ده‌قه‌کانی قورئان منیان كرده‌ بێباوه‌ر

ده‌قه‌کانی قورئان منیان كرده‌ بێباوه‌ر


زۆربه‌ی ئه‌و پرسیارانه‌ی ڕووبه‌ڕووم بوونه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌: ئاخۆ چى واى لێكردووم باوه‌ڕم به‌ دینی ئيسلام و ئه‌ڵڵاکه‌ی نه‌مێنێت!

به‌شێوه‌یه‌کی ئاسایی منله‌ منداڵیمه‌وه‌، ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و كات هيچم له‌باره‌ى ئيسلام نه‌ ئه‌زانى و وه‌ك هه‌ر تاكێكى كوردى دیکه‌ موسڵمان بووم، كه‌سێكى باوه‌ردار بووم و ئیسلام دینم و ئه‌ڵڵا ئه‌ڵڵام و قورئان کتێب و موعجیزه‌م بوو.! پێموابوو هيچ كتێبێك يا ئاينێك له‌سه‌ر زه‌وی و له‌ مێژوودا نه‌بووه‌و نيیه‌ ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌م ئاينه‌ پاك و بێگه‌ردو گه‌وره‌ بێت، به‌ڵکو له‌وه‌ زیاتر وه‌ک جوانترين و پاكترين به‌رنامه‌ بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی و بۆ هه‌موو سه‌رده‌مه‌کان و بۆ هه‌موو شوێنه‌کان ده‌مبینی.!!!

 

بيرمه‌ زۆربه‌ى ئه‌و شتانه‌ى که‌ ده‌رباره‌ى ئيسلام نه‌مده‌زانى يان لێىان تێ نه‌ئه‌گه‌شتم به‌ دايكم ئه‌ووت تا بۆم روون بكاته‌وه‌، ئه‌ويش وه‌ك مه‌لايه‌كى شاره‌زا، کورد واته‌نی (دوانزه‌ عيلم) حيكايه‌تی بۆ ده‌گێڕامه‌وه‌، دواتر پێی ده‌گوتم: گه‌ر ئه‌مه‌ و ئه‌مه‌ بكه‌يت ئه‌وا الله ده‌تخاته‌ به‌هه‌شته‌وه‌و ئه‌گه‌ر نه‌یکه‌یت ده‌تخاته‌ دۆزه‌خ و تا ئه‌به‌د له‌ناويدا ده‌سوتێیت.! حيكاياته‌كانى دايكم هه‌ندێک جار خۆش و هه‌ندێک جاری دیکه‌ش سه‌رنج راكێش بوون، به‌ تايبه‌ت حيكاياتى نوح و يونس و داود و لوت و شوعه‌يب و صالح و هارون و قارون..تاد، تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت ئه‌م حيكاياتانه‌م هه‌ر له‌بيرماون، هه‌ندێکیشیان هه‌ڕه‌شه‌و تۆقین بوون، باسى سزای ئاگری دۆزه‌خی تێدا بوو، ئاگری قووڵ، ئاسی سوور، قوڕقوشمی تواوه‌، که‌ ئه‌م باسانه‌ بۆ من جێگاى ترس و گومان و پرسيارو یاخیبوون بوو.

 

که‌ که‌مێک گه‌وره‌ بووم، ئه‌وه‌ی بۆ من بووه‌ جێی تێڕامان ئه‌وه‌ بوو که‌ هه‌ستم کرد به‌شی هه‌ره‌ زۆری حيكاياته‌كانى دايكم سه‌باره‌ت به‌ كوشتن و سزادان و مردن بوو.! له‌ دايكمم پرسى: ئه‌م هه‌موو كوشتنه‌ چيه‌ له‌ ديندا هه‌يه‌؟ ئه‌ى دين په‌يامى ئاشتى نيه‌ بۆ مرۆڤه‌كان.؟

 

دايكيشم ئه‌گوت: ڕاسته‌ ئاینه‌که‌مان په‌يامى ئاشتيیه‌، به‌لام بۆ مرۆڤه‌ بێ باوه‌ڕو كافره‌كان په‌يامى جه‌نگه‌و ئه‌بێت له‌ناو ببرێن بۆ ئه‌وه‌ى دينى خوا سه‌ركه‌وێ!!!

 

ئه‌مپرسیه‌وه‌: ئاخر دايكه‌ ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتن نيه‌ مرۆڤ له‌ پێناو سه‌ركه‌وتنى بيرو باوه‌ره‌كه‌ت بكوژى به‌ڵكو ئه‌مه‌ دۆراندنه‌، ئه‌مه‌ ترسنۆكيه‌!!!

 

هه‌موو جارێكيش دايكم به‌یه‌ک شێوه‌يه‌ وه‌لامى ئه‌دامه‌وه‌ و ئه‌يووت: تۆ مناڵى و هيچ نازانى، كه‌ گه‌وره‌ بوويت هه‌موو شتێكت بۆ روون ئه‌بێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌مه‌شت بۆ روون ئه‌بێته‌وه‌ كه‌ ئاينى ئيسلام چه‌نده‌ گه‌وره‌ و پاكه‌.!

 

كه‌ گه‌وره‌بووم و گه‌یشتمه‌ 17 ساڵ، به‌ به‌رده‌وامی کۆمه‌ڵێک پرسيارى سه‌يرو سه‌مه‌ره‌ له‌ مێشكمدا ئه‌خولانه‌وه‌، به‌لام نه‌ كتێبه‌كانى قوتابخانه‌و نه‌ هاورێكانم و نه‌ دايكيشم نه‌يانتوانى وه‌لامێكى لۆژيكى و قايلكه‌رى پرسياره‌كانم بده‌نه‌وه‌، به‌ڵكو هه‌موو جارێك به‌ ووتنه‌وه‌ى چه‌ند رسته‌يه‌كى سواوی کۆنی باوی هه‌زار جار دووباره‌کراوه‌ ده‌ستیان به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌م ده‌کردو به‌ ئه‌ڵڵاهو ئه‌عله‌م كۆتاييان پێ ئه‌هێنا.!

 

 ئه‌وان، قوتابخانه‌ و دايكم و هاورێكانم، هه‌ميشه‌ له‌ هه‌وڵى كوشتنى پرسياره‌كانى مندا بوون، هه‌ميشه‌ ئه‌يانويست گومانه‌كانم بسڕنه‌وه‌و به‌ بۆچوونی خۆیان (بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌ڵڵا لێم رازى بێ) باشتره‌ گومان له‌ هيچ مه‌سه‌له‌يه‌كى ديندا نه‌كه‌م به‌لكو ئه‌بێت سه‌رله‌به‌رى ئاينى ئيسلامم قبوڵ بێت و جێ به‌جێى بكه‌م..!!!

 

پرسياره‌كانى من زۆر ساده‌ و ساكار بوون و هيچ مه‌به‌ستێكى خراپم نه‌بووه‌، به‌ڵكو ئه‌مويست هۆكارو مه‌به‌ست و ئامانجه‌كان بزانم، بۆ نموونه‌: بۆچى ژیان له‌ وڵاته‌ ئيسلاميه‌كاندا ئه‌وه‌نده‌ ناخۆشه‌ که‌ خه‌ڵکه‌که‌ی هه‌میشه‌ له‌بیری هه‌ڵهاتندا بێت.؟ بۆ زۆربه‌ی دانیشتوانه‌کانیان ڕووت و هه‌ژارن و بێزارن..؟

 

به‌ڵام ئه‌وان باسی قه‌ره‌بووی ئه‌ڵڵایان ده‌کرده‌وه‌ که‌له‌و دوونيا پێیان ده‌به‌خشرێت.!

 

ئه‌مپرسى: بۆچی ئه‌ڵڵا يارمه‌تى ئه‌م هه‌موو خه‌ڵكه‌ برسیه‌ی ئه‌فریقا نادات كه‌ رۆژانه‌ له‌ برساندا ده‌مرن.؟

 

ئه‌وانيش ئه‌يانووت ئاخر ئه‌ڵڵا تاقيانده‌كاته‌وه‌...!!!

 

به‌لام پێيان نه‌ ئه‌ووتم چ تاقیكردنه‌وه‌يه‌ك، چۆن تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک، که‌ی ده‌ست پێده‌کات و که‌ی کۆتایی دێت، کێ ده‌رده‌چێت و کێ  ده‌رناچێت.! ئاخر ئه‌مه‌ چ تاقى كردنه‌وه‌يه‌كه‌ تۆی مرۆڤ له‌ برسا بمریت یان ئه‌ڵلا بتكوژێ!!!

 

ئه‌مووت ئه‌ى باشه‌ ئه‌ڵلا بۆ ئه‌وانه‌ى ئه‌وروپا تاقیناكاته‌وه‌.؟

 

بۆچی ئه‌ڵڵا خه‌ڵکی... سویسرا... تاقیناکاته‌وه‌..؟؟

 

 بۆچی ئه‌ڵڵا خه‌ڵکی.. سوید... تاقیناکاته‌وه‌..؟؟

 

 بۆچی ئه‌ڵڵا خه‌ڵکی... ئۆستارلیا... تاقیناکاته‌وه‌..؟؟

 

 بۆچی ئه‌ڵڵا خه‌ڵکی... دانیمارک... تاقیناکاته‌وه‌..؟؟

 

 بۆچی ئه‌ڵڵا خه‌ڵکی... ئه‌ڵمانیا... تاقیناکاته‌وه‌..؟؟

 

 بۆچی ئه‌ڵڵا خه‌ڵکی... هۆڵه‌ندا... تاقیناکاته‌وه‌..؟؟

 

 بۆچی ئه‌ڵڵا خه‌ڵکی... که‌نه‌دا... تاقیناکاته‌وه‌..؟؟

 

پرسیارێکی ئه‌زه‌لی تر:

 

 بۆ هه‌ر له‌ بنه‌ماوه‌ سزای وڵاته‌ کافره‌ بێ دینه‌کان نادات.؟؟

 

 بۆچی ئێمه‌ له‌ وڵاته‌ هه‌ژارو برسیه‌کان وه‌ک سۆماڵ و کۆمه‌ڵگا دینیه‌کان نه‌بێت ئیتر تاقیکردنه‌وه‌کانی ئه‌ڵڵا نابینین.؟؟

 

 ئایا ئه‌مه‌ به‌خشینێکی وه‌حشیگه‌رانه‌ی ئاسمانیه‌ یان هه‌ر له‌ بنه‌مادا ته‌نها خه‌ڵه‌فاندنه‌.؟؟

 

 ئه‌گه‌ر نا بۆ خوای غه‌یب و به‌ توانا پێویستی به‌ تاقیکردنه‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌یه‌.؟؟

 

 ئایا ئه‌و خوایه‌ غه‌یب نازانێت و نازانێت که‌ پاشه‌ ڕۆژ چی ڕووده‌دات.؟؟

 

 ئه‌وانيش ئه‌يانووت ئه‌مانه‌ كافرن و الله ده‌ستى لێ شۆردوون!!!

 

نه‌بوونى وه‌ڵامێكى لۆژيكى و قايلكه‌ر، له‌لايه‌ن دايكم و هاورێ و مه‌لاو ئاینزاکان، گومان و پرسياره‌كانى منى دوو هێنده‌ زياد كردو منى په‌لكێش كرد بۆ خوێندنه‌وه‌ى كتێب، چه‌ندين ساڵ به‌ به‌رده‌وامی کتێبم خوێندنه‌وه‌، به‌تایبه‌تی ئه‌و کتێبانه‌ی که‌ خودی موسڵمان و موسڵمانگه‌راکان نوسیبویان، به‌لام ئه‌و کتێبانه‌ نه‌يانتوانى ببنه‌ وه‌لامێكى لۆژيكى و دروست و زانستی بۆ پرسيارو گومانه‌كانم، بۆيه‌ په‌نام برده‌ به‌ر خوێندنه‌وه‌ى كتێبه‌ فه‌لسه‌فيه‌كان، به‌ تايبه‌ت كتێبه‌كانى (نيچه‌ و ماركس و شوبنهاوه‌ر و هايدگه‌ر) ئه‌وانیش، به‌ هۆى به‌كارهێنانى چه‌ندين ووشه‌ى فه‌لسه‌فى له‌ كتێبه‌كانيان، كه‌ من نه‌م ئه‌زانى مانايان چيه‌،‌ تێگه‌شتن لێیان دژوار بوو، هه‌رچه‌ند خوێنده‌وه‌ى ئه‌مانه‌ بۆ من ئه‌زمونێكى ته‌واو جياواز و جوان بوون و منيان كرده‌ كه‌سێك كه‌ هه‌رگيز نه‌گه‌رێمه‌وه‌ دۆخى پێش خوێندنه‌وه‌ىان، به‌ڵام نه‌يتوانى وه‌لامى پرسياره‌کانی من بده‌نه‌وه‌، به‌لكو گومان و پرسياره‌كانى منيان زياتر و زياتر كرد ده‌رباره‌ى ئيسلام و الله.!

 

بيرمه‌ يه‌كه‌مجار كه‌ گومانم له‌ نه‌بوونى الله كرده‌وه‌ زۆر زۆر ترسام.!! تا دره‌نگانى شه‌و نه‌ده‌خه‌وتم و به‌ خۆمم ده‌گوت ناكرێ و ناشێت الله بوونى نه‌بێت.؟ ئه‌مگووت گه‌ر الله بوونى نه‌بێ ئه‌م دوونيایه‌ چۆن دروست بووه‌و ئه‌م مرۆڤانه‌ چۆن دروست بوون?

 

له‌ خوێدنه‌وه‌ی كۆماره‌كه‌ى ئه‌فلاتۆن، زه‌رده‌شت وه‌هاى گوت، یاخیبوونه‌که‌ی نيچه‌و سه‌رمايه‌که‌ی ماركسه‌وه‌ هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌و په‌نام برد بۆ خوێندنه‌وه‌ى دوو کتێب، باشتر بڵێین بڵێم دوو سه‌رچاوه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ هه‌ره‌ دیاره‌کانی ئیسلام ئه‌وانیش قورئان و حه‌ديسه‌كان بوون. بۆچوونم وابوو به‌ خوێندنه‌وه‌ى ئه‌مانه‌ هه‌م وه‌لامى پرسياره‌كانم چنگ ئه‌كه‌وێ هه‌م گومانه‌كانم نامێنن.

 

به‌راستى هه‌ر واش ده‌رچوو، خوێندنه‌وه‌ى قورئان و صه‌حيحه‌کانی بوخاری و موسليم، ته‌فسیره‌کانی ابن کثیرو قورتوبی و ئه‌وانی دی، ژیاننامه‌ی موحه‌ممه‌دو چه‌ندانی دی له‌مم کتێبه‌ موعته‌به‌رانه‌ی ئیسلام، بۆ من به‌س بوون تا گومانه‌كانم ده‌رباره‌ى ئيسلام و الله بڕه‌وێنه‌وه‌.!

 

ئه‌و كاتانه‌ی که‌ قورئان و حه‌دیسه‌ صه‌حیحه‌کانم ده‌خوێنده‌وه‌ تووشى گه‌وره‌ترين شۆك ده‌بووم.! به‌شێكى زۆرى قورئان و حه‌ديس بۆ هاندانى مسوڵمانان ته‌رخان كراوه به‌ مه‌به‌ستى كوشتن و برينى ئه‌وانى دى‌، ژن وه‌ک مرۆڤێکی ته‌واو ته‌ماشا نه‌کراوه‌و له‌ ڕيزى سه‌گ و خۆڵ و خاشاک و ته‌نه‌که‌و گوێدرێژدا دانراوه‌، زۆرو زۆری تر که‌ له‌م باسه‌ کورته‌دا جێیان نابێته‌وه‌، به‌ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م زانیاریانه‌ له‌ خه‌وێكى قوڵ راچله‌كایم، نه‌ سه‌رمايه‌كه‌ى ماركس، نه‌ كوفره‌كانى نيچه‌، منىان نه‌كرده‌ بێباوه‌ڕ، به‌لكو ئه‌وه‌ى منى كرده‌ بێباوه‌ڕ ده‌قه‌کانی قورئان و حه‌ديسه‌كانى موحه‌ممه‌د بوون، ئیتر دڵنیابووم که‌ وه‌ڵامی دروستی خۆمم چنگ که‌وتووه‌.

 

تێبینی:

بۆ ئه‌م نوسینه‌ که‌ڵکم له‌و بابه‌تانه‌ وه‌رگرتووه‌ که‌ مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی له‌ په‌یجه‌که‌ی خۆیدا بڵاوی کردونه‌ته‌وه‌.

 



ڕێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه 2013-02-04 16:43:00
به‌شی ( ئیسلام ) ئاماده‌کرد ( شنۆ موحه‌ممه‌د )



زۆربه‌ی, ئه‌و, پرسیارانه‌ی, ڕووبه‌ڕووم, بوونه‌ته‌وه‌, ئه‌وه‌یه‌, ئاخۆ, چى, واى, لێكردووم, باوه‌ڕم, به‌, دینی, ئيسلام, و, ئه‌ڵڵاکه‌ی, نه‌مێنێتشنۆ, موحه‌ممه‌دده‌قه‌کانی, قورئان, منیان, كرده‌, بێباوه‌ر Tags





په‌خشی ده‌نگی ئازاد


مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی
زنجیره‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه.
ڕۆژی 08/17/2017
کاتژمێر 21:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
فاتیح محمود احمد چیرۆکێکی تری محمد
ڕۆژی 08/11/2017
کاتژمێر 23:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
مێژوە خوێناویەکەی قورئان و محمد
ڕۆژی 08/09/2017
کاتژمێر 22:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا