جەدەلی دین و جەهالەت بەشی یەکەم: لە پەراوێزی ناشتن و کافراندنی شێرکۆ بێکەسدا


[ وَقُلْ رَبِّ زِدْنِي عِلْمًا} [طه : 114

[بپاڕێوە: خودایا، زانستم زیاد کە]

لە پێشەوە دەبێ بڵێم: ئەمە دیاردەیەکی ئاسایی یە، تایبەت بە کورد و کۆمەڵگای کوردیی نییە. بۆیە سەیر نییە کەسانێک هەبن بە ناوی دینەوە کوفر بەرامبەر بە شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس بکەن.

لە ئەمریکا، لە بەریتانیا، لە هەموو شوێنێک، جار جارە ، کەسانی خاوەن بیروباوەڕی توندڕەوی دینیی، دیارە زۆر بیروباوەڕی توندڕەوی دنیاییش، دەردەکەون.

بەلام لەو ولاتانەدا کە یاسا هەیە، یاسا یەکلاییکەرەوەیە، وەک چۆن کەسێكی دینیی دەتوانێ بە ئازادیی بیرورای خۆی بڵێ، کەسی دژی ئەویش دەتوانێ. ئەمە هەمووی لە چوارچێوەی دایەلۆگ، جەدەلدا روو دەدا، [و جادلهم بالتی هی احسن] دەیباتەوە. گەر کێشەش هەبێت یاسای یەکسانی یەکلایی دەکاتەوە.

زەلامێ دەتوانێ لە کەنیسەیەکدا بشیڕێنێت: من کوڕی مەسیحم، ئێوە هەموو کافرن و لە دین لاتان داوەو بێئەخلاقن.

ئەمە ئاسایی یە.

بەلام ئەوەش ئاسایی یە، کە زەلامێکی تر لێی راست بێتەوە بلێ : وەڵلا تۆ لە مونافیقیکی گەواد زیاتر نیت.

کەس نوێنەری خودا نییە لە سەر زەوی. لەم سەردەمی تەقینەوەی زانست و زانیاری هەزار چەشندا، درۆو فشەو فیشاڵ پەتی یەکجار کورتە. چی تر ئیددیعای دین و ریش و کلاو عەبا پیرۆزیی بە تاکەکەس بە ناوی دینەوە نادات. پیرۆزییەکە یا دروستتر رێزو تەقدیرو خۆشەویستی خەڵک بۆ پیاوی دینیی لە بیرو وتارو رەفتارو زانایی و کەسێتیی چاکی ئەو کەسە خۆیەوە دێت، هیچی تر لە عەباو دوعاو دەعبای ناو سەریەوە نایەت. لە پایەو شوێنە دینییەکەیەوە نایەت. سیفەتی (دینیی) پێویستە بۆ هیچ مرۆڤێک، مامۆستایەک، زانایەک بەکار نەیەت، چونکە هەڵەیەو کوفراندنەو دەشێ بازرگانی سیاسیی پێوە بکرێت.. پێویستە بوترێت: مامۆستا لە بواری ئاییندا، یان لە کاروباری دیندا، نەک مامۆستای ئایینی، و بەم چەشنە.

دوو حەفتەیەک لە مەوپێش پاپا چوو بۆ بەرزایل.

سێ ملێۆن کەس خۆڕسکی پێشوازییان لێکرد. ئەویش وەک مرۆڤێکی هەرەئاسایی تێکەلی خەلکەکە بوو.

کە گەڕایەوە لێیان پرسی: بیرورات چییە بەرامبەر ئەو قەشانەی هاورەگەزیی هەڵدەبژێرن؟

وەلامەکەی ئەوە بوو: من کێم تا بتوانم حوکمیان بە سەردا بدەم!

واتە: با پایەکەی پاپای هەلبژێردراوو قبوڵکراوی هەموو دنیای مەسیحییەت بێت، ئەو تاکە ئینسانێکە وەک هەموو کەسێکی تر عەبدی خودایە، چۆن دەتوانێ حوکم بە سەر چاکە یان گوناهی کەساندا بدات. ئەمە قسەی کەسێکە کە رێبەری دینیی ١٢٠٠ ملیۆن کاسۆلیکە لە دنیاداو خۆی لە منالێک گەورەترو بە تواناترو زاناتر نازانێت.

دیارە ئەمە بیرو وتارو رەفتاری هەموو پاپاو پیاوی دینیی مەسیحیی نەبووە لە مێژوودا، بەلام، دوای ئەو هەموو تاوان و کوشتارو ستەمەی چەندین سەدە بە ناوی دینەوە کرا، حەقیقەتە ساغبۆوەکە ئەوەیە، ئیمان و گوناه تەنیا لای خوداوەند خۆی ، لە رۆژی حیسابدا، یەکلایی دەبێتەوە. ئەمە شەرعی خوداوەند خۆیەتی.

خودا خۆی مرۆڤی خەلق کردووەو بۆ خۆی دەگەڕێنەوە. تا دوا هەناسەی ژیانی و سانیەی رۆحدەرچوونیی، هەموو مرۆڤێكی گوناهکار بۆی هەیە تۆبە بکاو تکای بەخشین لە خوداوەندی خۆی بکات و بە ئیمانداریی بمرێت. .ئیدی چ مرۆڤێکی حەقیری خوا لەم دنیایەدا بۆی هەیە حوکمی ئیمانداریی و بێئیمانیی بە سەر مرۆڤانی تردا بدات وبە کافر ناویان بەرێت؟. پێغەمبەریش (درودی خودای لە سەر بێت] نەیتوانیوە بە یەقین بریار بدات کێ بەراستی ئیماندارەو کێ مونافیق و گوناهکارە.

گەشتەکەی پاپا دینیی بوو، بەلام پڕ لە خۆشیی ئینسانی و خۆشەویستی کۆمەلایەتیی بوو بۆ ئەو سێ ملیۆن کەسەی پێشوازییان لێکرد، موناسەبەتەکە زۆر لە شەڕەئاوەکەی سلێمانی و یاری بەرشەلۆنە بۆ دیندارەکان خۆشتر بوو، [ تکایە لەم لینکەدا بڕوانە وێنەکان] بەلام ئەمە تەنیا نرخ و ناوەرۆکی دینیی و رۆحی بۆ بەشداران زیاتر و دەولەمەندتر کرد.

http://online.wsj.com/article/SB10001424127887323829104578622173927482836.html#slide/1

.

ئەمرۆ هەزاران دەروازەو پەنجەرەی زانستی کراوەن و هیچ زانستێکی دینیی، سیاسیی، پزیشكیی، یاسایی، تەکنۆلۆجی هتد قۆرخکاری کەس نییە. هەر کەسێ خوێندەواری چاک و زمانزان بێت، کلیکی هەر بابەتیك لە سەر گۆگل بکات، هەزاران لاپەرە زانستی دەربارەی هەر شتێ بیەوێت دەخرێتە بەردەمی.

گەر کەسێ عارەبی باش بزانێت هەر ئایەتێکی قورئان بنووسێت لە گەرانی گۆگل - دا، دەقی ئایاتەکە و دەیان تەفسیری وەک ابن الجوزي، البیضاوي، ابی حاتم، طەبەری و بوخاری و ئیبن کەثیر

هتد لە ژێر ئایەتەکەوە بۆ دەردەکەون جگە لە سەدان تەفسیرو لێکدانەوەی نوێ.

خۆ گەر ئینگلیزیش بزانیت ئەوە تەرجەمەکەی بە ئینگلیزی و سەدان وتارو لێکدانەوە بە ئینگلیزی هەیە.

ئەمە داهێنانی زانستی ئەوانەیە عەقڵبەردینەکان بە کافریان دەزانن کە ئەم هەموو قودرەتە زانستییەیان بە مرۆڤی ئەم سەردەمە بەخشیوە. زۆربەی زانست و داهێنراوەکانی دنیا هی جوولەکەکانن کە ئێستا دینیان کردوووە بە بناسی نەتەوەیی و لە رێگەی سوڵتانی عەقڵ و عیلمەوە دەستیان بە سەر دنیادا گرتووە بە ئابووریی و زانست و سیاسەت و میدیایەوە، لە کاتێکدا هەمەجییەکانی جاهیلییەتی عەرەبیی جوانترین میرات و توراثی بەرزو پیرۆزی ئیسلامیی و پێش ئیسلامی لە سوریادا بە مزگەوتە دێرینەکانیشەوە دەتەقێننەوەو خاپوور دەکەن و بەناوی جیهادەوە لەم سەدەی بیستویەکەمەدا دەم دەنێنە خوێن و جەرگی ماڵ ومنداڵی یەکترەوە،هەر چەند میلێک دوور لەوانیش ئیسرائیلییەکان پێیان پێ دەکەنن و لە دەیان پایتەختیشەوە، هەر لە واشنتۆنەوە تا ئەنقەرەو ریاض، ئاگرەکە خۆش دەکەن.

ئیدی سەرەدمی ئەوە نەماوە زانیاریی دینیی لە مەعهەدێک، لە مەدرەسەیەک، لە قوژبنی مزگەوتیکدا فێر بکرێت، کۆلکە بەلایەک دوو سێ حیکایەتی خەرافی لە بەرکاو بە گوێی خەلکێکی نەخوێندەواریدا بیشێڕینێت، یان جاهیلانەو مونافیقانە یەک دوو ئایەت بۆ نیازی ناپاک جاهیلانە تەفسیر بکات و دوژمنایەتی گەلی خۆی پێ بکات، یان حیزبێکی دینی بۆ مەبەستی دەسەلاتی دنیایی و مەنسەب و ئینتیخابات و پارەو شەریکایەتی زوڵم و تاوان خەلکی سادەی پێ هەڵبخەڵیتێنێت.

مادام ئیمان – یش بە پێی بنەما بەرزەکانی قورئانی پیرۆز: سەرەتاو ناوەراست و کۆتایی یەکەی عیلمە نەک جەهل، وەک لە وتارێکی تردا پەنا بە خودا بە درێژی روونی دەکەمەوە، ئەوە هەر کەسە گوناه و تاوانی خۆیەتی، کە لەم سەردەمی زانستە گەردوونییەدا خۆی بکا بە کەروگایەکی جاهیل و گوێ لە قسەو قاوانی جاهیلانی دین بگرێت.

تۆ قەت ناتوانی لەوە یەقین بیت کەسێک بە ناوی دینەوە ئامۆژگاریت دەکات راستگۆیە یان مونافیق، بۆ مەبەستی سیاسەت و پارەو دەسەلاتی دنیایی بەکارت دێنێت یان بۆ مەبەستی چاکەو دنیای ئاخیرەت.

ئێستا بە سەدان قەشە کە لە ئاینیی مەسیحیدا پلەیان ئەوەندە بەرز بووە گەیشتوونەتە پلەی [فاذەر] واتە باوک، واتە خەلک لە دیندا بە باوکی خۆی بزانێت، یان [رێڤرند] واتە ڕێزدار تا رادەی پیرۆزیی، ئێستا ئاشکرا بووە دەیان لەو قەشانە چۆن چەندین ساڵ دەسەلاتی دینییان بۆ بێئەخلاقییترین تاوانی دزێو کە لاقەکردنی سەدان منالی مەدرەسەکانی دینیی بەردەستیان بووە بەکارهێناوە: سەدان منالی چوار ساڵیی تا چواردە سالیی.

بەلام چونکە پیاوی ئایینی بوون کەس گومانی لێنەکردبوون، منالەکانیش کە گەورەش بوون ترسابوون خەڵک باوەریان پێنەکات و بێدەنگ بوو بوون. ئێستا کە ئازادیی زانیاری و راگەیاندن و یاسای یەکسان هەیە، قوربانییەکانی ئەو تاوانانە هاتنە دەنگ و دەیان پیرە پیاوی دینیی وەک گەواد و داوینپێس و مناڵباز [پیدۆفایل] لە ئەمریکا، ئیتالیا و بەریتانیا درانە دادگاو قەیرانەکەی کەنیسەی کاسۆلیکی گەیشتە ئەو ئاستەی پاپای پێشوو ناچار بوو دان بە شەرمەزایی خۆی دابنێ و خۆی داوای لێبوردن لە قوربانییەکان بکات و دوعایان بۆ بکات. هەر ئەەەش بوو وای لێکرد بۆ یەکەم جار لە مێژوودا پاپا دەست لە کارەکەی هەڵگرێت.

لە ئیسلامیشدا، بە ناوی (زەواجی مەتعە) و حەڵالی مارەیی کچی مناڵ، بە ئاشکرا تاوان بەرامبەر منداڵ دەکرێت.

ئێستاش گەر تەکنۆلۆجی زانیاری نەبایە کە ناهێلێت هیچ بشاردرێتەوە و هەموو نهێنییەک ‌ئاخری ئاشکرا دەبێت، نەمان دەزانی موجریمەکانی نوسرە بە ناوی دینەوە چ تاوان و دڕندەییەک ئەنجام دەدەن هەر لە سەربڕین و زیندەسووتێن کردن و جەرگخواردنەوە تا غەزاو تالان و رەشبکوژیی و گەوادیی بە ناوی جیهادی نیکاح – ەوە.

دیارە، مادام ئینسانن و فریشتە نین ئاسایی یە ئەم کارانەیان لێبوەشێتەوە.

خوداوەند مرۆڤی بە لاوازیی بەرامبەر شەهوات و ئیغرای دنیایی خەلق کردووە:



﴿وَاللَّهُ يُرِيدُ أَنْ يَتُوبَ عَلَيْكُمْ وَيُرِيدُ الَّذِينَ يَتَّبِعُونَ الشَّهَوَاتِ أَنْ تَمِيلُوا مَيْلاً عَظِيماً (27) يُرِيدُ اللَّهُ أَنْ يُخَفِّفَ عَنْكُمْ وَخُلِقَ الْإِنْسَانُ ضَعِيفاً﴾

من لە نووسینێکی سالانی نەوەدا ئەوەم وتووە کە مرۆڤ، هەموو مرۆڤێک، شایانی ئەوەیە بەرامبەر سێ شت خۆی نەگرێ و ببێتە گوناهکار، تاوانکار یان دڕندە: پارە، سێکس و دەسەلات.

پیاوی چاک و پاک، دینیی یا نادینیی، ئەوەیە بەرامبەر پارە و ماددیاتی دنیایی سەرشۆڕ نەکات، درۆ نەکات، دوورووییی نەکات،. چۆک دا نەدات، مەرایی و ریایی نەکات.

بەرامبەر سێکس و ئیغرای هەوەس، هەرەس نە‌هینێت.

لە پێناوی دەسەلاتی دنیاییدا، درۆو نیفاق و تاوان و خراپەو رق و ناکۆکی و دوژمنایەتی نەنێتەوە، نەبێتە خوینخۆر و تالانکار و تاوانکار.

دەسەلات لە هەمووی پیسترە چونکە دەسەلات دەرفەتی پارەو غەنیمەو سێکس دەدات بە دەستەوە. بۆیە زۆربەی دەسەلاتدارەکان، دینیی یا دنیایی، بە ئاشکرایی یان پەنهانیی، دەبنە گەوادو پارەپەرست.

بۆیە ئیماندارانی راستەقینە بە هەموو شێوەیەک لە هەڵپەی دەسەلات و ماددییاتی دنیایی دووردەکەونەوەو گۆشەگیریی دەکەن.

پێغەمبەران، لە دنیا دوور کەوتونەوە، لە ئەشکەوت و چیاکاندا، بیریان لەحیکمەتی بوون و زەرورەتی خالق، کردۆتەوە. ئەوسا خوداوەند وەحی بۆ ناردوون. محەممەد (دروودی خودای لە سەر بێت) دوای چل ساڵ دوورەپەرێزیی و رامان و بیرکردنەوە لە ژیانی ئینسان و حیکمەتی یەزدان، ئەوسا وەحی بۆ هات.

ئیماندارە راستەقینەکانیش، سۆفییەکان، هەمان رێبازیان گرتۆتە بەر.

روالەتی دینیی و رووکەشیی دینداریی قەت زامنی ئەوە ناکات کەسێک بەرامبەر پارەو هەوەس و دەسەلات، دین و ویژدان و ئیمانی بپارێزێت.

کەس ناتوانێ بڕیار بدات کەسێکی عەمامە بەسەر، یان نوێژکەرو رۆژووگر، بەراستی ئیماندارە، یان دینداریی بۆ ریایی و پێشچاوی خەلک و شاردنەوەی نیازی پیس دەکات: بۆ پارە بێت، سێکس یان هەر جۆرە دەسەلاتێکی دنیایی.

ئەمە تەنیا کەسێک دەیزانێت کە ئاگای لە دەرەوەو ناوەوە، زاهیر و باطن هەیە، کە خوداوەندی مەزن خۆیەتی و هیچ کەسێکی تر نییە. تەنانەت پێغەمبەرانێش دەتوانن تەنیا شەفاعەت و دوعات بۆ بکەن خودا ئیمانت بداتێ: ئەوە لە دەسەلاتی ئەواندا نییە ئیمانت بدەنێ. دین نیشاندانی رێی ئیمانە نەک ئیمان.

تۆش خودا عەقل و هۆش و چاوو گوێی پێبەخشیویت تا بە عەقل و گوێ و چاوی خەلکی تر نەبینی و نەبیسی و بیر نەکەیتەوە؟

هیچ مرۆڤێ بە فیترەت لە مرۆڤیکی تر زانا تر نییەو بەرزتر نییەو کەس بەرپرسیاری دینیی کەسی تر نییە. کە تۆ منال نیت و باڵقیت وهێشتا جاهیلی و پێویستیت بە ئامۆژگاری هەیە، ئەوە چونکە تەمبەڵیت و ئاژەڵیت و خۆت جەهالەتت هەڵبژاردووە و خوداوەند جاهیلان بە ئاژەڵ دادەنێت. ئەو جاهیلە ئاژەلانەش بە پێی قورئان زۆربەی خەلكن. ئیمانداران کەم و دەگمەنن. چونکە تەنیا زانایان دەتوانن ئیمانداری راستەقینە بن.

جاهیلان ناخوێننەوە بیر ناکەنەوە و لە [علم بالقلم] بێ ئاگان.

خودا بە قەڵەم ئێنسان فێر دەکات: بەلام فێری چی دەکات؟ خەرافات و حیکایەتی کۆنی بەشەری دڕندەو درۆزن؟ نا، نا، نا.

[ما لم یعلم] ئەوەی نایزانێت. ئەو دنیاو گەردوونە مەزنەی بەرچاوت کە هەمووی ئایاتی پەروەردگاریی و کردگاریی خوداوەندەو پرە لە ئەسرار کە بە هێزی عەقڵ و قەلەمی عیلم دەدۆزرێنەوە. ئەمە جوولەکەکان و هەموو گەلانی دنیا لە چینەوە بۆ یابان و ئەمریکاو ئەوروپا، باش دەیزانن و بە سوڵتانی زانست زەمین و دەریاکان و ئاسامانەکان و کەونیان بۆ خۆیان رام کردووە. تەنیا جەهالەتی ئەعرابە کە دوای ئەوەی پێغەمبەری خودا دینەکەی بۆ تەواوکردن، هێشتا دوای ١٤٠٠ ساڵ، دەیانەوێت بە زەبری شیروسەربڕین و جیهادی کۆمەلكوژی ژن و مندالێ یەکتر، وەک لە سوریا دەیبینین، بەو شیوە وەحشییەی خۆیان لێی تێدەگەن، دینەکە تەواو بکەن و بەسەر یەکتریدا و بەسەر غەیرە عەرەبیدا، بسەپێنن.

دیارە لەو کۆمەلگایانەدا کە هێشتا دەسەلاتێکی بەربەریی فاشیی خۆفرۆش هەیە کە دەیەوێت بە ئەنقەست کۆمەلگاکەی وەک گاگەل بهێڵیتەوە تا باشتر کۆنترۆلیان بکاو پێشکەشی ‌‌هیزە تاریکەکانی دەسەلات یان بیگانەی بکات، ئەوە هێشتا دین ئازادیی زانین و ویژدان و تێگەیشتن و عەقڵ و عیلم - ی تاکەکەس نییە، بەلکو دامەزراوەیەکی جەهل و خەرافات و گومراییکردن و بە ئاژەڵکردنە بۆ خزمەتی مانەوەی دەسەلات.

بەلام پەتی ئەم تاریکاییەش زۆر کورت بۆتەوە، ئەوانەی ناتوانن بخویننەوە وقەڵەم و عەقڵیش بەکاربێنن، ئێستا لەم سەردەمی دنیای ئۆقیانووسیی زانستدا، بە چاو ئەوەندە دەبینن کە راستیی دەرک پێبکەن و سەرەتای ئینسانییەتی خۆیان بدۆزنەوە. مەگەر هەموو چراکان بکوژێننەوەو پەنجەرەکان دابخەن، کە ئەمەش مەحاڵە. یان خوداوەندی مەزن خۆی چاوی کوێر کردبن و کەرو لالی کرد بن و دڵی کرمێ کردبن کە لەم سەردەمی رووناکی و زەبەندی زانیینەدا هێشتا ڕێبازی جەهالەت و گومرایی و عەقڵکوژیی هەڵببژێرن:

مثلهم كمثل الذي استوقد نارا فلما أضاءت ما حوله ذهب الله بنورهم وتركهم في ظلمات لا يبصرون

صم بكم عمي فهم لا يرجعون [البفرە، ١٧، ١٨]

[[ نموونەی ئەوانە وەک کەسانێکە ئاگر دەکەنەوە، کاتێ هەر چوار دەوریان رووناک دەبێت، خودا رووناکایی لە چاویاندا ناهێڵیت و لە تاریکاییدا دەیانهێڵێتەوەو نابینن: کەڕ، لاڵ، کوێر، قەت ناگەڕێنەوە رێگەی هیدایەت]]

(٢)

چیبەجێنەکردنی وەسیەتنامەکەی شێرکۆ بێکەس گەورەترین تاوانە بەرامبەر هەموو دین و باوەر وئەخلاقێکی پیرۆز. شێرکۆ زاناو شاعیرو رووناکبیر بوو. ٥٠ ساڵ رووباری شیعری کوردی بوو بۆ سلێمانی وکوردستان و مرۆڤایەتی.

شێرکۆ نازی نەکرد، خاکی داگیر نەکرد، ئەوە هەستی ئەو بوو وەک ئینسانێک کە درێژایی تەمەنی بۆ خاک و گەلەکەی بوو، بۆ شیعرو شین و شادی نێشتمانەکەی بوو، خاوەنی دەیان دیوانە، داوایەکی شەرمن بکات کە مەترێ خاکی لە شارەکەیدا پێ رەواببینن و لە مرنیدا ئەو ئازادییەی بدەنێ، بەو شێوە بنێژرێت خۆی دەیەوێت.

ئەوە ئیختیاری خۆیەتی ،وەک شاعیری گەلەکەی نەک مرۆڤێکی داگیرکەر، دەیەوێت چۆن بنێژرێت. ئایا ئینسان بە مردووییش ئازاد نەبێت بیەوێت چۆن بنێژرێت؟

ئەوە خۆیەتی و جەستەی رووت و تەنیای خۆیەتی و دەچێتە قەبری خۆیەوەو بەرامبەر خوای خۆی دەبێتەوە؟

شێرکۆ زانایەو خودای مەزن پلەی زانایان زۆر بەرزتر رادەگرێت لە جاهیلان و رەحمی خوداوەند دنیاو ئاسمان بەرین دەکات و پێویستی بە دوعای جاهیلان و مونافیقان نییە.

[[ سبحان من وسعت رحمته کل شيء ]]

ئەوە ئەرکی ئەخلاقیی کورەکەی و کەسوکارەکەی و هاوڕێیانی سەردەم – ی بوو کە سوور بن چۆن داوای کردووە وا بنێژرێت.

با ئەوانەی ئەوەیان پێ ناخٶش بوو، لەگەلی نەچوونابایە بۆ ناشتنی. ئەوە ئازادیی و هەقی خۆیانە. هەقی خۆشیانە بە کافری دابنێن و خۆیان بکەن بە کافر.

بەلام گەر تەنیا ١٠ کەسیش رۆێشتبایە دەبوو وەسیەتنامەکەی شیركۆ کت و مت جێبەجێ بکرێت. ئەوە بە پلەی یەکەم تاوان و خیانەتی کورەکەی و خێزان و بنەمالەکەیەتی لە شێرکۆ، ئەوسا دەزگای ناسەردەم ئەوسا نووسەران و رووناکبیران ئەوسا یەکێتی و گۆڕان و دەسەلاتی سیاسیی و ئیداری گەندەڵی سلێمانی کە ناشتنی شێرکۆ بێکەس – یان کردە ئەو دیمەنە ناشیرینە.

کوان نووسەرانی کورد؟

کوا یەکێتی نووسەرانی کورد کە دەبوو هەموو کارەکە ئەوان بیانکردبایە؟

ئەگەر دڵنیا نەبوون وەسیەتەکەی جێبەجێ دەکرێت، بنەمالەکەی بۆ دەیانبردەوە بۆ سلێمانی؟ بۆ لە ولاتی دووەمی لە سوێد نەیان دەناشت ئەو ولاتەی پەنای دا، رێزی لێگرت، کردییە هاو- ولاتی خۆی، بەهرەو تواناکەی گەشە پێدا، خەلاتی جیهانیی پێدا، ژیان و هیوای پێبەخشییەوە، بە جیهانی ناساند؟

ئایا لە ستۆکهۆلم بنێژرایە باشتر بوو یان لەو سلێمانییەی بۆتە پارچەیەک لە بەربەرستان؟

ئێستاش ئەرکی ئەخلاقی خێزانەکەی و دەزگای سەردەمە گەر وەسیەتنامەکەی وەک خۆی جێبەجێ ناکرێت، با تەرمی شێرکۆ دەربهێننەوە و بیهێننەوە بۆ سوید و لە ستۆکهۆلم بنێژرێت، تا ئەو کاتەی سلێمانی لە بەربەرییەکان رزگاری دەبێت و دەبێتەوە شاری کوردایەتی و رٶشنبیریی کوردیی،: شاری نالی و سالم و کوردی و گۆران و شێرکۆ بێکەس.

ڕێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه 2013-08-14 17:29:00
به‌شی ( ڕاپۆرت و لێکۆڵینه‌وه ) ئاماده‌کرد ( د. کەمال میراودەلی )



لە, پێشەوە, دەبێ, بڵێم, ئەمە, دیاردەیەکی, ئاسایی, یە, تایبەت, بە, کورد, و, کۆمەڵگای, کوردیی, نییە, بۆیە, سەیر, نییە, کەسانێک, هەبن, بە, ناوی, دینەوە, کوفر, بەرامد, کەمال, میراودەلیجەدەلی, دین, و, جەهالەت, بەشی, یەکەم, لە, پەراوێزی, ناشتن, و, کافراندنی, شێرکۆ, بێکەسدا Tags





په‌خشی ده‌نگی ئازاد


مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی
زنجیره‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه.
ڕۆژی 08/17/2017
کاتژمێر 21:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
فاتیح محمود احمد چیرۆکێکی تری محمد
ڕۆژی 08/11/2017
کاتژمێر 23:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
مێژوە خوێناویەکەی قورئان و محمد
ڕۆژی 08/09/2017
کاتژمێر 22:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا