مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی: کاک (براکه‌ی مه‌لا کرێکار) به‌رده‌ گه‌وره‌که‌ت بهاوێژه‌‌

 

کاک خالید ڕه‌نجده‌ر له‌نامه‌که‌یدا، ده‌رباره‌ی کێشه‌ یاساییه‌که‌ی نێوان من و مه‌لا کرێکاری برای، هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزانه‌ ده‌نوسێت:

با لە سکاڵاکەی پەشیمان بێتەوە و تۆبەی لێ بكات بەڵكو خوا ڕەحمی پێ بكات. ئەگەریش پەشیمان نەبوەوە كەس زۆری لەسەری نیە و خۆی دەبێتە ھەڵگری ئەو تاوانە، ھەر خۆی دەبێ وەڵامی خوا و پاشان موسوڵمانان بداته‌وه‌. داوای لێدەكەم داواكەی بكشێنێتەوە، به‌تایبه‌تی مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی، ده‌نا به‌ هۆی خه‌ڵکانێک که‌ ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە ھاوكاری مامۆستا بكەن و (هاوکاریان کردووه‌ بە زانیاری و بەڵگە) مامۆستا كرێكار بەڵگەی گرنگی دەست كەوتوە، خستنە ڕویان لە دادگا نەك ھەر زیان بە كەیسی ئەو دەگەیەنێت، بەڵكو خەڵكانی تریشی تێدا زیانمەند دەبن كە لە ڕێی ئەوانەوە لەم وڵاتە جێگەیان بۆتەوە.

 

کاک خالید ڕه‌نجده‌ر، برای مه‌لا کرێکاره‌و له‌زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری هه‌ڵوێسته‌کانیدا ته‌واو نزیک و یه‌کانگیری ئه‌وه‌. به‌هۆی نزیکبوونه‌وه‌ی ڕۆژی دادگاییکردنی مه‌لا کرێکار له‌ دادگای نه‌رویج له‌سه‌ر سکاڵای چه‌ند که‌سێک که‌ یه‌کێکیان منم، توشی هه‌ڵچوونێکی ده‌روونی بووه‌، له‌ ماڵپه‌ڕی دووربیندا نامه‌یه‌کی گشتی بڵاوکردۆته‌وه‌، هه‌ندێک بابه‌تی وروژاندوه‌و باسی کێشه‌ی یاسایی هه‌ندێک که‌سایه‌تی کردووه‌ له‌به‌رامبه‌ر مه‌لا کرێکارداو تێیدا، بۆ جارێکی تر و به‌ شێوازێکی تر، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ڕاسته‌وخۆ، دوو داوای له‌ من کردووه‌: یان ئه‌وه‌تا له‌ سکاڵاکه‌م په‌شیمان ببمه‌وه‌ یان ئه‌وه‌تا چاوه‌ڕێی دوو ئه‌گه‌ر بم، یه‌کێکیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌شیماننه‌بوونه‌وه‌که‌م وه‌ک تاوان ببینم و خۆم به‌ به‌رپرس بزانم له‌به‌رامبه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌ی خواو موسڵمانان، ئه‌وی تریان ونبوونی چاره‌نوسی خۆم و که‌سانی نزیکمه‌ که‌په‌یوه‌سته‌ به‌ چاره‌نوسی ژیانی یاساییمان له‌ وڵاتی نه‌رویج.

 

کاک خالید له‌و نامه‌یه‌دا كه‌ ڕووی له‌ هه‌موو سکاڵاکه‌رانه‌، به‌ڵام من به‌شه‌که‌ی خۆمم لێوه‌رگرتووه‌، زۆری دیکه‌ی نوسیوه‌و ناکرێت بۆ هه‌ر یه‌کێک له‌ په‌ره‌گرافه‌کانی بۆچوونی خۆمان بخه‌ینه‌ ڕوو، دونیای وتن و نوسین وایه‌و گه‌ر که‌سێک بیه‌وێت و نیازی هه‌بێت که‌هه‌ر وه‌ڵام بداته‌وه‌ یان ڕه‌خنه‌بگرێت ئه‌وه‌ زۆر به‌ئاسانی ده‌توانێت له‌و وتن و نوسینه‌دا بۆشایی بدۆزێته‌وه‌ تا له‌وێوه‌ مه‌رامی خۆی نیشان بکات، من ئه‌مه‌ ناکه‌م به‌ڵام ناچارم بۆ ئه‌م دوو دێڕه‌ی که‌ له‌سه‌راتدا وه‌ک نموونه‌ هێناومه‌ته‌وه‌ وه‌ڵامه‌که‌م چه‌ند لایه‌نێکی جیاواز بکه‌م:

یه‌که‌م له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌:

له‌ ڕوانگه‌ی منه‌وه‌ گله‌یی له‌ کاک خالید ڕه‌نجده‌ر ناکرێت، چونکه‌ که‌سێکی خۆشه‌ویستی ئه‌و، برایه‌کی ئه‌و، ئازیزێکی ئه‌و که‌ مه‌لا کرێکاره‌، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو مافێکی په‌نابه‌ری لێسه‌نراوه‌ته‌وه‌، ئێستاش ناهێڵن به‌ئاسایی له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌که‌یدا بژی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی یاسائامێزی له‌سه‌ره‌ بۆ چاره‌نوسێکی نادیار که‌ هه‌موومان ده‌زانین چییه‌، بۆیه‌ ئه‌و ناڕه‌حه‌ت و ناڕازیه‌، سه‌خڵه‌ته‌ به‌م ده‌رئه‌نجامه‌. له‌م ڕووه‌وه‌ هاوخه‌می خۆم ده‌رده‌بڕم و هیوادارم به‌ ئارامیه‌وه‌ تێیپه‌ڕێنێت، چونکه‌ ئێمه‌ش له‌کات و ساتی خۆیدا ڕوبه‌ڕوی کێشه‌ی یاسایی بوینه‌ته‌وه‌ به‌ڵام نه‌ک وه‌ک مه‌لا کرێکار بۆ ته‌سککردنه‌وه‌ی زیاتری ئازادی به‌ڵکو وه‌ک خه‌باتکارێک بۆ ئازادی له‌ دژی ڕژێمی به‌عس و له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئینسانیه‌ت به‌ برینداری که‌وتینه‌ به‌رده‌ست جه‌للاده‌کانی ئه‌نفال و جگه‌ له‌ ئه‌شکه‌نجه‌و ئیهانه‌کردمان په‌ته‌که‌ش له‌ گه‌ردنمان نزیک بووه‌وه‌، دوای چه‌ندین ساڵمان له‌ زینداندا به‌لێبوردنی گشتی ئازاد کراین، که‌ براکانیشم له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه‌ ده‌ستگیر کراو ساڵانێکیان به‌سه‌ربرد، هه‌مان ئه‌و ناڕه‌حه‌تیه‌م هه‌بوو که‌ ئێستا کاک خالید هه‌یه‌تی، که‌ کاتێک خوشکه‌که‌شم ده‌ستگیرکراو چه‌ندین ساڵی له‌ زینداندا به‌سه‌ر برد دوچاری هه‌مان خه‌م و خه‌فه‌ت بوومه‌وه‌و زیاتریش، بۆیه‌ من هه‌ست به‌ناڕه‌حه‌تی کاک خالید و ده‌وروبه‌ری ده‌که‌م و ئه‌م کێشه‌یه‌ له‌ڕووی ده‌رونیه‌وه‌ ئاسان نییه‌.

به‌ڵام  کێشه‌ی ئێمه‌ کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌ تا به‌ سوڵح و ته‌نازولکردن زینده‌به‌چاڵی بکه‌ین، به‌ڵکو یاساییه‌، ده‌کراو ده‌شیا باسمان له‌ سوڵحی عه‌شایه‌ری بکردایه‌ ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌که‌ په‌یوه‌ندی به‌ که‌سایه‌تی خۆمه‌وه‌ یان په‌یوه‌ندی به‌ بنه‌ماڵه‌یه‌ک یان خێڵه‌که‌مه‌وه‌ هه‌بوایه‌.! به‌داخه‌وه‌م. ئه‌مه‌ په‌یوه‌ندی به‌و ساته‌ وه‌ختانه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌سه‌ر نوسینێکمان له‌ڕۆژنامه‌دا ته‌وریان کێشا به‌سه‌رماندا، له‌سه‌ر شیعرێک سه‌ریان بڕین، له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌گرتنمان له‌ئیسلام و دیفاعکردنمان له‌ئازادی، له‌مینبه‌ری مزگه‌وته‌وه‌ خودی مه‌لا کرێکار فتوای ده‌رکرد له‌هه‌ر شوێنێک ئێمه‌یان بینی فیشه‌کێک بنێن به‌سه‌رمانه‌وه‌. ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی له‌ کوردستانداو له‌سه‌ره‌تای هه‌وڵدانمان بۆ دروستبوونی کیانێکی کوردی، خۆ ئاماده‌کردن و هه‌ڵبژاردن و  دروستبوونی په‌رله‌مان و پێکهێنانی حکومه‌تی هه‌رێم که‌ له‌مێژوودا یه‌که‌م تاقیکردنه‌وه‌ی دیموکراتی بوو، ئا له‌و کاته‌دا، مه‌لا کرێکار، داروالاسلامی له‌ دژی ئێمه‌ی داروالکفر دامه‌زراند و شه‌ڕی دیموکراتی پێ کرد، به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی که ‌له‌لای به‌نده‌یه‌و تا ئێستا چاوی که‌سی نه‌دیوه‌، له‌ساڵی نه‌وه‌ده‌کاندا ئه‌وه‌نده‌ی به‌هۆی ده‌رچوانی مه‌دره‌سه‌ی ئه‌و داروالاسلامه‌ نوسه‌رو ڕه‌خنه‌گرو ئازادیخوازی تیرۆر کراوه‌، ئه‌وه‌نده‌ی موجاهیدانی ئه‌و دارالاسلامه‌ ژنیان سوتاندوه‌و ئیهانه‌یانی کردوون، له‌هیچ ده‌یه‌کی تری مێژووماندا ڕووی نه‌داوه‌.! ئایا‌ ئه‌مه‌ کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌.!؟؟

که‌ ئێوه‌ به‌ ناوی خۆتانه‌وه‌ نا به‌ڵکو به‌ ناوی دین و خواوه‌ قسه‌ ده‌که‌ن و شه‌رع ته‌فسیر ده‌که‌ن و ئایه‌ت ده‌هێننه‌وه‌ وه‌ک پاساوێک بۆ فتوا، ئایا ئه‌مه‌ کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیه‌.!؟؟ ئێوه‌ نه‌ک هه‌ر به‌ کێشه‌ی شه‌خصیتان نه‌زانیوه‌ به‌ڵکو به‌کێشه‌ی کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگاو نه‌ته‌وه‌و نیشتیمان و ئینسانیه‌تیشتان نه‌زانیوه‌و کردوتانه‌ به‌ کێشه‌ی دین و دونیا و قیامه‌ت‌.!! کاتێک ئیسلامگه‌راکان له‌سه‌ر نوسین، هیچی تر نا ته‌نها نوسین، عه‌بدولخالق مه‌عروفیان تیرۆر کرد بۆ که‌س نه‌چوو داوای لێبوردن له‌خانه‌واده‌که‌ی بکات و تۆبه‌و په‌شیمانی بنوێنێت و سوڵحی عه‌شایریان له‌گه‌ڵ بکات.!؟ کامه‌ خێڵ و بنه‌ماڵه‌ بوو ئه‌و هه‌موو کۆمۆنیسته‌ی تیرۆرو شاربه‌ده‌رکرد له‌کاتێکدا ئه‌وان جگه‌ له‌ قه‌ڵه‌م و هاواری ڕێپێوانه‌کانیان خاوه‌نی هیچ جۆره‌ پاره‌و چه‌ک و خه‌نجه‌ر نه‌بوون.؟؟! که‌ نامۆ ویستی تیرۆرم بکات کێ هانی دابوو؟؟ خۆ ئه‌و هاوڕێیه‌کی دێرینی خۆم بوو، چی وای لێ کرد ببێته‌ تیرۆرست و بێت سه‌رم له‌ لاشه‌م جیا بکاته‌وه‌.؟؟ گه‌ر مه‌سه‌له‌که‌ کۆمه‌ڵایه‌تی بوایه‌ ئایا هاوژینی خه‌ڵتانی خوێن ده‌کرد.؟؟! کێ بوون ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر نوسین، هیچی ترنا ته‌نها له‌سه‌ر ئازادی ڕاده‌ربڕین، فتوای کوشتینی منیانداو کۆڵان به‌کۆڵان و شه‌قام به‌شه‌قام ده‌گه‌ڕان به‌شوێنمدا، ئایا له‌سه‌ر کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی بوو؟؟ له‌سه‌ر نوسینه‌کانم سه‌رۆک بنه‌ماڵه‌یه‌ک داری لێم به‌رزکرده‌وه‌ یان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ئازادی راده‌ربڕین بوو و پیاوه‌ ئایینیه‌کان شمشێریان لێ ڕاده‌ته‌کاندم.!؟ تۆ خۆت یه‌کێک بویت له‌و که‌سانه‌ی پێت ناخۆش بوو که‌ هاوڕێ نزیکه‌که‌ت سوکایه‌تیم پێ بکات، به‌ڵام ئه‌و درێژه‌ی پێ داو له‌ ماڵپه‌ڕه‌کانیشدا درۆی دزینی کتێبی بۆ هه‌ڵبه‌ستم و ئێستاش له‌ده‌رکه‌وتنی ڕاستیه‌کاندا عاره‌قه‌ی شه‌رم ده‌تکێنێ، پێت وتبوو‌ ئه‌مه‌ شه‌خصی نییه‌ به‌ڵکو په‌یوه‌ندی به‌ دینه‌که‌مانه‌وه‌ هه‌یه‌!! که‌ مه‌سه‌له‌یه‌ک په‌یوه‌ندی به‌ دینه‌که‌تانه‌وه‌ هه‌بێت چ په‌یوه‌ندیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م کێشه‌یه‌مان پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ تا منیش له‌ سکاڵاکه‌م په‌شیمان ببمه‌وه‌.؟؟ ده‌کرێ ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ بکاو ئێمه‌ بێده‌نگ بین.؟؟ بۆ ئه‌و داوای لێبوردن ده‌کات تا ئێمه‌ش بێده‌نگ بین.؟؟ پێم خۆشه‌ کاک خالید چاوه‌ڕوونیم بداتێ، به‌ڵکو...!!!

 

دووهه‌م: له‌ ڕووی یاساییه‌وه‌.

ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌یان به‌لای منه‌وه‌ هیچ گرنگیه‌کی نییه‌ به‌ڵام بۆ کاک خالیدو براکه‌ی گرنگ بن، چونکه‌ له‌ نوسراوه‌که‌یدا ته‌هدیدی کردووم ئه‌گه‌ر سکاڵاکه‌م نه‌گێڕمه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئه‌وان کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌نامه‌یان ده‌ستکه‌وتووه‌ ده‌بێته‌ هۆی ڕه‌شبوونه‌وه‌ی چاره‌نوسی خۆم و ئه‌وانه‌ی که‌ به‌هۆی منیشه‌وه‌ له‌ نه‌رویج جێیان بۆته‌وه‌، که‌ئه‌مه‌ش له‌که‌مترین حاڵه‌تدا خانه‌واده‌که‌ی خۆم ده‌گرێته‌وه‌.

هه‌موو ئه‌م ته‌هدیده‌ له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ که‌ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر ماڵپه‌ره‌که‌م و ئیمایلم هاک کران و کۆمه‌ڵێک زانیاری من که‌وتنه‌ به‌رده‌ست هاککه‌ره‌که‌، که‌سی هاککه‌ر به‌و زانیاریانه‌ ته‌هدیدی منی پێ کرد، منیش پێمگوت که‌ که‌سێک نیم ته‌هدید بکرێم و نیازی چی هه‌یه‌ با بیکات، ئیتر دوای چه‌ندین نامه‌ی تر که‌زانی وه‌ڵامی ناده‌مه‌وه‌و ته‌هدیده‌کانی به‌هه‌ند وه‌رناگرم ئینجا ناردی بۆ که‌سانی تر، (....) پێش ئه‌وه‌شی بینێرێت خۆمی ئاگادار کرده‌وه‌ که‌ بۆ کێی ده‌نێرێت. ئیتر ئه‌وانه‌ی که‌ زانیاریه‌کانیان پێگه‌یشت، وه‌ک هه‌نارو هه‌رمێ و هه‌نگوین و ئاویان له‌ بیاباندا دۆزیبێته‌وه‌ به‌دیار ئه‌و زانیاریانه‌وه‌ ئه‌بڵه‌ق بوون و ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت ته‌هدیدی منی پێ ده‌که‌ن، له‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ی که‌ به‌لای منه‌وه‌ سووک و بچووکن و بۆی هه‌یه‌ به‌لای کاک خالیده‌وه‌ زه‌به‌لاح بن، له‌ وێنه‌یه‌کی په‌ساپۆرته‌که‌مه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌کات تا ده‌گاته‌ وێنه‌و نامه‌گۆڕینه‌وه‌. بێئاگا له‌وه‌ی که‌ ته‌واوی ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه،‌ هه‌رهه‌مووی، پێش ئه‌وه‌ی بگاته‌ ده‌ست ئه‌وان زانیاریمان هه‌بووه‌ که‌ کێ هاکی کردوین و دواتر چۆن به‌ڵگه‌نامه‌کانی ناردووه‌و که‌ی ناردوونی و بۆ کوێ و کێی ناردوون، هه‌رچی له‌ ئیمایله‌که‌مدا هه‌بووه‌و هه‌رچی ده‌رهێنراوه‌و نێردراوه‌ یه‌ک به‌یه‌کیان به‌فۆتۆگراف و به‌  ڤیدیۆ تۆمار کراون ته‌نانه‌ت به‌رواره‌کانی ناردنیشی. ناوو وێنه‌و زانیاری ته‌واوی ئه‌و که‌سه‌شم لا هه‌یه‌ که‌ به‌و کاره‌ هه‌ڵساوه‌، به‌داخه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپادا نییه‌ به‌ڵکو له‌ کوردستانه‌. بۆیه‌ ده‌ڵێم که‌ وه‌ک چۆن به‌هاککه‌ره‌که‌م ڕاگه‌یاند که‌ بابای ته‌هدید نیم و هه‌ڕه‌شه‌ کارم لێ ناکات، ئێستاش هیچ خه‌مم نییه‌ به‌و هه‌ڕه‌شانه‌.

کاک خالید ڕه‌نجده‌ر له‌چه‌ندین په‌ره‌گرافدا هه‌ڕه‌شه‌ی جددیمان لێ ده‌کات و بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆی بزانێت خۆی و براکه‌ی کرده‌ شه‌ریکی تاوانبارێک. جا ئیتر کامه‌یه‌ دێڕه‌که‌ی؟ ئه‌وه‌ نوسینه‌که‌م له‌ ماڵپه‌ڕه‌که‌ فۆتۆ کردووه‌ هه‌روه‌ها به‌ ڤیدیۆش فلیمداریم کردووه‌و هه‌ڵمگرتوون بۆ شوێن و کاتی خۆی ئه‌گه‌ر پێویستی کرد، هه‌ر له‌ ئێستاشه‌وه‌ ده‌یڵێم که‌ به‌کاریان ناهێنم و ته‌هدیدیان پێ ناکه‌م، چونکه‌ ئه‌مه‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی ئه‌خلاقیه‌و وه‌ک که‌سێکی ماندوو ده‌روون پڕوکێنی بێتاقه‌ت له‌چاره‌نوسی براکه‌ی ته‌ماشای نوسه‌ره‌که‌ی ده‌که‌م و به‌ته‌نها له‌هه‌ڵچونێکی ده‌روونیدا ده‌یبینم و هیچی دیکه‌. ده‌کرا کاک خالید که‌مێک ئارامتر بوایه‌ له‌و نوسینه‌ی و وه‌ک خۆی ده‌ڵێت له‌ بواری کێشه‌که‌دا شاره‌زایی باشی هه‌یه‌ نه‌ده‌بوو ئه‌و ده‌ربڕینانه‌ له‌ نوسینه‌که‌یدا هه‌بوونایه‌.

جا گریمان وا من که‌وتمه‌ ژێر کاریگه‌ری ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌وه‌، ئه‌دی بۆ ئێرنا سولبێرگ چۆن ده‌بێت.؟؟ ئه‌دی بۆ کاک هه‌ڵمه‌ت و کاک به‌ختیار چۆن ده‌بێت.؟؟ خۆ ناکرێت بڵێین به‌ڵگه‌ی ئه‌وانیشتان هه‌یه‌و چاره‌سه‌رێکیش بۆ ئه‌وان ده‌دۆزنه‌وه‌.!!

 

به‌ڕێز کاک خالید

من ده‌زانم به‌م دادگاییه‌ نه‌ کێشه‌که‌ ته‌واو ده‌بێت، نه‌ له‌فتواو هه‌ڕه‌شه‌ی موسڵمانان ڕزگارمان ده‌بێت، نه‌ مه‌لا کرێکاریش له‌ جیهانی ئیسلامی داده‌بڕێت و ئیتر نایه‌ته‌وه‌ ناو ژیانی ئاسایی، نه‌ به‌ ته‌نازولکردنی منیش کێشه‌که‌ خه‌فه‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ ژیانه‌و ده‌بێت ململانێکانمان به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام زۆر گرنگه‌ ئه‌وه‌ بزانین ململانێکانمان له‌سه‌ر ناکۆکیه‌ لاوه‌کیه‌کان نه‌بێت. وه‌ک چۆن موسڵمانان مه‌لا کرێکار به‌ موجاهیدی ئیسلام و پیاوێکی دین و شه‌ڕکه‌رێکی ئازای جیهانی ئیسلامی ده‌زانن، به‌هه‌مان شێوه‌ هه‌ندێک (هه‌ندێک) هه‌ن که‌ ئێمه‌ به‌ ئازادیخوازو قوربانی ده‌زانن.! من وه‌ک براکه‌ت ته‌نها ده‌م نیم به‌ڵکو خۆم به‌یه‌کێک له‌ڕیزی پێشه‌وه‌ی قوربانیه‌کان ده‌زانم و به‌ کردارم، له‌هه‌موو ساتێکدا چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌م  ده‌ستی جه‌للاده‌کان بگاته‌ گه‌ردنم. که‌ی و چۆن.؟؟ له‌ ڕاستیدا نازانم و ناشمه‌وێت بزانم که‌ی ده‌مکوژن و له‌ کوێش ده‌مکوژن.! په‌شیمان بوونه‌وه‌ ئه‌خلاقی من نییه‌و ده‌ستم له‌خۆم شوشتووه‌.

 

ئێمه‌ نوسه‌رین نوسه‌ر، ڕه‌خنه‌گرین ڕه‌خنه‌گر، شتێک هه‌یه‌ پێی ده‌گوترێت موعاشه‌ره‌، پێمانخۆشه‌ هه‌ندێک کاتی خۆتان له‌گه‌ڵ ژیانی ئێمه‌دا بگوزه‌رێنن تا لێمان تێبگه‌ن و بزانن و به‌چاوی خۆتان ببینن چه‌ک و ئه‌سڵه‌حه‌کانی ئێمه‌، چه‌قۆو شمشێره‌کانی ئێمه‌، تلیاک و تی ئێن تیه‌کانی ئێمه‌ له‌ کاغه‌زو قه‌ڵه‌م زیاتر نییه‌و زیاتریش نابێت چونکه‌ ململانێی ئێمه‌ ململانێیه‌کی فکریه‌ نه‌ک شتی تر. وه‌رن له‌گه‌ڵمان بژین و بزانن مابه‌ستمان له‌ ئازادی چۆنه‌و چۆن لێی تێگه‌یشتووین، به‌وه‌ پێوانه‌ ناکرێت که‌سه‌رده‌مانی زوو ئه‌و بابه‌تانه‌ قبوڵ نه‌کراوبوون.!! عه‌بدولخالق تیرۆرکرا به‌ڵام نوسینه‌کانی بونه‌ته‌ سومبولێک بۆ نوسه‌ره‌ ئازاکان.! حه‌لاج په‌لپه‌ل کرا به‌ڵام بیرۆکه‌کانی بوونه‌ سومبول بۆ سۆفیه‌ ئاقڵه‌کان، ئه‌وانه‌ی تائێستاش توندوتیژن به‌رامبه‌ر به‌ئازادی ڕاده‌ربڕین بێئاگان له‌وه‌ی گالیلۆش بۆ هه‌مان مه‌به‌ست په‌لکێشی دادگا کراو هه‌ڕه‌شه‌یان لێ کرد گه‌ر له‌و بیردۆزه‌ی په‌شیمان نه‌بێته‌وه‌ که‌ گوتبوی (زه‌وی به‌ ده‌وری خۆردا ده‌سوڕێته‌وه‌) ئه‌وا له‌سێداره‌ی ده‌ده‌ن، ئه‌ویش په‌شیمانی خۆی ڕاگه‌یاند. ئه‌و کات ئه‌نستیوته‌ دینییه‌کان په‌شیمانبوونه‌وه‌ی گالیلۆیان به‌سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی خۆیان زانی، زۆر له‌وه‌ بێئاگاتر بوون له‌وه‌ی که‌ بیردۆزه‌که‌ی ئه‌و داهێنانێکی زانستییه‌و زانست و فکرو مه‌عریفه‌ش به‌ تیرۆرو تۆقاندن له‌ناوناچن و ناشاردرێنه‌وه‌. ئه‌وه‌تا زه‌وی، به‌پێچه‌وانه‌ی خواستی ئاینگه‌راکان خڕه‌و به‌ده‌وری خۆریشدا ده‌سوڕێته‌وه‌. ڕه‌نگه‌ ڕۆژێک له‌ ڕۆژان هێزی ماسولکه‌و باڵاده‌ستیی ئیسلامگه‌راکان له‌فرسه‌تێکی چاوه‌ڕواننه‌کراودا بگاته‌ گه‌ردنم، ڕه‌نگه‌ وام لێ بکه‌ن بپاڕێمه‌وه‌و بگریم و بڵاڵێمه‌وه‌ که‌سه‌رم نه‌بڕن، ئینجا به‌کامێرایه‌کی شه‌ق و شڕی ڤیدۆیی وێنه‌ی سه‌ربڕینه‌که‌م تۆماربکه‌ن و به‌ تیغی مێژوویان بمکه‌نه‌ قوربانی، وه‌لێ ئه‌مه‌ کارناکاته‌ ناوه‌ڕۆکی کتێبه‌که‌، تازه‌ نوسرا، ڕۆی، له‌ده‌ستچوو، خوێندرایه‌وه‌و بووه‌ به‌شێک له‌ئه‌رشیفی کوردی. ئه‌وه‌ی نوسیومه‌ حه‌قیقه‌تێکی زانستی و مێژوویی هه‌یه‌و په‌یوه‌ندی به‌په‌شیمانی و سه‌ربڕینه‌وه‌ نییه‌. به‌شمشێرو کوته‌ک، به‌فتواو دادگای شه‌رعی، به‌خۆپێشاندان، به‌کۆکردنه‌وه‌و سوتاندن، به‌تیرۆرو تۆقان، هیچ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زانستی له‌ناوناچێت.

 

ڕێکه‌وتی بڵاوکردنه‌وه 2012-02-09 11:24:00
به‌شی ( مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی ) ئاماده‌کرد ( مه‌ریوان هه‌ڵه‌بجه‌یی )



کاک, خالید, ڕه‌نجده‌ر, له‌نامه‌که‌یدا, ده‌رباره‌ی, کێشه‌, یاساییه‌که‌ی, نێوان, من, و, مه‌لا, کرێکاری, برای, هه‌ڕه‌شه‌, ئامێزانه‌, ده‌نوسێتمه‌ریوان, هه‌ڵه‌بجه‌ییمه‌ریوان, هه‌ڵه‌بجه‌یی, کاک, براکه‌ی, مه‌لا, کرێکار, به‌رده‌, گه‌وره‌که‌ت, بهاوێژه‌‌ Tags





په‌خشی ده‌نگی ئازاد


مه‌ریوان هه‌له‌بجه‌یی
زنجیره‌ به‌رنامه‌ی ئاوێنه.
ڕۆژی 08/17/2017
کاتژمێر 21:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
فاتیح محمود احمد چیرۆکێکی تری محمد
ڕۆژی 08/11/2017
کاتژمێر 23:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا
فاتیح محمود احمد
مێژوە خوێناویەکەی قورئان و محمد
ڕۆژی 08/09/2017
کاتژمێر 22:00 ناوه‌ڕاستی ئه‌وروپا