خالید ڕه‌نجده‌ر: وەڵامێك بۆ وەڵامەكەی مەریوان ھەڵەبجەیی

 

من بابەتێكم بە ناوی (مەریوان ھەڵەبجەیی ھیچ داھێنانێكی نوێی لە دژایەتی ئیسلامدا نەكردوە) لە پێگەی (ڕێگا) لەسەر بابەتەكەی ئەو بە ناوی (دڵشاد گەرمیانی تاجی سەرمانە) بڵاوكردەوە. مەریوانیش لە بابەتێكدا بە ناوی (وه‌ڵامێک بۆ خالید ڕه‌نجده‌ر: ئه‌خلاقی دینی و مه‌عریفه‌ی نوسین له‌ ئیسلامدا) وەڵامی منی داوەتەوە. منیش لێرەدا ھەوڵ دەدەم ڕونكردنەوەیەك بدەم لە سەر ھەندێك وشەی عەرەبی و كوردی كە ئەو تیایاندا كەوتۆتە ھەڵەوە و پێی وایە ئێمە لە وشە و ڕێزمانی كوردی بێ خەبەرین.


مەریوان ھەڵەبجەیی ھەوڵی داوە زیاتر وشەی (يَغْضُضْنَ) عەرەبیمان بۆ ڕون بكاتەوە كە پێشتر بە (چاو شۆڕكردنەوە) مانای كردبو. مەریوان ھەڵەبجەیی ڕەخنەی لە ماناكردنەكەی من گرتوە بەوەی وشەی (چاویان بگرنەوە)م بەكارھێناوە و ئەوەش لە كوردیدا نیە و نازانێت من لە كوێوە ئەو وشەیەم ھێناوە.


ھەروەھا دەڵێ: دوای ئه‌م کتێبانه‌ش ته‌ماشای ڕاڤه‌کاره‌ باوه‌ڕپێکراوه‌کانی جیهانی ئیسلامیم کردو دێڕ به‌ دێڕی ته‌فسیره‌که‌ی ئیبن که‌سیرو ته‌به‌ری و جه‌لاله‌ین و قورتوبیم خوێنده‌وه‌ یه‌ک وشه‌م تێیاندا نه‌بینی باسی چاوگرتنه‌وه‌ بکات.!! ئیتر نازانم کاک خالید له‌کوێوه‌ ئه‌م وشه‌یه‌ی هێناوه‌.!


ھەر خۆشی دەڵێ: له‌ کلتوری کوردیدا بیستومانه‌ که‌ ئاوی به‌لوعه‌ ده‌گیرێته‌وه‌ یان ده‌ست بگرین به‌ شته‌وه‌، بۆ نموونه‌ ده‌ستگرتن به‌ زیاده‌ مه‌سره‌فیه‌وه‌، یان ده‌ستگرتن به‌ که‌واو سه‌ڵته‌ی ئاغاو په‌یامبه‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌مانه‌ مانای مه‌جازییان هه‌یه‌و نه‌ زیاده‌ مه‌سره‌فی ده‌گیرێت و نه‌که‌واو سه‌ڵته‌ی په‌یمبه‌ریش ده‌گیرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی کوردیماندا ئه‌م زاراوانه‌ ژیاون و بیستومانن بۆیه‌ پێیان نامۆ نین، به‌ڵام نه‌مانبیستووه‌ که‌ که‌سێک له‌به‌رامبه‌ر بینیندا چاوبگرێته‌وه‌.! خۆزگه‌ بینوسیبایه‌ چاوتان بگرن، واته‌ له‌و کاته‌دا ده‌ستتان بخه‌نه‌ سه‌ر چاوو ته‌وێڵتان، ئه‌مه‌ ده‌بوو، به‌ڵام ئه‌و ئه‌مه‌ی نه‌نوسیوه‌و نوسراوه‌ چاوتان بگرنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌ کورد نامۆیه‌و جگه‌ له‌ پیاوه‌ ئاینیه‌کان که‌س سوودی لێ وه‌رنه‌گرتووه‌.


مەریوان ھەڵەبجەیی كە دەڵێ نەمانبیستوە كە كەسێك لەبەرامبەر بینیدا چاوبگرێتەوە. ئەو ئەمە بە نامۆ دەزانێ چونكە ماناكەی خۆی بۆ وشە عەرەبیەكە بەڕاست دەزانێ.


مەریوان ھەڵەبجەیی ھەر خۆی لێرەدا دانی بەوەدا ناوە كە توێژێك لە كۆمەڵگەی كوردی وشەی (چاوتان بگرنەوە) یان بەكارھێناوە، ئەویش مەلاكانە. دەبێ مەریوان ھەڵەبجەیی ئەوە بزانێ كە ماناكردنی مەلا و داعیە ئیسلامیەكان بۆ چەمكە ئیسلامیەكان راستترە لە ماناكردنی خەڵكانی تری دور لە ئایین.


من پێموایە مانای ھەردو وشەی (يغضض) و (غمض) كە مەریوان ھەڵەبجەیی لە تەفسیرەكانەوە ھێناونی كە (داخەن و بپارێزن)ن لە تەفسیرەكاندا بە مانای (غلق، اغلاق و حفظ، احتفاظ) نایەت كە مەریوان ھێناونی. چاوتان بگرنەوە یان داخەن بە مانای (غلق، اغلاق) نایەت. ھەروەھا بپارێزن بە مانای (حفظ، احتفاظ) نایەت چونكە (حفظ) مانای خەزنكردن دەگەیەنێت. (احتفاظ)یش بە مانای ھێشتنەوە دێت، بۆ نمونە: ئەو دەفتەرە لای خۆت بھێڵەوە. ئەمانە ھیچیان مانای (يغضضن) و (غمض) نادەن. ھیچ نەتەوەیەك ناتوانێ دەقاودەقی وشەی زمانی نەتەوەیەكی تر بگۆڕێت بۆ سەر زمانی خۆی، لەبەر ئەوە ھەوڵ دەدرێ نزیكترین وشە بدۆزرێتەوە كە تا رادەیەك ماناكە بگەیەنێت. ئەگەر ھاتو وشەیەكیشیان داتاشی نامۆ دەبێت. عەرەب وشەی (تەلەفۆن)یان كرد بە (ھاتف) كە لە كرداری (ھتف) یان بانگكردن و ھاوار بۆ كردنەوە ھاتوە، بەڵام عەرەب بە گشتی بەكاری ناھێنێت. نەرویجیەكان وشەی (تەلەفیزیۆن)یان كردوە بە (فیارن شین) واتە ئەو شتەی لە دورەوە سەیر دەكرێ. بەڵام تا ئێستاش ئەو وشەیە لە فەرھەنگی ئەواندا جێگیر نەبوە و خەڵك وشەی (تێ ڤێ) بەكاردێنن.


ئەگەر بێینەوە سەر باسی وشەی (يغضضن) یان (غمض) دەبینین وشەی (غضَّ)ی عەرەبی بۆ (دەنگ) و (بینین)یش بەكاردێت. (يَغْضُضْنَ مِنْ أَبْصَارِهِنّ) و (وَاغْضُضْ مِنْ صَوْتِكَ)، یەكەم بە مانای (چاوتان لە سەیركردنی پیاوی نامەحەرم بگرنەوە و، دوەمیش بە مانای دەنگت نزم بكەرەوە یان دەنگت كەم كەرەوە) دێت. بەر جۆرە ئێمەش وشەی كوردیمان ھەیە بە چەندین جۆر بەكاردێت و چەندین ماناش دەبەخشێت. لەبەر ئەوە (چاوتان بگرنەوە) من بیستومە و مەریوان ھەڵەبجەیی نەیبیستوە. ڕۆژوش (خۆگرتنەوەیە) لە خواردن و خواردنەوە و ئەنجامدانی كاری ژن و مێرد. ڕەنگە مەریوان ھەڵەبجەیی لە وشەی (كاری ژن و مێرد) ڕەخنەم لێبگرێ و بڵێ نەمانبیستوە، بەڵام من پێشەكی پێی دەڵێم كە پارێزەر مستەفا عەسكەری برای عەلی عەسكەری لە ساڵی 1981 دا لەسەر كۆمەڵی (حەقە)ی نوسیوە و محمدی مەلا كەریمیش كە پەراوێزی بۆ كتێبەكەی نوسیوە ئەو وشەیەی بەكارھێناوە و وتویەتی: ژن و پیاوی حەقە خوشك و برای یەكتر بون و كاتێك پێكەوە خەوتون حەوت كێویان لە نێواندا بوە و كاری ژن و مێردایەتیشیان ئەنجام داوە. حەوت كێوەكەش مەبەستیان ئەوەبوە كە گڵی حەوت كێویان خستۆە پریاسكەیەكەوە و لە بن لێفەكەدا لە نێوان خۆیاندا داناوە.


سەبارەت بەوەی من ڕەخنەم لێگرتوە كە پیتی (قـ)ی لە نێوان چەند وشەیەكدا بەكارھێناوە بۆ ماناكردنی (الفرج) و من وتومە ھەمو كوردێك دەزانێ ئەو پیتە سەرەتای چ وشەیەكە. من نەمویستوە بڵێم وشەكە بازاڕیە، بەڵام مەریوان ھەڵەبجەیی خۆی ئاماژەی پێداوە كاتێك كە دەڵێ: (ئه‌مه‌ ڕه‌خنه‌که‌ی ئه‌وه‌و ئیتر ئه‌و باسی ئه‌وه‌ ناکات که‌ شیکردنه‌وه‌م بۆ ئایه‌ته‌که‌ هه‌ڵه‌یه‌ تا منیش وه‌ڵامی بده‌مه‌وه‌و بۆی بسه‌لمێنم که‌ڕاستم، به‌ڵکو ئه‌و داوای ده‌ربڕینێک ده‌کات که‌له‌گه‌ڵ ئادابی گشتیدا بێته‌وه‌. منیش نکوڵی له‌مه‌ ناکه‌م و داوایه‌کی ڕه‌وایه‌، ده‌کرێ و ده‌شێت، جێی خۆیه‌تی ئێمه‌ هه‌وڵ بده‌ین جوان بدوێین، به‌تایبه‌تی ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ی که‌په‌یوه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تییان به‌ کۆمه‌ڵی موسڵمانانه‌وه‌ هه‌یه‌، چونکه‌ ئه‌و جۆره‌ کۆمه‌ڵانه‌ له‌ناو کۆمه‌ڵگا ئیسلامیه‌کاندا له‌سه‌ر شێوازێک په‌روه‌رده‌ ده‌کرێن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و جۆره‌ وشانه‌دا شه‌رمن بن.)
لێرەدا مەریوان ھەڵەبجەیی دانی بەوەدا ناوە كە (جوان بدوێین). من وا لەمە تێدەگەم كە مەریوان ھەستی كردوە ڕێسای ئادابی گشتی لە گەڵ موسوڵماناندا رەچاو نەكردوە.


لێرەدا من لە ئاست وشەی (شەرمن) ھەڵوێستەیەك دەكەم و دەڵێم: ئێمەی موسوڵمان شەرمن فێر نەكراوین، بەڵكو بە ئەدەب فێركراوین. خۆ ئێمەش دەتوانین ھەمان ئەو وشانە بەكاربێنین كە مەریوان ھەلەبجەیی بەكاری ھێناون و ئێمەش كوردین و لە كۆمەڵگەی كوردەواریدا گەورە بوین و ئەوانەمان بیستوە، بەڵام دینەكەمان بەو جۆرە فێری نەكردوین كە قسەی بازاڕی تێكەڵ قسەی جیددی و زانستی بكەین.
من لە مەریوان ھەڵەبجەیی دەپرسم: ئایا كام ڕۆشنبیرەی كورد پیتی (قـ) ی یان ھەمو وشەكەی بەكارھێناوە بۆ گوزارش لە مانایەك كە خۆی ویستویەتی؟ ئایا خۆپاراستن لە بەكارھێنانی ئەو جۆرە وشانە نیشانەی ڕۆشنبیریی نەبوە؟ ئایا ئەو كەسانەی ئەو جۆرە وشانەیان بەكارھێناوە خەڵك چۆن سەیری بابەتەكانیان كردون؟


لە ساڵی ھەفتاكاندا ھەندێ بابەت لە ڕۆژنامە و گۆڤارە كوردیەكاندا دەنوسران و ھەندێك وشەی نامۆی بەكارنەھاتویان تێكەڵ دەكردن و ھەر ئەو بابەتانە ببونە جێی رەخنە و رەخنەكاری نوسەر و ڕۆشنیرەكانی ئەو سەردەمە. ئێستاش بیرم ماوە كە نوسەرێك لە گێرانەوەی بەسەرھاتێكدا بە ناوی كەسایەتی بەسەرھاتەوەكەوە كە كوڕێكی گەنج بو نوسیبوی كە ئەو كوڕە لە دوكاندارێكی پرسی (خاڵە دەرپێ ھەیە؟). بەكارھێنانی ئەو رستەیە لە چاو وشەی (قـ و ك)ی مەریوان ھەڵەبجەییدا ھەر ھیچ نەبو كەچی بازاڕێكی رەخنەی زۆر گەرمی دروست كردبو و ئەو كاتەش ئیسلامیەكان ناویان لە ئارادا نەبو.


كەواتە مەریوان ھەڵەبجەیی یان ناچێتە ناو كۆمەڵگەی كوردەواریەوە و تەنھا لەناو گروپێكدا دەخولێتەوە، یان بە ئەنقەست ئەو وشانە بەكاردێنێت و دەیەوێ پێمان بڵێ (خۆشیتان بێ یان ترشی دەبێ ئەو وشانە بەو شێوەیە قبوڵ بكەن كە ئێمە مانایان بۆ دەكەین.


مەریوان ھەڵەبجەیی بەردەوام لە باسی ئەو پیتەدا دەڵێ: (به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ کاک خالید نایزانێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ دونیای نوسینی زانستی گرنگی به‌و نوسینانه‌ نادات کامه‌یان شه‌رمن و کامه‌یان بێ حه‌یایه‌.! به‌تایبه‌تی له‌ دووکاتدا، کاتێک که‌ نوسینێکی زانستی ده‌نوسین ناچارین په‌نا بۆ حه‌قیقه‌ت یا بۆ وێنه‌یه‌کی ته‌واو ڕوون ببه‌ین، ئه‌وی تریان ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌ربڕینی یان نوسینی وشه‌یه‌ک به‌شه‌رمن ده‌زانن که‌ له‌ هه‌گبه‌یاندا وشه‌ یان ده‌ربڕینی خراپتریان به‌کار نه‌هێنابێ.)


من دەڵێم: مەریوان ھەڵەبجەیی لە كۆلێژی پزیشكی باسی لەشی مرۆڤ بۆ قوتانیەكانی ناكات. ئەگەر مامۆستاش بوایە بڕوا ناكەم بیتوانیانە ئەو وشەیەی بە زەق و ئاشكرا بكردایە. مەریوان ھەڵەبجەیی تەفسیری ئایەتمان بۆ دەكات و رەخنە لە دین دەگرێ و، بۆ ئەوەی دیندارەكانیش بابەتەكانی بخوێننەوە دەبێ ئەو جۆرە باسانە بە ئەدەبی دینیەوە باس بكات. بەو جۆرە باسیان بكات كە لە ناو كۆمەڵگەی موسوڵماندا قبوڵ دەكرێن و گوێیان بۆ دەگیرێ. ئەگەر بەو جۆرەش باسیان نەكات بۆ ئێمە نابێتە كێشە. بۆ خۆیان دەبێتە كێشە و بابەتەكانیان ناخوێندرێنەوە.


بۆ ئەم وشانەش كە ڕیزی كردون (المباضعة، الملامسة، المضاجعة، المقارفة، المفاخذة، المباطنة، المعافسة، المجامعة، المراودة، المباشرة، المخادنة، المناكحة، المواقعة، الرفث، الاتيان، الاعتلاء، الامتطاء، الركوب.) ئێمە دەبێ بزانین كە ئیسلام لەناو قەومێكدا ھات كە دەشتەكی بون و بەو وشانە نەبوایە لە راستیەكان تێ نەدەگەیشتن. قورئان و پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) بە زمانێك قسەیان بۆ كردون كە لێی تێبگەن. كاتێك پێغەمبەری خوا (درودی خوای لەسەر بێت) بە (ئەسلەمی) وتوە: (أَنِكْتَهَا) مەبەستی ئەوە نەبوە كە سوكایەتی بە ژن بكات، ئەو ئەو وشەیەی بەكارھێناوە كە ئەسلەمی لێی دەگات. بۆ ئەوەبوە كە بۆی ڕون بكاتەوە كە ئەوەی ئەو كردویەتی زینایە.


لە كۆتاییدا دەڵێم: ئیسلام لە بەكارھێنانی ئەو جۆرە وشانە شەرم ناكات و بەكاری دێنێت مادام ھەندێك لە خەڵكەكەی وانەبێت لە راستیەكان ناگەن. باشە بۆچی ئێمە رەخنە لە مەریوان ھەڵەبجەیی دەگرین كاتێك پیتی (قـ) بەكاردێنێت و ڕەخنە لەو ھەمو زانا ئیسلامیانە ناگرین كە ڕون و ئاشكرا ئەو وشانەی سەرەوەیان لە تەفسیرەكانیاندا بەكارھێناوە؟ لە وەڵامدا دەڵێم: ئێمە بۆیە ڕەخنە لەو زانایانە ناگرین چونكە ئەوان ھەوڵیان داوە بەو وشانە راستیەكانمان بۆ ڕون بكەنەوە و ئەوان سوكایەتیان بە ئیسلام نەكردوە، بەڵام مەریوان ھەڵەبجەیی نە مەلایە و نە داعیەیەكی ئیسلامیە تاكو بڵێین ڕاستیەكانمان فێر دەكات. مەریوان ھەڵەبجەیی ھەرچەندە پێشی ناخۆشە وشەی سوكایەتی بەكاربێینین، بەڵام ئەو سوكایەتی بە ئیسلام دەكات، لەبەر ئەوەیە موسوڵمانان بابەتەكانی ڕەت دەكەنەوە.


ئێمە ئەگەر بزانین بابەتەكانی مەریوان ھەڵەبجەیی بۆنی سوكایەتی لێنایەت ھیچ كێشەیەك نیە و ھەمو خەڵكی بە گرنگیەوە بابەتەكانی دەخوێننەوە. منیش داوا لە مەریوان ھەڵەبجەیی ناكەم لەبەر من یان لەبەر ئادابی گشتی بە ئەدەبەوە قسە بكات. ئەو ئارەزوی خۆیەتی چۆن دەنوسێت با بنوسێت، بەڵام دەبێ چاوەڕوانی ئەوەش بكات كە ڕەخنەی لێ دەگیرێ و، نەك بابەتەكانی بە دڵی ھەمو كەسێك نین، بەڵكو خەڵكێكی زۆریش بریندار دەكەن.

 

 وه‌ک خۆی له‌ماڵپه‌ڕی ڕێگا وه‌رگیراوه‌

ڕێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه 2012-11-24 15:23:00
به‌شی ( مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی ) ئاماده‌کرد ( خالید ڕه‌نجده‌ر )



من, بابەتێكم, بە, ناوی, مەریوان, ھەڵەبجەیی, ھیچ, داھێنانێكی, نوێی, لە, دژایەتی, ئیسلامدا, نەكردوە, لە, پێگەی, ڕێگا, لەسەر, بابەتەكەی, ئەو, بە, ناوی, دڵشاد, گەخالید, ڕه‌نجده‌رخالید, ڕه‌نجده‌ر, وەڵامێك, بۆ, وەڵامەكەی, مەریوان, ھەڵەبجەیی Tags





په‌خشی ده‌نگی ئازاد


مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی
زنجیره‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه.
ڕۆژی 08/17/2017
کاتژمێر 21:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
فاتیح محمود احمد چیرۆکێکی تری محمد
ڕۆژی 08/11/2017
کاتژمێر 23:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
مێژوە خوێناویەکەی قورئان و محمد
ڕۆژی 08/09/2017
کاتژمێر 22:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا