مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی : ڕه‌چه‌ڵه‌کی مرۆڤ

ڕه‌چه‌ڵه‌کی مرۆڤایه‌تی و

تێڕوانینێکی سه‌ره‌تایی بۆ چه‌مکی حه‌ڵاڵزاده‌ و حه‌رامزاده‌ له‌ ئیسلامدا

نوسینی : مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی

 

پێش هه‌موو شت داوام له‌ برا موسڵمانه‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ وردی بخوێننه‌وه‌. ته‌نها سێ لاپه‌ڕه‌یه‌و کاتی زۆری بۆ خوێندنه‌وه‌ پێویست نییه‌، هه‌روه‌ها بڕواننه‌ سه‌رچاوه‌که‌ش و به‌باشی هه‌ڵیسه‌نگێنن، به‌م شێوه‌یه‌ش له‌ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌ تێده‌گه‌ن، ئه‌گه‌ر ڕاستیی تێدا بوو سوپاسیان ده‌که‌م که‌ خوێندویانه‌ته‌وه‌، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کیان به‌دی کرد، له‌جیاتی جوێن و سوکایه‌تی و کۆمێنتی ناشرین که‌ سوود به‌ که‌س ناگه‌یه‌نێت، سوپاسی ده‌که‌م گه‌ر له‌ هه‌ڵه‌که‌ ئاگادارم بکه‌نه‌وه‌و به‌ شێوه‌یه‌کی دروستی زانستی بۆم ڕاست بکاته‌وه‌.

زۆر جار پرسیاری ئه‌وه‌ ده‌کرێت ئایا ڕه‌چه‌ڵه‌کی مرۆڤ، به‌ده‌ر له‌ زانست و تیۆره‌ فکری و فه‌لسه‌فی و زاستییه‌کان، که‌ موسڵمانان باوه‌ڕیان پێیان نییه‌، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ کێ و بۆ چی.؟؟ به‌ بۆچوونی ئایینی ئیسلام ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ که‌ی و ده‌که‌وێته‌ کوێی شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه‌.؟ ئایا ئیسلام باسی هیچ شتێکی له‌م باره‌یه‌وه‌ کردووه‌ که‌ زانسته‌کان به‌درۆبخاته‌وه‌.؟؟ کاتێک که‌ بیرمه‌ندان ده‌ڵێن مرۆڤ خزمایه‌تی له‌گه‌ڵ مه‌یموندا هه‌یه‌و به‌رهه‌می گۆڕانکارییه‌ سروشتیه‌کانه‌، ئیسلامیش ئه‌مه‌ به‌ حه‌رام و باسێکی پوچی بێ به‌ڵگه‌ داده‌نێ، ئایا بۆ خۆی باسی هیچ شتێکی له‌م باره‌یه‌وه‌ کردووه‌.؟؟

به‌پێی ئه‌فسانه‌ مێژوویه‌کان، به‌تایبه‌تی ئه‌و حیکایه‌تانه‌ی که‌ له‌ قورئاندا هاتوون و به‌ڕوونی بۆمان باس کراوه‌، کاتێک ئاده‌م و حه‌وا له‌به‌هه‌شت ده‌رکران و گه‌یشتنه‌ سه‌ر زه‌وی و ژیانیان به‌سه‌ر ئه‌برد، حه‌وای دایک به‌یه‌ک سکوزا دوو منداڵی ده‌بوو:

 

كَانَ يُولَد لَهُ فِي كُلّ بَطْن ذَكَر وَأُنْثَى.

له‌ یه‌ک زکوزادا،  نێرو مێیه‌کی ده‌بوو.

 

وه‌ک ده‌بینن سه‌رچاوه‌ی ئه‌م دێڕه‌ی سه‌ره‌وه‌ له‌ ته‌فسیری سوره‌تی المائدة ٢٧-٣٠ی ابن کثیر وه‌رگیراوه‌. ابن کثیریش به‌ باوه‌ڕپێکراوترین و سه‌ره‌کیترین ڕاڤه‌کاری ئیسلام ده‌ژمێردرێت و به‌یه‌که‌م شیکه‌ره‌وه‌ی وردو دروستی قورئان دانراوه‌. له‌ ڕاستیدا هه‌موو ڕاڤه‌کارانی دی (الجلالین، القرطبي، الطبري) له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌م شیکه‌ره‌وانه‌ن که‌ ئێمه‌ له‌م باسه‌دا باسمان کردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ ته‌نها ابن کثیر وه‌ک سه‌رچاوه‌ بۆ ئه‌م باسه‌ وه‌رده‌گرین و هه‌موو سه‌رچاوه‌کانی ئه‌م باسه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و تا موسڵمانان بڕوای پێ بکه‌ن چونکه‌ باوه‌ڕپێکراوترینیانه‌.

له‌سه‌ره‌تاکاندا، وه‌ک قورئان باسی ده‌کات و پاش که‌مێکی تر ئایه‌ته‌کان ده‌خوێنینه‌وه‌، حه‌وای دایک کوڕو کچێکی بووه‌ که‌ به‌ قابیل و خوشکه‌که‌ی ناسراون، هه‌روه‌ها جارێکی دیکه‌ش کوڕو کچێکی تری بووه‌و به‌ هابیل و خوشکه‌که‌ی ناسراون. به‌م شێوه‌یه‌ قابیل برا گه‌وره‌ی سێ که‌س بووه‌، هابیل و دوو خوشک، هه‌روه‌ها هابیلیش برا بچووک بووه‌و دوو خوشکی هه‌بووه‌ که‌ یه‌کێکیان له‌ خۆی گه‌وره‌تر بووه‌. به‌پێی ته‌فسیره‌ به‌ناو بانگه‌که‌ی ابن کثیردا نوسراوه‌: بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌چه‌ڵه‌کیان نه‌فه‌وتێت و نه‌وه‌کان زیادو زۆر بن، یاسای خودای ئیسلام وا بووه‌ که‌ ئه‌م دوو براو دوو خوشکه‌ له‌یه‌کتر ماره‌ بکرێن و ببنه‌ هاوسه‌ری یه‌کتر.!

 

(أَنَّ اللَّه تَعَالَى شَرَعَ لِآدَم عَلَيْهِ السَّلَام أَنْ يُزَوِّج بَنَاته مِنْ بَنِيهِ لِضَرُورَةِ الْحَال)

خوای گه‌وره‌ یاسای بۆ ئاده‌م دانا له‌به‌ر پێویستی بارودۆخه‌که‌ کچه‌کانی بکاته‌ ژنی‌ کوڕه‌کانی.

 

ئه‌و کوڕه‌ی له‌یه‌که‌مجاردا له‌دایکبووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و کچه‌ی که‌ له‌ دووهه‌مجاردا له‌دایکبووه‌، له‌یه‌ک ماره‌ ببڕدرێن، هه‌روه‌ها بۆ کچی یه‌که‌م و کوڕی دووهه‌م به‌هه‌مان شێوه‌، قابیل خوشکه‌ بچووکه‌که‌ی بکاته‌ ژنی خۆی و هابیلیش خوشکه‌ گه‌وره‌که‌ی بکاته‌ ژنی خۆی. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م چواره‌ که‌خوشک و برای یه‌کترن ببنه‌ هاوسه‌ری یه‌کتر. په‌ڕاوه‌کانی ئیسلام هیچ پاساوێکی ئه‌م کاره‌ی بۆ ئێمه‌ ڕوون نه‌کردوه‌ته‌وه‌و نازانین بۆچی ئه‌م خوشک و برایانه‌ی کردووه‌ به‌ ژن و مێردی یه‌کتر.!

کێشه‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ ناچێته‌ پێش، به‌ڵکو خراپتر ده‌بێت، به‌هۆی ئاره‌زووی سێکسه‌وه‌ یه‌که‌م کوشتن له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا ڕووده‌دات و قابیلی برا گه‌وره‌ له‌ بری یه‌ک ژن ده‌بێته‌ خاوه‌نی دوو ژن که‌ هه‌ردووکیان خوشکی خۆین. هه‌وه‌سی سێکس گه‌مه‌ به‌چاره‌نوسی هه‌موویان ده‌کات و بارودۆخه‌که‌ ده‌گۆڕێت. قورئان و سه‌رگوزشته‌ صه‌حیحه‌کانی ئیسلام به‌شێوه‌یه‌ک بۆمان ده‌گێڕنه‌وه‌ که‌ بۆچوونی قابیل وابووه‌ که‌ ئه‌و خوشکه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا له‌دایکبووه‌ زۆر له‌و خوشکه‌ی تری جوانتره‌ که‌ دواتر له‌گه‌ڵ هابیلی برایدا له‌دایک بووه‌، جوانی خوشکه‌که‌ی خۆی وای لێده‌کات که‌ بیربکاته‌وه‌و بڵێت چۆن ده‌بێت ئه‌م خوشکه‌ بچووکه‌ ناشرینه‌که‌ی بکاته‌ ژنی خۆی و خوشکه‌ جوانه‌که‌شی ببێته‌ ژنی براکه‌ی.!؟

 

وَكَانَ قَابِيل أَكْبَرَهُمَا وَكَانَ لَهُ أُخْت أَحْسَنُ مِنْ أُخْت هَابِيل وَإِنَّ هَابِيل طَلَبَ أَنْ يَنْكِح أُخْت قَابِيل فَأَبَى عَلَيْهِ قَالَ هِيَ أُخْتِي وُلِدَتْ مَعِي وَهِيَ أَحْسَنُ مِنْ أُخْتك وَأَنَا أَحَقّ أَنْ أَتَزَوَّج.

قابیل له‌هه‌مویان گه‌وره‌تر بوو، خوشکێکی هه‌بوو له‌ خوشکه‌که‌ی هابیل باشتر بوو، هابیل داوای ئه‌م خوشکه‌ی قابیلی کرد، قابیلیش ڕازی نه‌بوو وتی ئه‌وه‌ خوشکی خۆمه‌و له‌گه‌ڵ خۆمدا له‌دایک بووه‌و له‌ خوشکه‌که‌ی تۆ باشتره‌، به‌ من ڕه‌وا تره‌ که‌ بیکه‌مه‌ ژنی خۆم.

 

ئێمه‌ نازانین چ شتێک وای له‌ قابیل کرد له‌و کاته‌دا جوانی و ناشرینی له‌یه‌ک جیابکاته‌وه‌، چونکه‌ له‌و کاته‌دا، به‌پێی باوه‌ڕی ئیسلام، جگه‌ له‌ خۆیان هیچ مرۆڤێکی دی نه‌ئه‌ژیا، ئاده‌م و حه‌وا یه‌که‌مین که‌س بوون هاتوونه‌ته‌ سه‌ر زه‌وی و هه‌ر خۆیان به‌ته‌نیا بوون، شتێک نه‌بوو بۆ به‌راوردکردنی جوانێک له‌ ناشرینێک، به‌ڵام ئه‌م چیرۆکه‌ دینیه‌ پێمان ده‌ڵێت کێشه‌که‌ له‌سه‌ر جوانی بووه‌و قابیل به‌ره‌وای نه‌بینیوه‌ که‌سێکی وه‌ک هابیل ببێتی مێردی خوشکه‌ جوانه‌که‌ی و حه‌زی کردووه‌ هه‌ردوو خوشکه‌که‌ی ببنه‌ ژنی خۆی. ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ش جگه‌ له‌ خۆیان هیچ نێرینه‌یه‌کی دیکه‌ نییه‌ ئه‌م خوشکانه‌ له‌خۆیان ماره‌ بکه‌ن وه‌چه‌ بخه‌نه‌وه‌.

لێره‌دا کاریگه‌ریی باوک ده‌بێته‌ کارێکی حه‌تمی و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ئاده‌می باوکیان داوا له‌ کوڕه‌کان ئه‌کات که‌ هه‌ریه‌که‌یان قوربانییه‌ك پێشکه‌ش به‌ خودا بکه‌ن، خوداش قوربانی هه‌رکه‌سێکانی قبوڵ کرد ئه‌وا خوشکه‌ جوانه‌که‌ ده‌بێته‌ ژنی ئه‌وه‌یان. ئه‌وانیش وه‌هایان کردو قوربانییه‌کانیان پێشکه‌ش کرد.

 

فَنَزَلَتْ النَّار فَأَكَلَتْ قُرْبَان هَابِيل وَتَرَكَتْ قُرْبَان قَابِيل

ئیتر ئاگرێک له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاته‌ خواره‌وه‌و قوربانیه‌که‌ی هابیلی خواردو وازی له‌ قوربانیه‌که‌ی قابیل هێنا.

 

 به‌م شێوه‌یه‌ خودای ئیسلام قوربانییه‌که‌ی (هابیل)ی په‌سه‌ند کردوه‌و ئه‌وه‌ی قابیلی ڕه‌ت کرده‌وه‌ته‌وه‌.

 

با بزانین قورئان له‌ سوره‌تی المائدة ٢٧-٣٠ چۆن باسی ئه‌م ڕووداوه‌ی کردووه‌:

وَاتْلُ عَلَيْهِمْ نَبَأَ ابْنَيْ آدَمَ بِالْحَقِّ إِذْ قَرَّبَا قُرْبَانًا فَتُقُبِّلَ مِن أَحَدِهِمَا وَلَمْ يُتَقَبَّلْ مِنَ الآخَرِ قَالَ لَأَقْتُلَنَّكَ قَالَ إِنَّمَا يَتَقَبَّلُ اللّهُ مِنَ الْمُتَّقِينَ. لَئِن بَسَطتَ إِلَيَّ يَدَكَ لِتَقْتُلَنِي مَا أَنَاْ بِبَاسِطٍ يَدِيَ إِلَيْكَ لَأَقْتُلَكَ إِنِّي أَخَافُ اللّهَ رَبَّ الْعَالَمِينَ. إِنِّي أُرِيدُ أَن تَبُوءَ بِإِثْمِي وَإِثْمِكَ فَتَكُونَ مِنْ أَصْحَابِ النَّارِ وَذَلِكَ جَزَاء الظَّالِمِينَ.

(ئه‌ی موحه‌ممه‌د) به‌سه‌رهاتی دوو کوڕه‌که‌ی ئاده‌م (قابیل و هابیل) به‌ ڕاستی بۆ خه‌ڵکه‌که‌ بگێڕه‌وه‌، کاتێك هه‌ردووکیان قوربانیان پێشکه‌ش کرد، به‌ڵام قوربانیه‌که‌ له‌ یه‌کێکیان (هابیل) په‌سه‌ند کراو له‌وی تریان (قابیل) په‌سه‌ند نه‌کرا، ئه‌وه‌ی لێی په‌سه‌ند نه‌کرا (قابیل) ڕووی کرده‌ براکه‌ی (هابیل)و پێی گوت ئه‌تکوژم، ئه‌ویش گوتی: من بێ تاوانم و خودا قوربانی له‌ خواپه‌رستان وه‌رده‌گرێ، جا ئه‌گه‌ر ده‌ستدرێژی بکه‌یت بۆ کوشتنم ئه‌وه‌ من ده‌ستدرێژی ناکه‌م بۆ کوشتنت، من بێگومان له‌خودای په‌روه‌ردگاری جیهانیان ده‌ترسم، من ده‌مه‌وێت گوناهی من و گوناهی خۆت بگریته‌ ئه‌ستۆت تا ببیته‌ یه‌کێك له‌ دۆزه‌خیه‌کان، هه‌ر ئه‌وه‌ش سزای سته‌مکارانه.

فَطَوَّعَتْ لَهُ نَفْسُهُ قَتْلَ أَخِيهِ فَقَتَلَهُ.

ئیتر ده‌روونی قابیل هێنای که‌ براکه‌ی خۆی بکوژێت ئه‌وه‌ بوو کوشتی.

 

شێوه‌ی کوشتنه‌که‌شی به‌ دوو جۆر باس کراوه‌، جۆرێکیان ده‌ڵێن به‌ پارچه‌ ئاسنێک کوشتویه‌تی، جۆره‌که‌ی تر ده‌ڵێن که‌ قابیل به‌ردێکی گه‌وره‌ی کێشاوه‌ به‌ هابیلداو مێشکی پان کردوه‌ته‌وه‌.

ئه‌م ئایه‌تانه‌ پێمان ده‌ڵێن که‌ قابیل هابیلی برای خۆی کوشت و به‌م شێوه‌یه‌ هه‌ردوو خوشکه‌که‌ی ده‌بنه‌ ژنی.

قابیل، له‌ ژێر کاریگه‌ری ئاره‌زووه‌کانی سێکس و بۆ دامرکانده‌وه‌ی حه‌ز و پاڵنه‌ره‌ سێکسییه‌کان، براکه‌ی خۆی ده‌کوژێت و له‌گه‌ڵ هه‌ردوو خوشکه‌که‌شیدا سێکس ده‌کات. جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی موسڵمانان باوه‌ڕیان وایه‌ که‌ هه‌موو نه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تی که‌ ئێستا له‌جیهاندا ده‌ژین و ڕێژه‌یان ده‌گاته‌ نزیکه‌ی حه‌وت ملیار، ئه‌وه‌ ئه‌م حه‌وت ملیاره‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئاده‌م و حه‌وا، به‌م شێوه‌یه‌ش ده‌توانین وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ بدۆزینه‌وه‌ که‌ له‌سه‌ره‌تای ئه‌م باسه‌دا نوسیومانن، به‌م پێیه‌ش ڕه‌چه‌ڵه‌کی هه‌موو موسڵمانان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ئه‌م خێزانه‌ که‌ له‌لایه‌که‌وه‌ خوێنڕێژی تێدا کراوه‌و له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ کاری زینای تێدا ئه‌نجام دراوه‌.

جێی سه‌رسوڕمانه‌ که‌ له‌ قورئاندا، سوره‌تی ژنان ئایه‌تی(٢٣)، نوسراوه‌ ماره‌کردن و هاوسه‌رگیری خوشک و برا تاوانێکی گه‌وره‌یه‌و حه‌رامه‌، که‌چی هه‌مان خوای ئیسلام بنه‌مای زیادبوونی مرۆڤایه‌تی بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌م تاوانه‌ گه‌وره‌و حه‌رامه‌.!  تێکه‌ڵبوونی سێکسیانه‌ی نێوان خوشک و برا، که‌ له‌ شه‌رعی ته‌ورات و ئینجیل و قورئانیشدا حه‌رامه‌و له‌به‌رامبه‌ر کارێکی وه‌هادا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک لێخۆشبوونیان نییه‌، که‌چی هه‌مان شه‌رع پشتاوپشت ده‌مانبه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و کرداره‌ ته‌واو حه‌رامه‌.! ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ی که‌ئیسلام دروستی کردووه‌، له‌ لایه‌ن مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ ره‌خنه‌و پرسیارگه‌لێک سه‌ریهه‌ڵداوه‌ که‌ ئاییه‌نکان به‌ گشتی و ئیسلام به‌ تایبه‌تی، نه‌ک ناتوانن وه‌ڵامێکی لۆژیکی بده‌نه‌وه‌، به‌ڵکو ناشتوانن به‌هانه‌یه‌کی میتافیزیکی بۆ بدۆزنه‌وه‌.!

جێی سه‌رنجه‌ گه‌ر بڵێین ئه‌گه‌ر خودای ئیسلام، وه‌ک چۆن ئاده‌م و حه‌وای له‌قوڕ دروست کرد، به‌هه‌مان شێوه‌ش ئاده‌م و حه‌وایه‌کی تری له‌ته‌خته‌ دروست بکردایه‌ تا ئه‌م دوو خێزانه‌ له‌نێوان خۆیاندا هاوسه‌رگیریان بکردایه‌، ئیتر خوشک و برا له‌ یه‌کتر ماره‌ نه‌ده‌کران و له‌سه‌ر ئاره‌زووی سێکیش برا برای نه‌ده‌کوشت.

به‌پێی ئه‌م ئایه‌تانه‌و ته‌فسیره‌کانی خودی ئیسلام که‌ هیچ زیاده‌یه‌کمان نه‌خستوه‌ته‌ سه‌ری، یه‌که‌مین یاسای کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ خوای ئیسلام له‌چاره‌ی مرۆڤایه‌تی نوسیبێتی له‌یه‌کترماره‌بڕینی خوشک و برا بووه‌، واته‌ زیناکردن حه‌ڵاڵ بووه‌، یه‌که‌م کوشتن و خوێنڕژان و براکوژیش له‌سه‌ر غه‌ریزه‌ی سێکس و ته‌ماحی خوشک بووه‌.! جابه‌و پێیه‌ش که‌ کچ و کوڕه‌کانی ئاده‌م و حه‌وا خوشک و برا بوون و بۆ وه‌چه‌خستنه‌وه‌ سێکسیان کردووه‌، که‌واته‌ هه‌رچی مرۆڤێک له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ هه‌یه‌، له‌بنه‌ڕتدا حه‌رامزاده‌ن چونکه‌ وه‌چه‌و زاده‌ی زینان.!

 

 

ڕێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه 2012-05-29 17:40:00
به‌شی ( وتار/بابه‌ت ) ئاماده‌کرد ( نوسینی : مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی )



پێش, هه‌موو, شت, داوام, له‌, برا, موسڵمانه‌کان, ئه‌وه‌یه‌, که‌, ئه‌م, بابه‌ته‌, به‌, وردی, بخوێننه‌وه‌, ته‌نها, سێ, لاپه‌ڕه‌یه‌و, کاتینوسینی, , مه‌ریوان, هه‌ڵه‌بجه‌ییمه‌ریوان, هه‌ڵه‌بجه‌یی, , ڕه‌چه‌ڵه‌کی, مرۆڤ Tags





په‌خشی ده‌نگی ئازاد


مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی
زنجیره‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه.
ڕۆژی 08/17/2017
کاتژمێر 21:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
فاتیح محمود احمد چیرۆکێکی تری محمد
ڕۆژی 08/11/2017
کاتژمێر 23:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
مێژوە خوێناویەکەی قورئان و محمد
ڕۆژی 08/09/2017
کاتژمێر 22:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا