بەسورەت وئایەتەکانی قورئانیشەوە لە ئەدەبیاتی (تەوراتی תורה ، تەلمود תלמוד ی، میدراش מדרש ) ی جوولەکەو حاخامەکانەوە وەرگیراون. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئیبن کەسیر لە کتێبی (ژیاننامەی پیغەمبەران) دا کۆمەڵکوژیی ھۆزی مەدیان کە کاتی خۆی بەخاوەنانی باخ وباخاتە چڕەکە (أصحاب الأيكة) ناسرابوو، دەکاتە بیانوو بۆ کۆمەڵکوژی ئەو ھۆزە، گوایە باپیرانی ھۆزی مەدیان کافر و و بێباوەر بوون خوداش شوعەیبی بۆ ناردوون و سەرەنجام لەو پیغەمبەرە یاخی دەبن وخوداش شارەکە کاول دەکات!(١١).

لە کۆتاییشدا دەخوازم ئەوە ڕابگەیەنم کە مووسا پیغەمبەر بەو شێوەیەی چیرۆکە یەھودیەکان وێنەی دەکەن بۆمان جگە لەمرۆڤێکی تاوانبار، خوێنڕێژ، کەسێتییەکی ناھاوسەنگ، دڵڕەق و حەسوود کەچاوی بەگەلێکی پێشکەوتووی وەک مەدیان ھەڵنەدەھات وناچار بەژن و منداڵیانەوە کۆمەڵکوژی کردن و کچە ھەرزەکارەکانیشیانی بەسەر ھێزە ھەمەجی و وەحشییەکەیدا دابەش کرد، لەپێناوی ڕازیکردنی دڵی (یەھوە) ی خودایدا. بەڵام مەرج نیە ئەوەی دەقە یەھودیەکان و دەقە ئیسلامیەکان لەبارەی مووساوە باسی دەکەن، دەقێکی مێژووی و بێت زیاتر لەوحیکایەتە ئەفسانەییانە دەچێت کەپیرێژنەکان لەھەموومان زیاتر ئاشنان پێی!! 

٢- یەشوعی کوڕی نون .
بە پشتبەستن بە کتێبە پیرۆزەکان و تەفسیرەکان تیشکێک دەخەینە سەر جەنگاوەریک و پێغەمبەرێک کەناوی "یەشوعی کوڕی نون"ە ، کە لە تەفسیرە ئیسلامییەکاندا بە "یوشع " پێغەمبەر دەناسرێت، ھەر بۆیە لەم سەر گوزەشتە کورتەدا ئاماژە بەو پرۆسە سەربازییە دەکەین کە ئەم پەیامبەرەی جولەکە پێی ھەستاوە و پەیامبەری ئیسلامیش (محمد) وەک کەسێکی پیرۆز لێی دەڕوانێت و خوداش لەبەر گەورەیی و مەزنی ئەم پیاو کوژە (رۆژ لە ئاوابووندا دەوەستێنێت تا ھەموو دانیشتوانی خاکی کەنعان بە ژن و منداڵ و پیر و تەنانەت سەگ و گا و مانگا و مەڕ و پشیلە و سەگیش بکوژێت و ھیچ گیانێکی بە زیندوویی تێدا نەھێڵیتەوە). نابێت ئەوەش لە یاد بکەین کە ئەو کاتەی ئەنفال دەبێتە پڕۆسەیەکی ئیلاھی و ئاسمانی، ئەوا لە سەردەمی ئەم پەیامبەرە واتە "یەشوع" دەگاتە چڵەپۆپەی، ھەر بۆیە دیل کردنی ژن و منداڵ، وێرانکردنی شوێنی نیشتەجێ بوون و ژینگە لەسەر دەستی ھەمان پەیامبەر ئەنجام دراوە، ئەوانەش تا ئێستا لەسەر ئەنفال دەنوسێن و دەدوێن بێ ئاگان لەوەی کە ئەم پرۆسەیە لە سەردەمی ئەم پەیامبەرە پڕاکتیزە کراوە و لە ئەدەبیاتی جولەکەوە گواستراوە و بۆتە ئەخلاقێکی باوی سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامی و ھەڵگرتنی شوێن پێی ئەم پەیامبەرەی جولەکەیە کە لەئەدەبیاتی ئیسلامی و سیرەی ژیانی پەیامبەراندا گرنگی زۆری پێدراوە. لێرەدا ھەوڵدەدەین بە کورتی ھەندێ لەو پرۆسە کۆکوژی و جینۆسایدە لەسەر دەستی ئەم پەیامبەرە نەخۆش و سادەیەدا بخەینە ڕوو کە چۆن لەسەر ڕاسپاردەی موسای پێغەمبەر تەڕ و وشک پێکەوە دەسوتێنێت و لە پێناوی گەلی ھەڵبژێردراوی خوا (شعب اللة مختار) کە قۆرئان وەک شانازییەک و نیعمەتێک بە گەلی جولەکەی دەدات و کووشتنی دانیشتوانی کەنعانی و یەبوسی و حیسی و ئەمووری و فەلەستینی بۆ حەڵاڵ دەکات و تەنانەت قودس یشیان لە سەر سینییەکی زێڕ یِشکەش بە گەلی ھەڵبژێردراوی دەبەخشێت، کەچی ئێستاش موسڵمانان خاکی فەلەستین و قودس بە پیرۆز دەزانن و جیھادی لە پێناودا دەکەن و جولەکە بە داگیرکەری ئەو خاکەی دەزانن، بەڵام بێ ئاگان ــ یان خۆیان گێل دەکەن لەوەی کە قۆرئان ھەزار و چوارسەدو سی ساڵ ساڵ بە ڕلە ئێستا ئەو خاکەی لەسەر "بەنو ئیسرائیل" تاپۆ کردووو وەکو فەرامانێکی خودایی پێی بەخشیوون.

لە کتێبی تەورات תורה و لە سفری یەشوع יהשוע ی کوڕی نون دا ھاتووە:

((دوای ئەوەی کە موسای بەندەی خوداوەند کۆچی دوایی کرد، خودا لەگەڵ یەشوعی کوڕی نون ی خزمەتکاری موسا دواو فەرمووی: موسای خزمەتکارم مرد، جا ئێستا ھەستە خۆت و ھەموو ئەم گەلە لە ئۆردوون بپەڕێنەوە بۆ ئەو خاکەی پێیان دەدەم، واتە بە نەوەی ئیسڕائیلی دەدەم وھەر شوێنێکیش پێی لێ نێن بە ئێوەی دەبەخشم، ھەروەک چۆن بە موسام فەرمووە، لە بیابانەوە، لە لوبنانەوە تا دەریای گەورە (فوڕات) کە سەرجەم خاکی حیسییەکانە تا دەریای گەورە دەبێتە سنوورتان، لە ھەموو ڕۆژانی ژیانیشت کەس ناتوانێت بەرەو ڕووت بوەستێتەوە وەک چۆن لەگەڵ موسادا بووم، ئاواش لەگەڵ تۆدا دەبم و بە جێتان ناھێڵم، ئازا و بەھێز بە، چونکە ئەم زەوییە بۆ ئەم گەلە دەکەین بە میرات کە سوێندم بۆ باوباپیرانیان خواردووە و بە ئێوەی دەبەخشم، تەنھا بەھێز و ئازا بە، بۆ ئەوەی پارێزگاری ھەموو ئەو فەرمانانە بکەیت کە موسای خزمەتکارم فەرمانی پێکردوویت. نە بە لای ڕاست و نە بە لای چەپدا لا مەدە بۆ ئەوەی ھەر کوێیەک بچیت سەرکەوتوو دەبیت و بۆ ھەر کوێیەکیش بچیت خودات لەگەڵدایە.

جا یەشوعی کوڕی نون فەرمانی بە ھەموو کاربەدەستانی گەل کرد و گوتی: بە ناو ئۆردووگاکەدا تێپەڕن و بە گەل بڵێن تو ێشوو بۆ خۆتان ئامادە بکەن، چونکە پاش سێ ڕۆژی تر لە ئوردوونە دەپەڕنەوە تا بچنە ناو ئەو زەوییە و داگیری بکەن کە خوداوەند دەتانداتێ))(١٢).

ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاشکرای بکەین فەرمانی خوادوەندە، کە جولەکەکان ھان دەدات بۆ داگیر کردنی خاکی ئەو گەل و ھۆزانەی کە لە ناوچە جیاجیاکانی فەلەستین و وڵاتی ئۆردووندا دەژین، بە بێ ئەوەی ھیچ ھۆیەک ھەبێت بۆ داگیرکردنی خاکی ئەو خێڵ و دانیشتوانانەی کە لەو ناوچەیەدان، تەنھا لەبەر ئەوەی موسا بەرلە مردنی فەرمانی بەم پەیامبەرە خوێنڕێژە کردووە کە ئەو پڕۆسە سەربازییە ئەنجام بدات بەو بیانووەی ئیسرائیل گەلی ھەڵبژێردراوی خوداوەندن کە لە چەندین بەند و دێڕی تەورات و سەرجەم کتێبەکانی (پەیمانی کۆن תנ"ך) دا جەختی لەسەر کراوەتەوە. ئەمە جگە لەوەی لە تەفسیرە ئیسلامییەکاندا بە تایبەتی لە کتێبی "ابن کەسیر"کە تایبەتە بە ژیانی پەیامبەران، جەختی لە گەورەیی و پیرۆزی ئەم پەیامبەرە کردووەتەوە جگە لە کتێبی "سەحیحی موسلیم"کە پەیامبەری ئیسلام "محمد"، کە یەشوعی کوریِ نون وەک یەکێک لە گەورەترین پێغەمبەران دەداتە قەڵەم کە توانیویەتی ڕۆژ لە ئاوابووندا ڕابگرێت تا سەرجەم کافرەکان (فەلەستینی و کەنعانییەکان) بە ژن و منداڵ و سەگ و ئاژەڵەوە لە ناو بەرێت، کە لە دوایدا دێینەوە سەری.

((دووبارە لە کتێبی یەشوعی کوڕی نون دا لە زمانی خوداوەندەوە ھاتووە کە ھەر کەسێک یاخیبێت لە فەرمانەکانت و گوێ لە وشەکانت نەگرێ، دەکوژرێت، بەڵام تەنھا بەھێز و ئازا بە)) (١٣).

لێرەدا لە زمانی خودی خوداوەندەوە ئەوە ئاشکرا دەکات کە ھەر کەسێ یاخیبێت و ئامادەی غەزا و جەنگ و نەبێت لە دژی ئەو خێڵ و دانیشتوانانەی دەوری دەریای ئۆردوون، ئەوا دەبێ بکوژرێت، چونکە سەرپێچی فەرمانی خوداوەند دەکات و ڕاسپاردەکانی موسا و یەشوع پێشێل دەکات، خوداش لەبەرامبەر بەشداریکردنیان لە جەنگ و پەلاماردان و تاڵانی و ئەنفالی دانیشتوانی ئەو دەڤەرانە، بە گەلی ھەڵبژێردراوی خۆی دەزانێت تا ئەو خاکە بکاتە موڵکیان کە شیر و ھەنگوینی لێ دەچۆڕێت.

((ئینجا یەشوعی کوڕی نون لە "شەتیمەوە" دوو سیخوڕی بە نھێنی نارد و گوتی: بڕۆن تەماشای ئەو خاکە بکەن لەگەڵ "ئەریحادا". ئەوانیش ڕۆشتن و چوونە ماڵی ئافرەتێکی لەشفرۆش کە ناوی "راحاب" بوو ھەر لەوێش پشوویاندا. ئینجا بە پاشای ئەریحا (ئێستا شارێکە لە فەلەستین) یان گوت: ئەمشەو دوو پیاوی نەوەی ئیسرائیل ھاتوونەتە ئێرە تا سیخوڕی بەسەر خاکەکەوە بکەن. جا پاشای ئەریحا بە دوای ڕاحابدا ناردی و گوتی: ئەو دوو پیاوەی کە ھاتن بۆ لات و ھاتنە نێو ماڵەکەتەوە بیانھێنە دەرەوە، چونکە ئەوانە ھاتوون سیخوڕی بەسەر ھەموو خاکەکەدا بکەن. ڕاحابیش دوو پیاوەکەی برد و شاردنیەوە و گوتی: ڕاستە ئەو دوو پیاوە ھاتن بۆ لام، بەڵام نەمزانی خەڵکی کوێن و لە کاتی داخستنی دەروزاەکەش بە تاریکی دەرچوون و نازانم بۆ کوێ ڕۆشتوون و بە پەلە شوێنیان بکەون، بەڵکو بیانگرن. بەڵام ئەو ھەردووکیانی بردبووە سەربان و لە ناو کۆمەڵێک چیلکە دار کە لەسەر بانی ھەڵیچنیبوو شاردبوویانییەوە. پیاوەکانیش بە ڕێگای ئۆردووندا و ڕێڕەوەکان بە دوایاندا کەوتن و پاش دەرچوونی ئەوان دەروازەکەیان داخست. ئینجا بەرلەوەی خەویان لێبکەوێت ڕاحاب سەرکەوت بۆ لایان بۆ سەریان و بە پیاوەکانی گوت: زانیوومە کە خوداوەند ئەم خاکەی بە ئێوە داوە و ترسی ئێوە باڵی بەسەرماندا کشاوە و سەرجەم دانیشتوانی خاکەکەش لە ترسی ئێوە تۆقیوون، چونکە بیستوومانە کە خوداوەند ئاوی دەریای سووفی لەبەر پێتاندا وشک کرد ئەو کاتەی لە میسر دەرچوون و ھەروەھا لەبەری ئۆردوون چیتان بەسەر ھەردوو پاشای ئەموورییەکان و سیحون و عوط دا ھێنا. ئەوانەی کە قڕتان کردن بیستمان و ڕەنگمان پەڕی و بە ھۆی ئێوەوە ڕۆح لە ھیچ مرۆڤێکدا نەماوە، چونکە خوداوەند خوداتان، ئەو خودایەی لە ئاسمان و لەسەرەوەیە و لە سەرزەویش لە خوارەوەیە، ئێستا سوێند بە خوداوەند بخۆن کە چۆن من (راحاب) چاکەم لەگەڵ ئێوەدا کرد، ئێوەش لەگەڵ ماڵی باوکم چاکە بکەن و نیشانەیەکی دڵنیا بوونم بدەنێ، تا باوک و دایک و خوشک و براکانم و ھەموو ئەوانەی ھەیانە بە زیندووی بیانھێڵنەوە و فریای گیانیان بکەون لە مردن.

پیاوەکانی یەشوع یش گوتیان: مەرگمان پێشتان کەوێت ئەگەر ئەم کارەمان نەدرکێنن، گەر خوداوەندیش ئەم خاکەی پێ داین ئەوا چاکە و دڵسۆزیت لەگەڵدا دەکەین.

ئینجا ڕاحاب ھەردووکیانی لە کڵاوو ڕۆژنەی ماڵەکەیەوە بە گوریس شۆڕ کردەوە و پێی گوتن بڕۆن بۆ چیا نەوەک ئەوانەی بە شوێنتان دەگەڕێن تووشتان بێن و ئاشکراتان بکەن، لەوێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ خۆتان بشارنەوە تا ئەوان دەگەڕێنەوە ئینجا بە ڕێگای خۆتاندا بڕۆن. پیاوەکانیش پێیان گوت: ئێمە بێ تاوان دەبین لەو سوێندەی بۆ تۆمان خوارد کە ئەگەر ھاتوو لە کاتی ھاتنمان بۆ نێو ئەم خاکە، ئەم گوریسە سوورە بە کڵاوو ڕۆژنەکەوە گرێ نەدەیت کە ئێمەت لێوە شۆڕ کردەوە و، ئەگەر دایک و باوکت و خوشک و براکانت و سەرجەم ئەندامانی ماڵی باوکت لە ماڵەکەی خۆتدا کۆ نەکەیتەوە. جا ھەر کەسێک لە دەرگای ماڵەکەی تۆ بچێتە دەرەوە خوێنی خۆی لەسەر خۆی دەبێت و ئێمە بێ تاوان دەبین، بەڵام ھەر کەسێک لەگەڵ تۆدا لە ماڵەکەتدا بێت، ئەگەر دەستڕێژییەکی کرایە سەر، ئەوا خوێنی لەسەر ئێمە دەبێت. ھەروەھا ئەگەر ئەم کارەی ئێمە بدرکێنیت ئەوا ئێمەش بێ تاوان دەبین لەو سوێندەی کە بۆمان خواردی. ڕاحابیش گوتی: چۆنتان گوت ئاوا دەبێت. ئینجا بەرێکەوتن و ڕۆیشتن و ئەویش گوریسە سوورەکەی بە کڵاورۆژنەکەدا گرێ دا. ئینجا پیاوەکان بۆی دەرچوون و ڕۆیشتن بۆ چیا، لەوێ بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مانەوە تا پیاوانی پاشا گەڕانەوە، پیاوانی پاشا ھەموو ڕێگاکانیان بە دوایاندا گەڕان، بەڵام نەیانیاندۆزیەوە. ئینجا دوو پیاوەکە گەڕانەوە و لە چیاکاندا ھاتنە خوارەوە و پەڕینەوە و گەیشتنە لای یەشوعی کوڕی نون و ھەموو بەسەرھاتەکەیان بۆ گێڕایەوە و بە یەشوعیان گوت: بەراستی خوادوەند ھەموو خاکەکەی داوەتە دەستمان و سەرجەم دانیشتوانی خاکەکەش بە ھۆی ئێمەوە ڕەنگیان پەڕیوە )) (١٤).

ھەرکەسێک بە ووردی سەرنجی ئەم چەند پەڕەگرافە بدات ئەوا بە ڕوونی ئەوەی بۆ دەردەکەوێت کە چۆن کەسێک خۆی بە پەیامبەر بزانێت و خوداوەند قسەی لەگەڵ کردبێت و برا گەورەکەشی موسای ئولولعەزم بێت ئەوا ڕێگا بە کاری سیخوڕی و جاسوسی کردن بەسەر خاکی وڵاتانی ترەوە دەدات تا داگیری بکەن و ژن و منداڵیان ئەنفال بکەن و نێرەکانیشیان بە شمشێر سەر ببڕن (وەک چۆن پەیامبەری ئیسلام لە دژی جولەکەکانی خێڵی "بەنی قوڕەیزە ئەنجامی دا). بەڵام لە ھەمووی سەیرتر ئەوەیە کە ئەو دوو پیاوە ڕاسپێردراوی یەشوع چۆن ڕێگایان بە خۆیان دا بچنە ماڵی ئافرەتێکی لەشفرۆشەوە و شەویش لەوێدا بمێننەوە و خۆیان بشارنەوە، لە کاتێکدا کە ڕاحابی لەشفرۆشیش لە ترسا ئەو دوو پیاوە شاردبوویەوە، چونکە بیستبووی کە لەشکرەکەیان چ کارەساتێکی بەسەر پاشاکانی دەوور و بەری وڵاتەکەیاندا ھێنابوو، ھەر بۆیە ناچار لە ترسا نەوەک ئەمیش وای بەسەر بێت ئەو دوو پیاوەی شاردبوویەوە. نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت کە سیخوڕی و چوونە ماڵی ئافرەتی لەشفرۆش دژ بە ئاین و شەریعەتی خودایە، بەڵام ئەم بڕیارانە شمولی فەرمانی پێغەمبەران ناکات! !

 

((ئەوە بوو کاتێ یەشوع لە نزیک ئەریحا بوو سەری ھەڵبڕی و بینی ئەوەتا پیاوێک بەرامبەری ڕاوەستاوە و شمشێرەکەشی ھەڵکێشاوە. یەشوعیش ڕۆیشتە لایی و پێی گوت: تۆ لەگەڵ ئێمەدای یان لەگەڵ دوژمنان؟ ئەویش گوتی: نەخێر، چونکە من سەرۆکی سوپاکانی خوداوەندم و ئێستاش ھاتووم. جا یەشوع بە ڕوودا بەسەر زەویدا کەوت و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: خوداوەندم، چ شتێک بە خزمەتکاری خۆت دەڵێیت؟ سەرۆکی سوپاکانی خوداوەندیش بە یەشوعی گوت: نەعلەکانی پێت داکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لە سەری وەستاوی پیرۆزە،. یەشوعیش وایکرد. ئەریحاش بە ھۆی نەوەی ئیسرائیلەوە بە تەواوی داخرابوو، نە کەس دەھاتە ژوورەوە و نەکەسیش دەڕۆشتە دەرەوە. جا خوادوەند بە یەشوعی گوت: بڕوانە، من ئەریحا و پاشاکەی و، پاڵەوانەکانیم داوەتە دەست تۆ. پاشان لەشکرەکەی یەشوع کەڕەنای جەنگی لێدا و یەشوع بە جەنگاوەرەکانی گوت: ھاوار بکەن، چونکە خوداوەند شارەکەی داوەتە دەستمان. جا شارەکەش ھەرچی تێدا بوو بۆ خوداوەند قەدەغە کرابوو، تەنھا ڕاحابی لەشفرۆش نەبێت کە پێویستە بژیت و ھەموو ئەوانەش لە ماڵەکەیدا دەژین، چونکە ئەو دوو نێردراوەی یەشوعی شاردەوە. ئینجا لەشکری یەشوع ھاوارێکی بڵندیان کرد و شورای شارەکە لە جێی خۆیدا کەوت و ڕووخا، جا سوپاکەی یەشوع چوونە نێو شارەکە و دەستیان بەسەردا گرت، ھەر چییەکیش لە شارەکەدا بوو قڕیان کرد لە پیاو و ژن و منداڵی شیرەخۆر و پیر ھەتا گا و مەڕ و گوێدرێژەکانیشیان و بە زەبری شمشێر کۆمەڵکوژیان کردن، یەشوعیش بەو دوو پیاوەی گوت کە پێشتر سیخوڕی ئەو خاکەیان کردبوو: بچنە ماڵی ژنە لەشفرۆشەکەوە ھەروەک سوێندتان بۆ خواردبوون کە خۆی و ئەوەی ھی ئەوە بیانھێننە دەرەوە. پاشان دوو گەنجە سیخوڕەکە چوونە ژوورەوە و ڕاحاب و دایک و باوک و براکانی و کەس و کارەکەی ھەرچی ھەبوو بیانھێنە دەرەوە. ئەمرەکەی یەشوعیان جێبەجێکرد و شاری ئەریحایان بە ئاگر سوتاند لەگەڵ ئەو شتانەی کە تێیدا بوون و ھیچ گیانلەبەرێکیشیان تێدا نەھێشتەوە، بەڵام زیوو و زێر و قاپە مس و ئاسنییەکانیان خستە ناو گەنجینەی ماڵی خوداوەندەوە و پاشان یەشوع ماڵی ڕاحاب و خێزانەکەی بە زیندوویی ھێشتەوە. ئینجا یەشوع لەبەردەم خوداوەنددا گوتی:نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی ئەم شارە ئاوەدان دەکاتەوە بە مەرگی نۆبەرەکەی بناغەی دادەنێت و بە مەرگی بچووکەکەی دەرگاکانی دامەزرێنێت. خوداوەندیش لەگەڵ یەشوعدا بوو، ناوبانگیشی بە زەویدا بڵاوو بوویەوە )) (١٥).

 

_________________
پەراوێز و سەرچاوە: 
(١) سیفری خولقاندن ٢٥: ١، ٢. 
(٢) ھەمان کتێب: ٢٥: ٦.
(٣) سیفری دەرچوون: ٢: ١١-٢٤. 
(٤) ھەمان کتێب: ٣: ١-٤. 
(٥) تەورات ـ کتێبی ئەلعەدەد ــ ئیصحاحی ٣١. 
(٦) سیفری کۆڕەو (الخروج)، ئیصحاحی ٣٢. 
(٧) سیفری ئەلعەدەد، ئیصحاحی ١٥: ٣٢-٣٦. 
(٨) ھەمان کتێب، بابی: ٣٣: ١، ٤. 
(٩) سیفری دوبارە خوێندنەوەی شەریعەت (التثنیة)، ئیصحاحی دووەم: ٣١-٣٧. 
(١٠) ھەمان سەرچاوە، ئیصحاحی سێ، ١-٩. 
(١١) ژیاننامەی پێغەمبەران، ئیبن کەسیر، لا ٢٠٣، وەرگێڕانی: کاروان محەمەد. 
(١٢) کتێبی یەشوع بابی یەکەم ١ــ١٢. 
(١٣) ھەمان کتێب بابی ١٨. 
(١٤) کتێبی یەشوع بابی دووھەم ١ــ ٢٤. 
(١٥) کورتەیەک لە بابەکانی کتێبی یەشوع ١٠ ــ ٢٦.

ڕێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه 2013-11-13 05:05:00
به‌شی ( ئیسلام ) ئاماده‌کرد ( شازین هێرش )



وەک, چۆن, بە, یەکێک, لە, پێنج, پێغەمبەری, ئولولعەزم, دادەنرێت, و, شەریعەتی, بۆ, بەنو, ئیسرائیل, ھێناوە, تا, لە, تاوان, و, گوناە, و, بتپەرستی, دوور, بکەونەوەشازین, هێرشتوندوتیژى, لە, تەوڕات, دا, , لاپەڕە, خوێناوییەکانى, موسا, و, یەشوع Tags





په‌خشی ده‌نگی ئازاد


مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی
زنجیره‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه.
ڕۆژی 08/17/2017
کاتژمێر 21:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
فاتیح محمود احمد چیرۆکێکی تری محمد
ڕۆژی 08/11/2017
کاتژمێر 23:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
مێژوە خوێناویەکەی قورئان و محمد
ڕۆژی 08/09/2017
کاتژمێر 22:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا