لای من کێ ڕۆشنبیره‌

 

 

وتارێکی مه‌ریوان وریا قانع له‌په‌یجی فه‌یسبووکی خۆی له‌مه‌ڕ که‌سایه‌تی ڕۆشنبیر، سه‌رنجی ڕاکێشام، هه‌ر له‌به‌رێ ویستومه‌ منیش به‌ دیوێکی تردا بابه‌تێک بینوسم و له‌هه‌مان ڕه‌هه‌نده‌وه‌ ڕۆشنبیر پێوه‌ر بکه‌م. من چه‌ند هه‌ڵوێستێکم هه‌ن که‌ ڕۆشنبیرانیان پێ ده‌پێوم، بۆ له‌مه‌ودواش ئه‌م پێوانه‌کردنه‌م هه‌ر ده‌مێنن، هه‌رگیزاو هه‌رگیز لێیان په‌شیمان نه‌بومه‌ته‌وه‌و نابمه‌وه‌، بۆ به‌رگریلێکردنیان پێویستیم به‌ خوێنی زیاتره‌:

 

پێوه‌ری یه‌که‌م:

له‌ هه‌ر کات و شوێن و بارودۆخێکدا، له‌لایه‌ن هه‌ر که‌س و لایه‌نێکه‌وه‌ بێت، ئه‌گه‌ر (منداڵ و ئه‌و که‌سانه‌ی نه‌خۆشیی ده‌روونیان هه‌یه‌) به‌کارببرێن (استغلال) ئه‌گه‌ر سوور بزانم بۆ سوودو به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیان بووه‌، له‌لای من جێی قبوڵ نییه‌و تا سه‌ر ئێسقان دژی ده‌وه‌ستمه‌وه‌.

کارو جوڵه‌و گه‌شه‌ی ئه‌قڵ و بیکردنه‌وه‌ی هه‌ردووکیان له‌و ئاسته‌دا نین بتوانن بڕیاری دروست بۆ خۆیان بده‌ن، بۆیه‌ ناکرێت ئه‌م دیارده‌ سروشتیه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت قۆرخ بکه‌ین و به‌کاریان ببه‌ین.

 

پێوه‌ری دووهه‌م:

له‌ هه‌ر کات و شوێن و بارودۆخێکی ئایینیدا بێت، له‌لایه‌ن هه‌ر که‌س و گروپ و ڕێکخراوو هه‌ر ده‌زگایه‌کی ئیسلامیه‌وه‌ کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و سایکۆلۆژی بۆ ئافره‌ت دروست ببێت، ئه‌گه‌ر سوور بزانم ئافره‌ته‌که‌ (هه‌ڵه‌)شی کردووه‌ من هه‌ر ده‌بمه‌ پاڵپشتی و تا سه‌ر ئێسقان به‌رگری لێ ده‌که‌م.

هه‌موو به‌رهه‌مێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سایکۆلۆژی کۆمه‌ڵگاکان په‌یوه‌ندییه‌کی توندو تۆڵی به‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌م به‌رهه‌مه‌ له‌ کۆمه‌ڵگا ئاینیه‌کانیشدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و وه‌عزو واعیزانه‌ی که‌ هه‌ڵتۆقیوی ئایینن و  ئاینزاکان کردویانه‌ته‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌. مێینه‌کان، هه‌ر له‌ منداڵییانه‌وه‌ تا گه‌وره‌بوونیان له‌ناو شه‌ریعه‌ته‌کانی ئاییندا گرمۆڵه‌ ده‌کرێن و حه‌زو ئاره‌زووه‌کانی پیاوانیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت. بۆیه‌ ئه‌م ڕه‌گه‌زه‌ له‌به‌رهه‌می ناکۆکیه‌کانی ژیانی ئه‌م جۆره‌ کۆمه‌ڵگایانه‌ به‌رپرسیار نییه‌ له‌هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ک که‌ خودی پیاوان کردویانه‌و ئه‌مانیان پێ تاوانبار کردووه‌، دروست نییه‌ سزای که‌سێک بده‌ین ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕێکه‌وت و وه‌ک به‌رهه‌مێکی سروشت ڕه‌گه‌زێکی مێینه‌یی هه‌یه‌و به‌ کرده‌یه‌ک تاوانباری بکه‌ین که‌هه‌ر له‌ بنه‌مادا ویستی کردنی ئه‌وی له‌سه‌ر نییه‌و نه‌بووه‌.

 

پێوه‌ری سێهه‌م:

له‌ هه‌ر کات و شوێن و بارودۆخێکدا، له‌لایه‌ن هه‌ر که‌س و لایه‌نێکه‌وه‌ بێت، یاساو ڕێسای ئایین به‌گشتی و ئیسلام به‌تایبه‌تی بکرێته‌ سه‌رچاوه‌ بۆ چاکسازی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و یاسایی و زانستی، ئه‌گه‌ر سووریش بزانم نیه‌تی باشی له‌پشته‌وه‌یه‌، له‌لای من جێی قبوڵ نییه‌و تا سه‌ر ئێسقان دژی ده‌وستمه‌وه‌.

باوه‌ڕی ئایینزاکان وایه‌ که‌ شه‌ریعه‌ته‌کان به‌رهه‌می مرۆڤایه‌تی نین تا قسه‌یان له‌سه‌ر بکرێت و گۆڕانکاریان تێدا بکرێت، به‌ڵکو له‌ ئاسمانه‌وه‌ دابه‌زیون و قابیلی گۆڕان نین. هه‌روه‌ها باوه‌ڕی پته‌ویان هه‌یه‌ که‌ یاساو ڕێساو بیرو تێزو ئه‌خلاقی ئایین پیرۆزه‌و جێی ڕێزه‌ نه‌ک ڕه‌خنه‌گرتن، کاریگه‌رییه‌کانی مه‌کان و زه‌مان ناتوانن گۆڕانکاری به‌سه‌ردا بهێنن. له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ بۆ ئه‌به‌د هه‌روا بووه‌و هه‌رواش ده‌بێت.

جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئایین له‌زۆر ناوچه‌و ده‌سه‌ڵاتی هه‌مه‌جۆردا سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌م و سه‌ره‌کی بووه‌ بۆ په‌یڕه‌وکردنی ژیانی هه‌مه‌لایه‌نه‌، به‌ درێژایی مێژووی ده‌رکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی خۆی جگه‌ له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی ڕۆژگاره‌ خوێناویه‌کان هیچی دیکه‌ی نیشانی ئێمه‌ نه‌داوه‌، به‌ تایبه‌تیش ئیسلام که‌ یاسای لێدان و ڕه‌جم و کوشتن و ده‌ستبڕین و سه‌ربڕینی تێدایه‌و یه‌ک نموونه‌ی به‌رجه‌سته‌ی نییه‌ بیبینین کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌خته‌وه‌ر کردبێت، هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تێنه‌گه‌یشتن و ناکۆکییه‌ ناوخۆییه‌کانی زیاتره‌ له‌ یاساو ڕێساکانی، مردن و کوشتن تێیدا زیاتره‌ له‌ ژیان و خۆشه‌ویستی. ئاشته‌وایی له‌ ئیسلامدا زیاتر له‌هه‌ر شتێکی تر دروشمه‌و به‌درێژایی مێژوو نه‌یتوانیوه‌ ببێته‌ پراکتیک، له‌مێژوویدا هه‌روا بووه‌و له‌ئاینده‌شیدا باشتر نابێت، کارێکی لۆژیکی نییه‌ بۆ ئێمه‌ ئه‌زموونه‌ تاڵ و دۆڕاوه‌کانی مێژوو دووباره‌ بکه‌ینه‌وه‌.

 

پێوه‌ری چوارهه‌م

بۆ هه‌میشه‌  له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌ڕوانمه‌ (کات)، له‌ ئه‌نفاله‌وه‌ ده‌ڕوانمه‌ (شوێن). له‌هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌ڕوانمه‌ (خه‌ڵک)و له‌ ئه‌نفاله‌وه‌ ده‌ڕوانمه‌ (خوا).

 

پێوه‌ری پێنجهه‌م:

له‌ هه‌ر کات و شوێن و بارودۆخێکدا، له‌لایه‌ن هه‌ر که‌س و لایه‌نێکه‌وه‌ بێت، هاوکاریه‌ک یان هه‌ڵوێستێک هه‌بێ و پشتگیری له‌ ئازادی بیروڕاو بکات، مه‌به‌ستی بێت کۆمه‌ڵگا به‌یه‌کسانی و له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌ده‌نیی، فره‌یی، دیموکراتی و دوور له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئایین بژی، ئه‌گه‌ر سوور بزانم ده‌بمه‌ قوربانی و هه‌رچی به‌رژه‌وه‌ندیم هه‌یه‌ له‌ده‌ستی ده‌ده‌م، به‌رز ده‌ینرخێنم، له‌گه‌ڵی ده‌بم و تا سه‌ر ئێسقان به‌رگری لێ ده‌که‌م.

ته‌واوی ئه‌و یاساو ڕێسایانه‌ی که‌ له‌ مێژوودا حوکمڕانیان کردووه‌، به‌ دینی و غه‌یری دینیه‌وه‌‌، پڕن له‌لاپه‌ڕه‌ی ڕه‌ش و خوێناوی. له‌ مێژوودا سه‌دان ده‌وڵه‌تی کراوه‌ی ده‌ستوری زه‌مه‌نی و سه‌دان ده‌وڵه‌تی داخراوی شه‌ریعه‌تی دینی هه‌بوون، یه‌ک کۆمه‌ڵگایان تێدا هه‌ڵنه‌که‌وتووه‌ که‌رامه‌تی تاک و کۆمه‌ڵگاکه‌ی پاراستبێت، نه‌ له‌ مێژوودا توانیویانه‌ نه‌ له‌ئاینده‌شدا بۆیان ده‌لوێت. به‌ڵام دوای تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌نێکی درێژ ئه‌وه‌ ده‌رکه‌وتووه‌ که‌ ئه‌و ده‌ستورانه‌ی له‌ پرۆسه‌یه‌کی دیموکراتیدا گه‌شه‌یان کردووه‌ له‌هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌کانی دیکه‌ی ئێستاو مێژوو که‌مترین زیانیان بۆ ئینسانیه‌ت هه‌بووه‌و زۆرترین به‌خته‌وه‌ریان به‌ مرۆڤایه‌تی به‌خشیوه‌. زۆر هه‌وڵدراوه‌ به‌ڵام نه‌توانراوه‌ به‌ باشترین پرۆسه‌ی شه‌ریعه‌تی دینی شوێن به‌ خراپترین پرۆسه‌و چه‌مکی دیموکراتی لێژ بکرێت.

 

به‌م پێنج پێوه‌ره‌وه‌ ده‌ڕوانمه‌ شته‌کان، ناکرێت بڕوامان به‌هه‌ندێکی هه‌بێ و ئه‌وانی دیکه‌ی پشتگوێ بخه‌ین، هه‌ر پێنجیان پێکه‌وه‌ گرێدراون. ئه‌گه‌ر که‌سانێک له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌مدا یه‌کنه‌گرنه‌وه‌ به‌لامه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر له‌گه‌ڵ من به‌ڵکو له‌گه‌ڵ هه‌موو ئینسانه‌کاندا ناتەباو درۆزن و دووڕوون، خاوەنی خواستێکی ڕاسته‌قینه‌ نین، به‌ ده‌گمه‌ن بڕیارێکی ڕاسته‌قینه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌ده‌ن، ناکۆکی ده‌روونی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆیانی لێده‌رکه‌یت ژێرخانێکی مه‌عریفی و چاره‌نوسێکی ڕوونیان بۆ ئاینده‌ی که‌سانی دی نییه‌. له‌ناو حه‌زو ئاره‌زوو، له‌ ناو تەماحێکی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا تواونه‌ته‌وه‌. وه‌ک دیارده‌یه‌کی سروشت بۆ ململانێ و تێکچوونی په‌یوه‌ندیه‌کان هاتوونه‌ته‌ ناو ژیانی مرۆڤایه‌تیه‌وه‌، گه‌ر ئه‌وان نه‌بوونایه‌ ڕه‌نگ و قووڵایی گۆمه‌ خوێناویه‌کان کاڵترو ته‌نکتر ده‌بوونه‌وه‌.! به‌ ڕێکه‌وت ده‌که‌ونه‌ ناو کاره‌ساته‌کانه‌وه‌و به‌ڕێکه‌وتیش لێی ده‌رده‌چن. نه‌ ده‌توانن دەستکاری خۆیان بکه‌ن نه‌ ده‌هێڵن ده‌ستکاری بکرێن، هه‌میشه‌ کۆنن و شتی نوێیان لێدروست ناکرێت. مه‌عریفه‌یان، پێگه‌و ئاستی بیرکردنه‌وه‌یان، ئاکارو ئه‌خلاقیان، مانایه‌کی نوێ به‌ من نابه‌خشن، گورگێکی ئاده‌مین و له‌پێستی مه‌ڕێکی مۆدێرنه‌دا ده‌ژین!  ئه‌م که‌سانه‌ شایه‌نی تێکه‌ڵبوونی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر نین. که‌ تابلۆیه‌ک بۆ عه‌شق ده‌کێشن یان شێعرێک بۆ خۆشه‌ویستی ده‌نوسن وا ده‌گاته‌ لام که‌ بڵێن به‌فر ڕه‌شه‌. پێویسته‌ جیایان بکه‌ینه‌وه‌ له‌ خۆمان تا له‌دووڕیانی دووڕوویدا چیتر ژیانێکی گاڵتجاڕی به‌ کۆمه‌ڵگاکه‌مان نه‌به‌خشن.

 

من هه‌موو شتێک و هه‌موو که‌سێک به‌ گه‌زو جاوی ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی خۆم ده‌پێوم.! به‌ دیوێکی دیکه‌ی ڕوانگه‌کانی مه‌ریوانی وریا قانعه‌وه‌ له‌م مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌دوێم:

أ_ هه‌ر هه‌موو: که‌س و هاوڕێی، ڕۆشنبیرو هونه‌رمه‌ند، شه‌ریعه‌ت و یاسا، حکومه‌ت و په‌رله‌مان، حزب و ڕیکخراو، که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندن (بینین و بیستن) هه‌ر ناوێکیان هه‌بێ و له‌هه‌ر ئاستێکدا بن، نه‌ک ته‌نها به‌ ده‌ربڕین به‌ڵکو به‌ فکرو به‌ ئه‌خلاق له‌گه‌ڵ مندا هاوته‌ریب بوون، په‌یڕه‌ویان له‌م هه‌ڵوێستانه‌م کرد، هه‌ر ڕه‌نگێک و هه‌ر ڕه‌گه‌زێک و هه‌ر ته‌مه‌نێکیان هه‌بێت لای من ڕۆشنبیرن، هونه‌رمه‌ندن، ڕابه‌رن، پێغه‌مبه‌رن، فه‌یله‌سوفن، له‌به‌رچاوم گه‌وره‌ن، خۆشمده‌وێن و ڕێزیان لێده‌گرم.

 ب_ هه‌ر که‌سانێکیش له‌گه‌ڵم نه‌گونجان، گه‌ر هه‌زاران کتێبیان خوێندبێته‌وه‌، سه‌دان کتێبیان نوسیبێت، ده‌یان به‌رپرسیارێتیان هه‌ڵگرتبێت، چه‌ندین قاسه‌یان پڕ کردبێت، شایانی ڕێز نین، به‌زۆر تێکه‌ڵی ژیانی من کراون، هه‌تا زووتر لێیان جیاببمه‌وه‌ دره‌نگتر ڕۆژگار ده‌مهاڕێت. بۆنی به‌هه‌شتیان لێ بێت هێڵنجم پێیان دێت، له‌ نزیکبوونه‌وه‌یان بێزاربم، نه‌ ویستوومه‌ بیانبینم و نه‌ حه‌زیش ده‌که‌م بۆ یه‌ک حه‌رفیان گوێبگرم.

 

شێرکۆ بێکه‌س نموونه‌یه‌کی جوانی منه‌، ئه‌و ده‌رباره‌ی ئه‌نفال ده‌ڵێت

 

دنیا به‌ باڵای ئه‌م کۆسته‌ی خۆم ئه‌پێوم

له‌هه‌ر کوێیه‌ک یان هه‌ر که‌سێک فرمێسکێکی بۆ ناردبم

ئه‌یخه‌مه‌ چاوی ڕۆحمه‌وه‌و تا هه‌تایه‌ هه‌ڵیده‌گرم

ئه‌وه‌ی یه‌ک قسه‌ی کردبێت بۆ ئه‌م هۆڵۆکۆستی غه‌دره‌

من سه‌د په‌یڤی خۆشه‌ویستی بۆ ئه‌نێرم

به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوداوه‌ند و پێغه‌مبه‌رو یه‌زدانیش بێت

خۆی لادابێت له‌ بینینم

نه‌ ئه‌یبینم و نه‌ من گوێشی بۆ ڕائه‌گرم

 

ڕێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه 2012-06-14 17:32:00
به‌شی ( وتار/بابه‌ت ) ئاماده‌کرد ( مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی )



وتارێکی, مه‌ریوان, وریا, قانع, له‌په‌یجی, فه‌یسبووکی, خۆی, له‌مه‌ڕ, که‌سایه‌تی, ڕۆشنبیر, سه‌رنجی, ڕاکێشام, هه‌ر, له‌به‌رێ, ویستومه‌, منیش, به‌, مه‌ریوان, هه‌ڵه‌بجه‌ییلای, من, کێ, ڕۆشنبیره‌ Tags





په‌خشی ده‌نگی ئازاد


مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی
زنجیره‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه.
ڕۆژی 08/17/2017
کاتژمێر 21:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
فاتیح محمود احمد چیرۆکێکی تری محمد
ڕۆژی 08/11/2017
کاتژمێر 23:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
مێژوە خوێناویەکەی قورئان و محمد
ڕۆژی 08/09/2017
کاتژمێر 22:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا